ئامانجی سەردانی شاندەكەی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان

عیراق

25/07/2019‌ 684 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شاندی حكومەتی عێراق، بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی دوو پرسی سەرەكییەوە سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە، كە ئەوانیش بریتین لەپرسی ئابووری و ئەمنی.

شەوی ڕابردوو، شاندێكی باڵای حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆكوەزیران بۆ كاروباری ئابووری و وەزیری نەوتی عێراق، سامر غەزبان و جێگری سەرۆكوەزیران بۆ كاروباری وزە و فالح فەیاز، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی و ئەبو جیهاد هاشمی بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆكوەزیران گەیشتنە هەرێمی كوردستانx بڕیارە ئەمڕۆ دیدار لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان ئەنجام بدەن.

لەو بارەیەوە، ڤیان سەبری، سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بۆ پێگەی فەرمی حیزبەكەی رایگەیاند، دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا سەرۆكی هەرێمی كوردستان‌و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدایان كرد، بڕیار درا، كە چەند لیژنەیەكی هونەری بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا دروست بكرێن و هاتنی شاندی حكوومەتی عێراقیش لەو چوارچێوەدایە.

سەبری رایگەیاند، مەبەست لە هاتنی ئەو شاندەی حكومەتی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان، بۆ گفتوگۆكردنە لەبارەی دوو پرسی سەرەكییەوە لەگەڵ هەرێمی كوردستان، ئەوانیش پرسی ئابووری و ئەمنین، بۆیە ئەندامانی شاندی حكومەتی عێراق تایبەتمەندن بە هەردوو بوارەكە.

هـ ـ ح