زانــاكــان دەڵــێــن ئـــەوكــاتــەی حــەزت لــەگــریــان بــوو بــگــری

تەندروستی

27/07/2019‌ 400 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
زاناكان دەڵێن هەركاتێك مرۆڤ حەزی لەگریان بوو، ئەوە واباشترە بگری، چونكە رێگری لە هاتنەخوارەوەی فرمێسكەكان زیانی هەیە ، لەبەر ئەوەی ئەوە ئاماژەیەكە بەوەی دەروون پێویستی بەلاواندنەوەیە.

گۆڤاری Emotion لێكۆڵینەوەیەكی بڵاوكردووەتەوە لەسەر كاریگەری گریان لەسەر جەستە، كە زاناكانی زانكۆی كوینزلاندی ئوسترالی‌و زانكۆی تیلەربۆرگی هۆڵەندی بڵاویانكردووەتەوە ، تێیدا دەركەوتووە گریان لەسەر ئاستی فسیۆلۆجی سوودی زۆرە بۆ جەستە .

لەتاقیكردنەوە زانستییەكەدا ١٩٧ ژن بەشداریان كردووە، بەشێوەیەك چەند دیمەنێكی ڤیدیۆیی سۆزداری و خەماوی جیاواز جیاوازیان پیشاندراوە ، لەو ماوەیەشدا توێژەرەكان هەستاون بەتۆماركردنی ئاماژەكانی كاری دڵ و تێكڕای هەناسەدان و تەركیزی هۆرمۆنی شەكەتی"كۆرتیزۆل" لەناو لیكدا .

توێژەرەكان بۆیان دەركەوتووە، كە ئەو ئافرەتانەی لەكاتی بینینی دیمەنە خەماوی و سۆزدارییەكان رێگریان لە گریانیان دەكرد هەناسەدان و تێكڕای لێدانی دڵیان زیادیدەكرد ، هەروەك تەركیزی هۆرمۆنی كۆرتیزۆل لەناو لیكیاندا بەرزدەبووەوە ، بەواتایەكی تر سەرەرای ئەوەی نیشانەكانی كاریگەربوون بە دیمەنەكان لەسەر رووخساریان دەرنەدەكەوت، بەڵام تووشی شڵەژانێكی دەروونی زیانبەخش بە دڵ و بۆرییەكانی خوێن بوون ، ئەوانەی دەستیان بەگریان كرد هەموو ئەو ئاماژانەی پێشووتر ئاسایی بوون.

بەپشتبەستن بەو ئەزموونەی سەرەوە ، زاناكان ئاماژەیان بۆ ئەوە كردووە، گریان كۆنترۆڵی جەستە بەسەر هاندەرە سۆزدارییەكان باش دەكات و لەئاكامە خراپەكانی ئەو لێكەوتنانەی دوور دەخاتەوە ، واتا ریگری لێدەكات لەوەی بە نەرێنی كار لە ئەندام و كۆئەندامەكانی جەستە بكات .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی