حــكومــەتی تــوركــیــا كــاری ســیــخــوڕی بــە دبـلــۆمــاتكــارەكــانی دەكــات

جیهان

28/07/2019‌ 1189 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕژێمی توركیا لە دەرئەنجامی هەڵگەڕانەوە سەربازییەكی یۆلیۆی 2016 كردەیەكی پاكتاوكردن و گۆڕانكاری فراونی سەراپاگیری لەسەرجەم دامەزراوە حكومییەكان و باڵوێز و كونسوڵگەرییەكان  ئەنجامدا. 

بەپێی سەرچاوەكانیش، كاری دبلۆماتكارە تازەكانیش هەر ئەنجامدان ئەركەكانیان نەبوو، بەڵكو ڕێنمایی تایبەتیان لە لایەن دەزگا هەواڵگرییە نیشتمانییەكانەوە پێدراوە بۆ ئەنجامدانی كردەی سیخوڕی ورد لە هەموو لایەكی جیهاندا دژ بە بەرهەڵستكارانی ڕژێمەكەیان لە لایەنگرانی فەتحوڵا گولەن و ئەوانی دیكە.
 
چەند بەڵگەنامەیەكی نهێنی، كە دەست پێگەی‌ "نۆردیك مۆنیتۆر" ی سویدی پسپۆر لە كاروباری هەواڵگری كەوتوون، ئەوەیان ئاشكرا كردووە دبلۆماتكارە توركەكان لە چەند باڵوێزخانە و كونسوڵخانەكانی وڵاتەكەیان لە چەند وڵاتێكدا، سیخوڕیان بەسەر ئەوانەدا كردووە ڕەخنە لە حكومەت توركیا و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەگرن.

پێگەكە، كە چەند دیكۆمێنتێك نهێنی بڵاوكردوونەوە،‌ ئاماژەی‌ بەوە داوە،  دبلۆماتكارە توركەكان ئەو كارەیان دژ بە لانەگرانی فەتحوڵا گولەن كردووەـ كە ئەنقەرە پێوایە تەگبیرسازی هەڵگەڕانەوه ‌سەربازییەكە ساڵی 2016 یە.

 ئەم هەنگاوە هەڵایەكی زۆری لە جیهان و تایبەتریش لە دەوڵەتانی ئەوروپی نایەوە، بۆیە چەند دەوڵەتێك دەستیانكردووە بە لێكۆڵینەوە ‌ لە دبلۆماتكارە توركەكانـ بۆ نموونە لە سویسرا داواكارانی گشتی لێكۆڵینەوەیەكی تاوانكارییان دەستپێكرد و  یاداشت گرتنیشیان بۆ دوو بەرپرسی باڵوێزخانە توركیا دەركردووه،‌ بەوەی‌ هەوڵی ڕفاندنی بزنسمانێكی سویسری – توركی دژ بە ئەردۆغانیان داوە.

بەپێی پێگەكە، پیشتریش ئەو كارە سیخورییانە كراون، بەڵام دوای هەڵگەڕانە سەربازییەكەی ساڵی 2016 بە ڕێژەیەكی بەرچاو بەرزبوونەوە. مێژووی یەكێك لەو دیكۆمێنتانە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵ 2019 كە "ئەردۆغان كارتاڵ" ی جێگری سەرۆكی بەشی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ی پۆلیسی نیشتمانی توركی واژۆی كردووە، دیكۆمینتەكە تایبەتە بە چالاكییەكی سیخوڕی دژ بەوانەی لە سەر خاكی جۆرجیا دژ بە ڕژێمەكەی ئەنقەرەن.

دیكۆمێنتەكە ئاماژە بەوەش دەكات، كە بەرپرسە تایبەتمەندەكان لە باڵوێزخانەكان لەژێر ناوی ڕاوێژكار و پاشكۆی سەربازی كار دەكەن و ڕێنماییان لە دەزگای هەواڵگری نیشتمانی توركییەوە بۆچووە كە كردەی سیخوڕی ئەنجام بدەن، بە گوێڕەی فەرمانێكی ئەنجومەن وەزیرانی توركیا كە لە فبرایەری 2018 بڵاوكراوەتەوە، ڕاوێژكاری تازە لە 71 دەوڵەتدا بۆ نێردە دبلۆماسییەكانی توركیا دانراوەن. 

هەر بە گوێرەی بەڵگەنامەكانی پێگە سویدییەكە، وەزارەتی دەرەوەی توركیا لیستێكی دوور و درێژی سەبارەت بەو قەوارە بیانییانە بڵاوكردۆتەوە كە پێویستە سێرەیان لێبگیرێت. ئەو دەوڵەتانەش كە لە لایەن باڵوێزخانەكانی توركیاوە كردەی سیخوڕییان تێدا ئەنجامدراوە وڵاتەكانی "ئەڵمانیا و فەڕەنسا و ئەلبانیا و نەمسا و بەلجیكا و بۆسنەو هەرسك و بولگاریا و كۆماری تشیك و دانیماڕك و فنلەندا و كڕواتیا و هۆڵەندا و بەریتانیا و سوید و كۆسڤۆ و لاتڤیا و لیتوانیا و لۆكسمبۆڕگ و و مەجەڕ و مەقدۆنیا و مۆڵداڤیا و نەرویج و پورتوگال ڕۆمانیا و سلۆڤینیا و سڕبیا و ئۆكڕانیا" ی گرتۆتەوە.

پێگەی نۆردیك باسی لەوەش كردووە، كردەی سیخوڕییەكە دژ بە لایەنگرانی گولەن ئەمریكاشی گرتۆتەوە كە دبلۆماتكارە توركەكانی باڵوێزخانە و كونسوڵگەرییەكان لە واشنتۆن و شارەكانی دیكە، زانیارییان دەربارەی چالاكی ئەو كۆمەڵەیە و ئەوانە ڕەخنە لە ئەردۆغان دەگرن كۆكردۆتەوە و زۆر بە ووردیش ئەو كارەیان كردووە، وەك ئەوەی بەدوای تاوانبارانەوەبن هەروەك "عەبدوڵا بۆزخرت" ی نووسەری پێگەكە وتوویەتی.

بۆزخرت دەڵێت: ئەردۆغان ئەو ڕاپۆرتە هەواڵگرییانەی قۆزتوونەوە و بە هۆیەوە لە 3 ساڵی ڕابردوودا نیو ملیۆن هاووڵاتی بە تۆمەتی هەڵبەستراو ‌دەستگیركراون كە دیارترینیان تۆمەتی تیرۆرە. 

بەڵگەنامەكە ئاماژەی بەوەش داوە كە لە واشنتۆن و نیویۆڕك و بۆستن و شیكاغۆ، نێردە دبلۆماسییەكانی توركیا ئەم سیخوڕییەیان ئەنجام داوە. بە گوێرەی بەڵگەنامەیەكی دادگای تاوانكاری باڵای توركیا كە 16 ی یەنایەری 2019 ، وەزارەتی دەرەوەی توركیا لیستێكی ئەو قەوارانەی ڕێكخستووە كە نەیارانی گولەن و جوڵانەوەكەی موڵكدارییان دەكەن.

پێگە هەروەها ئاشكرایكردووە، دبلۆماتكارە توركەكان سیخوڕییان بەسەر قوتابخانە و كۆمپانیا و ڕێكخراوی ناحكومی و قازانجنەویست و دامەزراوەكانی نیویۆڕك و واشنتۆن و جۆرجیا و پنسلڤانیا و تكساس  شیگاگۆ وە كردووە. لەوانەش "قوتابخانەی‌ بڕۆكلین ئومیتی، كۆمەڵەی بەلقانی ئەمریكییەكان، دامەزراوەی ویلسبرینگی ڕۆشنبیری، زانكۆی ستانفۆڕد،دامەزراوەی نیگارایی ڕۆشنبیری، كۆڕبەندی ڕۆمی و سەنتەری ڕیتریت، ڕێكخراوی ڕیسبیكت و سونتەری لیهای ڕۆشنبیری" لەو‌ دەزگایانەن كە سیخوڕییان بەسەرەوە كراوە.

هەر بەپێی پێگەكە، لەسەر داوای ئیدارەی بەرەنگاربوونەوەی بەقاچاخبردن و تاوان ڕێكخراوی سەر بە پۆلیسی توركی، سیخوڕی بەسەر ئاوارە توركەكانیشەوە كراوە و بە شێوەیەكی نایاسایی زانیاریان لەسەر كۆكراوەتەوە. بە گوێرەی یاسای توركیاش ئەو دەزگایە هەژ‌موونی بەسەر دەرەوەی توركیادا ناشكێت و مافی ئەوەش نییە سیخوڕی بەسەر هاووڵاتییانی دەوڵەتە بیانییەكانەوە‌ بكات.

پێگەكە ئەوەی ڕوونكردووەتەوە، كە چۆن بەرپرسانی باڵوێزخانە و كونسولگەرییەكانی توركیا بە شێوەیك ڕێكخراو لەكار سیخوڕییەوە ‌گلاوان لە 92 دەوڵەتدا كە سریلانكا و دەوڵەتانی باشووری ئاسیاشی تێدایە.

سەرچاوە: عەرەب
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر