ئەمریكا تووشی ئەو نەخۆشییە بووە كە یەكێتی سۆڤییەتی رووخاند

جیهان

31/07/2019‌ 1802 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
"ئەو كێشانە لەئەمریكا سەرهەڵدەدات، كە بووە هۆی هەرەسهێنانی یەكێتی سۆڤییەت"، ناونیشانی راپۆرتێكی (ئەرتیوم فیلیبوف)ە، كە لەگۆڤاری (فزغیلاد) بڵاوبووەتەوە، تێیدا پێشبینی هەرەسهێنانی ئەمریكا دەكات.

بەپێی راپۆرتەكە، گۆڤاری بەناوبانگی Foreign Policy  وتارێكی بەناونیشانی (رێگا ئەمریكا رووەو لە دەستدانی پێگە) بڵاوكردووەتەوە، دەقەكەی باسی لە پاشەكشەی هێزی گەشەسەندوی ئەمریكا دەكات، كە لەگەڵ ترامپدا دەستیپێنەكردووە، بەڵكو بەشێوەیەكی بەرچاو بەشدار بووە لەو پرۆسەیدا بەهۆی سیاسەتە نەگونجاو و بێ هەماهەنگییەكانی.

سیاسەتی دەرەوە لەناوخۆدا پارچە پارچەیە، ئەمریكا هێزە گەشەسەندووەكەی لە دەست دەدات، پاشان شوێنی جیۆ سیاسییەكەی، ئەمە نەك بەهۆی ئاڵینگارییەكانی روسیاو چینەوە، بەڵكو بەهۆی كێشەكانی ناوخۆوە. 

ئیمپراتۆریەتی ئەمریكا واز لە دوو بەها بنەڕەتییەكەی (خێزان و ئایین) دەهێنێت، پاشان دامەزراوە كلاسیكییەكان (سوپا) دەچێتە نێو ئالۆزیەكانەوە، هێزە چەكدارەكانی ئەمریكا (وەك پۆلیس و ئاگركوژێنەوە) پێگەیەكی بەرچاویان هەیە لە كۆمەڵگەدا، بەڵام كێشەكە ئەوەیە سوپای ئەمریكا وەك پێدەچێ لەوە تێناگات بۆچی لە دەیان كێشەدا تێوەگلاوەو لە جیهاندا شەڕ دەكات.

یەكێتی سۆڤییەت یەكێك بوو لە ئیمپراتۆریەتەكانی مێژووی مرۆڤایەتی، شكستهێنانەكەی تەنیا بە هۆی دابەزینی نرخی نەوت و نزیك بوونەوەی ئەمریكا و چین و جەنگی ئەفغانستان و گەشەسەندنی ململانێی نەتەوایەتی لە كۆمارەكانی سۆڤیەتدا نەبوو، بەڵكو پێش هەموو شتێك بەهۆی تێكدانی ئەو بیرۆكەیەوە بوو، كە رژێمی یەكێتی سۆڤییەت بانگەشەی بۆ دەكرد.

ئەندامەكانی كومسومول بێزاربووبوون لەكۆبوونەوەی ئایدۆلۆجی تاقەت پرۆكێن، كرێكارەكانی بەرهەمهێنان و فەرمانبەرەكانی وەزارەتی بازرگانی و دەرەوە رووەو ژیانی رۆژئاوایی دەرۆیشتن و پەرەیان پێ دەدا، پێویستیان بە رژێمی سۆڤییەتی نەمابوو وەك ملیۆنان هاووڵاتی تری سۆڤییەتی، ئەگەر بێت و ئەو ئیمپراتۆریەتە زەبەلاحە لە ماوەی چەند ساڵێكی كەمدا پارچە پارچە بێت، بە هەمان شێوە، شارستانییەتی ئەمریكا، كە وردە وردە بەهاكەی لەدەست دەدات، هەرەشەی ئەوەی لەسەرە هەژمونەكەی پاشەكشە بكات.

گۆڤارەكە راستی وتووە، كاتێك دەربارەی هەژموونی ئەمریكی نووسیویەتی: ساڵی 2018 ، 30% ی ئەوانەی راپرسی لە جیهاندا دەیگرتنەوە هەڵوێستێكی پۆزەتیڤیان دەربارەی ئەمریكا هەبووە لەژێر دەستی ترامپدا. 

پێش ئەوەو لە ماوەی چەند ساڵێكی كەمدا ئەم رێژەیە 50% بوو، ئەمریكییەكان خۆیان واز لەو بەهایانە دێنن، كە سەركەوتنی بۆ فەراهەم كردن، دووریشە ئەو هێڵە كاریگەریەی ئەمریكا لەسەر جیهان هەیەتی درێژە بكێشێ، هەتا لەگەڵ دەركەوتنی سیاسیەكی دیموكراتیشدا لە كۆشكی سپی.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا

بەپەلە