حكومەتی عێراق پارەی جووتیارانی هەرێم بە دوو بەش رەوانە دەكات

عیراق

01/08/2019‌ 1702 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بریارە وەزارەتى بازرگانى عێراق بەم نزیکانە شایستە داراییەکانى جوتیارانى هەرێمى کوردستان رەوانە بکات.

بەشدار حەسەن پارێزەرى خۆبەخشى جوتیارانى هەرێم بەشارپرێسى راگەیاند، هەفتەى رابردوو لەگەڵ فراکسیۆنى گۆڕان سەردانى عادل عەبدولمەهدى سەرۆک وەزیرانمان کردو کێشەکانى جوتیارانمان تێگەیاند، ئەویش داواى لە وەزیرى بازرگانى کرد راپۆرتێکى تێروتەسەلی لەبارەى کێشەکانى جوتیارانى هەرێمەوە بۆ ئامادە بکات.

 

ئاماژەى بەوەشکرد، ئەمرۆ پێنج شەممە لەگەڵ یوسف محەمەد سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان سەردانى وەزیرى بارزگانى عێراقیان کردوەو وەزیرى بازرگانى پێى راگەیاندون کە لەسەر داواى سەرۆک وەزیرانى راپۆرتێک ئامادە دەکەن کە داواکارى جوتیارانى هەرێمى لەخۆى گرتوە.

 

بەشدار حەسەن وتیشى، چەند خالێکى گرنگ هەبوو تایبەت بە جوتیاران و شایستە داراییەکانیان پێشکەشى وەزیرى بازرگانیمان کرد.

 

سەبارەت بە شایستە داراییەکانى جوتیارانیش ناوبراو رایگەیاند، وەزیرى بارزگانى وتوویەتى لەئێستادا ٥٠٠ ملیۆن دیناریان حازرەو بەم نزیکانە رەوانەى دەکەن باقیەکەى تریشى  کە نزیکەى ٥٥ ملیار دینار دەبێت لە داهاتوودا رەوانەى دەکەن.

 

هەروەها پارێزەرەکەى جوتیارانى هەرێم باسى لەوەکرد، وەزیرى بازرگانى راگەیاندوە کە تەواوى هەردوو بەشەکەى پارەى جوتیاران بە رەزامەندى سەرۆک وەزیران خەرج دەکرێت و بریارى لەبارەوە دەدرێت.

س.هـ

بەپەلە