"ئاڤاتار".. داهێنانێك بۆ ئاشكراكردنی درۆ لەفڕۆكەخانەكاندا

هەمەڕەنگ

05/08/2019‌ 618 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كۆمەڵە تویژەرێك خەریكی بەبازاركردنی ئامیرێكی ئاشكراكردنی درۆن، كە بەتەكنەلۆژیا كار دەكات و ئومێد دەكەن ببێتە ئامیرێكی سەرەكی بۆ پاراستنی ئاسایشی فرۆكەخانەكان لەسەرانسەری جیهاندا .

بەگوێرەی راپۆرتی رۆژنامەی "فایننشاڵ تایمز"ی بەریتانی ، ئامێرە تازەكە ناوی "ئاڤاتار"ی لێنراوە ، لەلایەن كۆمپانیای تەكنیكی تازە گەشەكردووی "دیسیرن ساینس"وە دیزاین كراوە .

ئامێرەكە بەجۆرێك كار دەكات، كە لە فرۆكەخانەكان و دەروازە سنوورییەكان پرسیار لەگەشتیاران دەكات ، دواتر بەوردی پەرچەكرداری مرۆڤەكان وەك خوێندنەوەی دەم و چاو و تۆنی دەنگ و شێوەی قسەكردنەكان شی دەكاتەوە و دواتر بڕیار دەدات ئایا كەسەكە راست دەكات یان نا . 
ئامێرەكە بۆ ئەوە درووستكراوە، كە پرۆسەی پشكنین لە فرۆكەخانە و دەروازە سنوورییەكان چالاكتر بێت و بەشیوەیەكی وردتر لە رێگا كلاسیكییەكان رووبەرووی ئەو كەسانە ببنەوە، كە نیازی مەترسیداریان هەیە .

ئاڤاتار چەند رەنگێكی وەك سوور ، سەوز بۆ پۆلێنكردنی گەشتیاران بەكاردەهێنێت، ئەو كەسانەی بەپێی هەڵسەنگاندنی ئامێرەكە رەنگی سەوزیان پێ دەدرێت دەتوانن تێپەڕن بێ ئەوەی لێكۆڵینەوەی زیاتریان لەگەڵ بكرێت ، بەڵام ئەوانەی رەنگی سوور وەردەگرن ، لەلایەن پاسەوانەكانەوە لێكۆڵینەوەی زیاتریان لەگەڵ دەكرێت.

ئێستا دواین گۆرانكاری لەداڕشتنی پرسیارەكان و پێشبینی وەڵامەكان دەكرێت ، ئەوانەی سەرپەرشتی ئەو ئامێرە دەكەن دەڵێن وردی پێكانی ئامێرەكە لەنێوان ٨٠% بۆ ٨٥% دایە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی