هەوڵەكان بۆ دادگایكردنی پەرلەمانتارو وەزیرە گەندەڵەكان چڕكراوەتەوە

عیراق

06/08/2019‌ 640 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: میدیاكان
ئامادەكردن‌و وەرگێڕان: لوقمان حاجی قادر

پێگەی مەداپرێس بڵاویكردەوە
پەرلەمانتارانی عێراق ناوی هاوڕێكانیان لە ئەنجوومەنەكە بە نهێنی تاوتوی دەكەن، كە ئەگەری ئەوە هەیە پارێزبەندییان لەسەر هەڵگیرێت، تاو ڕێوشوێنی یاساییان لە دژ بگیرێتەبەر.

لە داڵانەكانی پەرلەمان باس لە ناوی 4 وەزیر دەكرێت، كە ئەوانیش بریتین لە (محەمەد دەڕاجی وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن، قاسم فەهداوی وەزیری كارەبا، محەمەد تەمیمی وەزیری پەروەردە، كازم فنجانی وەزیری گواستنەوە) بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەریان، كە پێشتر پەرلەمانتاریش بوون.

ناوەندە پەرلەمانییەكان دەڵێن: دوا بەیاننامەی دەزگای دادوەری باسی لەوە كردووە، كە  لیستێكی بۆ پەرلەمانی عێراق ناردووەو پێویستە پارێزبەندییان لەسەر هەڵگیرێت، ئەمەش سەرۆكی پەرلەمانی تووشی ڕووگیری كردووە، دەشوترێت لە گەڕی ئایندەی دانیشتنەكانی پەرلەماندا ئەو پرسە تاوتوێدەكرێت.

لەئێستادا تۆمەتەكان دژ بە 21 پەرلەمانتارن و بەشێكیان پەیوەستن بەپرسەكانی گەندەڵی دارایی و كارگێڕی، بەشەكەی دیكەیان تۆمەت دژ بەئەو پەرلەمانتارانەی تۆمەتبارن بەلاگیری بۆ گروپە چەكدارەكان، بەشی سێییەمیان پەیوەستە بەپرسەكانی ناكۆكی و ململانێی هۆزگەرایی.

عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەز‌یران لە مانگی تەمموز فرمانی دەستگیركردنی بۆ 11 وەزیر، یان پۆستی هاوتای وەزیر دەركردبوو، ئەوەشی ئاشكرا كرد 4117 دۆسییەی دیكە لەسەرجەم دامودەزگاكانی دەوڵەتدا هەن، كە پێویستە تاوتوێبكرێن‌و دۆسییەكانیش پەیوەندی بەگەندەڵییەوە هەیە.

حوسین عەقابی ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانیش لەو بارەوە وتی: دەزگای دادوەری بە ناردنی ناوەكان بۆ پەرلەمان، سەرۆكی پەرلەمانی ڕووگیر بووە.

ئەو  وتیشی: بەرپرسیارییەتی یاسایی دەكەوێتە ئەستۆی سەرۆكی ئەنجوومەن، كە پێویستە ئەم پرسە بخاتە خشتەی كاری گفتوگۆكانەوە.

لیژنەی ناوبراو پێشتر ڕەتیكردبووەوە لیستی ئەو ناوانەی پێگەیشتبێت بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەریان، لەبەرانبەردا عەقابی ئەوەشی وت: داواكەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری 10 پەرلەمانتار دەگرێتەوە، كە بە تاوانی تاوانكاری تۆمەتبارن، هەروەها وتیشی: دەستور (بەندی 63/ دووەم) ڕێگە بە سەرۆكی پەرلەمان دەدات بێگەڕانەوە بۆ ڕای پەرلەمانتاران ئەو پارێزبەندییە هەڵگرێت.

لەلایەكی تر بەها زوبیعی پەرلەمانتار وتی: خاوخلیچی پەرلەمان لەو پرسەدا پێشینەیەكی مەترسیدار و پێنوێنێكیشە (مۆشر)، كە ستافی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كارەكانیان باش ڕاناپەرێنن.

وتیشی: زۆرینەی ئەوانەی داوای هەڵگرتنی پارێزبەندیان لەسەر كراوە پێشتر لەدەسەڵاتی جێبەجێكردن بوون و ناوەكانیشیان زۆر بە نهێنییەوە شەنوكەو دەكرێن‌و ئاماژەی بەوەش كرد، كە ناوی هەموویان دەزانێت، بەڵام لە ترسی ڕاوەدوونانی یاسایی و ناوزڕاندنی ناوێرێت ناوەكانیان ئاشكرا بكات.

هاوكات سەرچاوەیەكی پەرلەمانی لە لێدوانێكیدا بۆ مەداپرێس رایگەیاند، كە هەڵنەگرتنی پارێزبەندی لەسەر ئەو ناوانە دەرگا بەڕووی ڕێكخراوەكانی كۆمەلگای مەدەنی و هاووڵاتییان و سیاسییەكاندا دەكاتەوە كە داوای دادوەری دژ بە سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران تۆمار بكەن.

پێگەی ئیلاف بڵاویكردەوە
ڕێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچبەرانی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان چەند ڕێوشوێنیكی ڕاگەیاند بۆ بەرەنگاربوونەوەی كردەكانی بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە لە عێراقدا.

رێكخراوەكە ڕاشیگەیاند، یارمەتی 108 قوربانی ئەو دیاردەیان داوە، كە 98 یان ژنن و 10 كەسیشیان پیاون، زۆرینەی قوربانیان كەسانی بیانین‌و قوربانی كار و قۆزتنەوەی سێكسین، هۆشداری ئەوەشیدا زۆرێك لە تاك و كۆمەڵگاكان ڕووبەڕووی تاوانەكانی بازرگانیكردن بە مرۆڤ و بەقاچاخبردنی كۆچبەران‌ دەبنەوە.

ڕێكخراوەكە لە بەیاننامەیەكیدا ئەوەشی راگەیاندووە، كە نائارامی سیاسی و ئەمنی، دەرئەنجامی ساڵانێكی دوور و درێژی ململانێیە لەعێراقدا، هۆكاری نەشونماكردنی تاوانی بازرگانیكردنە بەمرۆڤەوە، كە مەترسییەكی گەورەیە و هەڕەشە لەكۆمەلگای عێراقی دەكات و ئێستاش وەك تەنگژەیەك سەریهەڵداوە.

رێكخراوەكە ئاماژەی بەوەش كرد، بە گوێرەی سەرژمێرییەكی ساڵی 2019 ، نزیكەی 1.6 ملیۆن ئاوارە و دەربەدەر لەعێراقدا هەن و پێویستیان بە یارمەتی مرۆییە و زۆریش لە تاك و كۆمەڵگاكان مەترسی بازرگانیكردن بەمرۆڤ و بە قاچاخبردنی كۆچبەرانیان لەسەرە.

پێگەی وكالات بڵاویكردەوە
عێراق و كوێت گرێبەستێكی هاوبەشیان لەگەڵ كۆمپانیای "ڕاویژكاری جیهانی"  مۆركرد سەبارەت بە لێكۆڵینەوەكانی‌ تایبەت بە باشترین وەبەرهێنان لە كێڵگە نەوتییەكانی سنووری هەردوو وڵات.
 
عەبدولمەهدی عەمیدی سەرۆكی شاندی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە، ئەو گریبەستە‌ بەرهەمی كارەكانی لیژنەی عێراقی- كوێتییە و هەنگاوێكی گرنگە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی هەردوو وڵات بە ئاراستەی چارەسەركردنی كیشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوانیان و فراوانركدنی ئاسۆی هاریكاریان لەهەموو بوارەكان و بە تایبەتیش بواری نەوت و ووزە.

ناوبراو راشیگەیاند، كۆمپانیاكە زانیاری تەواومان پێ دەدات سەبارەت بەو نەوتەی بە ناخی زەویدایە لەو ناوچە سنورییانە.

هەروەها شێخ تەڵاڵ فەهد ئەلسوباحی سەرۆكی شاندەی كوێتیش ستایشی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولای كرد، كە بوونە هۆی بەرهەمهێنانی ئەو گرێبەستە مێژووییە

لەلایەكی تر كۆمپانیای (ERC) ڕاویژكاری جیهانی ئەوەی ڕوونكردەوە، كە بە گوێرەی گرێبەستەكانیان كارەكانیان دەست پێدەكەن و لێكۆڵینەوەكان ئەنجام دەدەن و زاینارییەكانیش كۆدەكەنەوە.

هەروەها عاسم جیهاد قسەكەری وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، ڕێككەوتنامەكە و گریبەستەكە زۆر گرنگن و تایبەتن بەكێڵگە نەوتییە سەرسنورییەكانی "قوبەی سەفوان- عەبدەلی" و كێڵگەی "ڕومیلەی باشووری ڕتوكه-كێڵگەی ڕتقە‌" 

پێگەی ناس بڵاویكردەوە
ماسیۆ تولەری باڵوێزی ئەمریكا لە عێراق لە دیدارێكی لەگەڵ ڕۆژنامەنووساندا لە باڵوێزخانەی ئەمریكا رایگەیاندووە، كە ئیدارەی ئەمریكا چەند جارێك دەسەڵاتی سەپاندنی سزاكانی لە عێراقدا پیادە كردووە.

ئەو وتیشی: ئەو 4 كەسایەتییەی سزایان بەسەردا سەپاوە كاری وایان كردووە، كە عێراقی لاواز كردووەو جەختیكردەوە، پەشیمان نین لە سەپاندنی سزاكان و ئەوەی كردوشمانە پاڵپشتییە بۆ سەروەری خاكی عێراق.

سەبارەت بە نیازی ئەمریكاش بۆ سەپاندنی سزا بەسەر نوری مالكیدا باڵویزەكەی ئەمریكا ڕەتیكردەوە قسە لەوبارەوە بكات.

بەغداد ئەلیەوم بڵاویكردەوە
"حەسەن فدعم" ی پەرلەمانتاری ڕەووتی حیكمە ئاشكرایكرد، كە لە دوای كۆتاییهاتنی پشووی یاسایی پەرلەمان، ئەندامەكانی ئەو دامەزراوە نیازیان وایە لێپێچینەوە لە هەندێك لە وەزیرە ئاست لاوازەكان بكەن  و هەندیكیشیان لابەر‌ن، پێشیوایە ژمارەی وەزیرە لابراوەكان دەگاتە نیوەی كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی.

پەرلەمانتاری ناوبراو لە چاوپێكەوتنی تەلەفزیۆنی لەگەڵ كەنالی ئاسمانی دیجلە وتی: ڕۆڵی پەرلەمان هەر یاساكاری نییە و بگرە چاودێری دامودەزگا و دامەزراوەكانیشە، نەك هەر دامەزراوەكانی حكومەتی ئیتحادی ، بەڵكو ئەوانەی هەرێمی كوردستانیش.

هەروەها وتیشی: دەبوو پەرلەمان بە تەنیشت یاسادانانەوە كاری لێپیچینەوە و لێپرسینەوە و چاودێری خۆشی ئەنجام دابایە، لە دوای پشووی پەرلەمان، ئەو پرسیارانەی ئاراستەی وەزیرەكان كراون دەچنە بورای لێپرسینەوەی پەرلەمانییەوە.