چین تەحەددای گەمارۆكانی ئەمەریكا دەكات‌و بەردەوامە لە هاوردەكردنی نەوتی ئێران

جیهان

07/08/2019‌ 830 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەگوێرەی رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمەریكی ، چەند دەوڵەتێك لەسەرووی هەموویانەوە چین بەردەوامن لەهاوردەكردنی بڕێكی زۆری نەوتی ئێران ، ئەوەش سەرەرای توندكردنی سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئەو وڵاتە، كە دەیەوێت ئاستی هەناردەكردنی نەوتی ئێران بگەیەنێتە سفر .

بەپێی رۆژنامەكە دوای بەدواداكەوتنی حەفتا كەشتی ئێرانی، لانیكەم ١٢یان باری نەوتیان هەڵگرتووە، كە شەش لەوان بارەكانیان لەچین داگرتووە ، ئەوانی تریش گەیشتوونەتە كەنارەكانی دەریای ناوەراست، كە ئەگەری زۆر ئەوەیە توركیا یان سوریا بێت .

گومان دەكرێت بەشێك لەكەشتییەكان ئەو ئاماژانە بكوژێننەوە، كە مانگە دەستكردەكان وەری دەگرن تا پێگەی كەشتییەكە بۆ سەرجەم كەشتییەكانی تر دیاری بكات .

رۆژنامە ئەمەریكییەكە باسی لەوە كردووە، كە كڕینی نەوتی ئێران خۆی لەخۆیدا كارێكی نایاسایی نییە ، لەبەر ئەوە بڕیاری واشنتۆن بۆسەپاندنی سزا بەسەر ئێراندا تاك لایەنەیە ، بەڵام ئەو كۆمپانیا بیانیانەی سزاكانی ئەمەریكا پێشێل دەكەن ئەگەر بێت‌و بارەگایان لەئەمریكا هەبێت، یان مامەڵە لەگەڵ بانكە ئەمەریكییەكان بكەن  ئەوە لەلایەن واشنتۆنەوە تۆڵەیان لێدەكرێتەوە .

بەگوێرەی نووسینگەی كۆپلەر، ئەنجامی سزاكان بووەتە هۆی پاشەكشەی هەناردەی نەوتی ئێران لەدەریاوە لە دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانەی سەرەتای ساڵی ٢٠١٨ بۆ ٤٠٠ هەزار بەرمیل لە مانگی حوزەیران .

دوای ئەوەی لەگەرووی جەبەل تاریق بەریتانیا دەستی بەسەر كەشتییەكی نەوتگوێزەرەوەی ئێرانیدا گرت،  ناكۆكییەكانی نێوان تاران و واشنتۆن ئاراستەیەكی تریشی وەرگرتووە .

لەبەرانبەر ئەو هەنگاوەی دەسەڵاتدارانی بەریتانیا، سوپای پاسدارانی ئێرانیش لە گەرووی هورمز دەستی بەسەر كەشتییەكی نەوتگوێزەرەوەی بەریتانیدا گرت ، كە بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرزی ئەمەریكی بۆ راگەیاندنی بواری وزە سێیەكی نەوتی جیهان لەو رێرەوە ئاوییەوە دەگوازرێتەوە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی