سوودەكانی پیاز.. بەرەنگاری شێرپەنجە دەبێتەوەو ڕێگری لەشەكرە دەكات

تەندروستی

07/08/2019‌ 1211 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەندێك كەس پێیانوایە پیاز تەنیا بۆ ئەوە بەكاردێت، كە بخرێتە ناو خواردنەوە تا تاموبۆنی خواردنەكە خۆشتر بكات ، بەڵام شارەزایانی بواری خۆراكی دەڵێن: پیاز گەلێك سوودی تەندروستی هەیە و بەرەنگاری زۆرێك لە نەخۆشییەكانی ئەو سەردەمە دەكات.

یەك پیازی قەبارە مام ناوەند نزیكەی ٩٠%ی لەئاو پێكدێت ، ٤٠ گەرمۆكەو ٩ گرام كاربۆهیدرایتی تێدایە ، بەڵام ڕێژەی چەوری تێیدا٠،١٠گرام تێناپەڕێت.

پیاز رۆڵێكی گرنگ دەگێڕێت لە كەمكردنەوەی رێژەی كۆلیسترۆڵی زیانبەخش لەخوێندا، بەوەش سود بە تەندروستی دڵ دەگەیەنێت، هەروەك ڤیتامین C و ئەو پێكهاتانەی تێدایە، كە بەرگری جەستە بەهێز دەكەن.

شارەزایان دەشڵێن: ماددەی كیرسیتین، كە لەناو پیازدا هەیە، مرۆڤ لەتووشبوون بەشێرپەنجە دەپارێزێت، بەتایبەت شێرپەنجەی كۆڵۆن و شێرپەنجەی گەدە.

هەرچی مادەی كرۆمە، كە لە رەگی پیازدا هەیە ، ڕۆڵێكی گرنگی هەیە لەرێكخستنی تێكرای شەكرە لە خوێندا ، جگە لەوەی پیاز بەیەكێك لەهەرە دژە هەوكردن‌و دژە ئەو بەكتریایانەیە، كە تووشی پووكی مرۆڤ دەبێت دادەنرێت.

سوودێكی تری پیاز ئەوەی لەڕێگای دانانی چینێك پیاز لەخوارەوەی لووت‌و هەڵمژینی یارمەتی راگرتنی خوێن بەربوونی لووت دەدات، هەر لەو چوارچێوەیەشدا پزیشكان دەڵێن: بۆ چارەسەركردنی تابردن و پەتا وەرزییەكان واباشترە گیراوەی هەنگوین و پیاز بخورێت .

سەرەرای هەموو ئەو سوودە زۆرانە ، بەگوێرەی ئەوەی شارەزایانی بواری خۆراكی جەختیان لێكردووەتەوە بەهۆی بوونی ترشی فۆلیك لەناو پیازدا یارمەتی خەوتنی مرۆڤ دەدات، جگە لەوەی هەستكردن بە خەمۆكی كەم دەكاتەوە و باری دەروونی مرۆڤیش باش دەكات .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی

بەپەلە