ئەمریكا لەهەرێمەوە دەستی بەجموجۆڵێكی فراوانی سەربازی بەرەو رۆژئاوای كوردستان كردووە

کوردستان

07/08/2019‌ 9025 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەحمەد شەریفی شارەزای بواری ئەمنی جموجۆڵێكی چڕی هێزە سەربازییەكانی ئەمەریكای لەهەرێمی كوردستان بەرەو شاری قامیشلۆی رۆژئاوای كوردستان ئاشكراكردووەو ئاماژە بەوە دەكات ئامانج لەو جموجۆڵە پشتیوانیكردنی هێزەكانی سوریای دیموكراتە لەدژی هەر هێرشێكی چاوەڕوانكراوی سوپای توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان .

شەریفی لەلێدوانێكدا دەڵێت: ئوتۆمبیل و ئامێرە سەربازییەكانی ئەمەریكا لەهەرێمی كوردستانەوە تا دەگاتە ناوچە كوردییەكانی سوریا و تا شاری قامشلۆ لەرۆژئاوای كوردستان دەستیان بەجوڵەكردن كردووە.

ئەو دەشڵێت: ئەو ئۆتۆمبیل و پارچە سەربازییانەی سوپای ئەمەریكا  زیاتر لە ٢٥٠٠ پارچەی سەربازی بووەو لەچەند رۆژی رابردوو ئەو جموجوڵەیان كردووە.

شەریفی باسی لەوەش كردووە، كە ئامانج لەو جموجۆڵە سەربازییەی سوپای ئەمەریكا پاراستنی هێزەكانی سوریای دیموكراتە لەهەر هێرشێكی چاوەڕوانكراوی سوپای توركیا بۆسەریان.

هەروەها دەڵێت: توركیا دەترسێت ئەمەریكا هەوڵ بۆ  جێبەجێكردنی پرۆژەی دەوڵەتی گەورەی كوردستان بكات.

رۆژی سێشەممە ئاژانسەكانی هەواڵ باسیان لەوە كردبوو، كە سوپای ئەمەریكا كاروانێك لە ئامێری سەربازی و ئۆتۆتمبیلی قورسی سەربازی لە عێراقەوە رەوانەی سوریا كردووە.

ئەوە لەكاتێكدایە چەند رۆژێكە رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا لەدەركەوتنەكانی هەڕەشە دەكات، بەوەی هێرش دەكاتە سەر ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان، كە بەدەست شەرڤانانی یەكینەكانی پاراستنی گەل یەپەگەوەیە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی

 .