لەكاتی زیادەرەویكردن لەبەكارهێنانی شەكر جەستە چی لێ بەسەر دێت؟

تەندروستی

10/08/2019‌ 681 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەگوێرەی قسەی پزیشكان شەكر گەلێك كاریگەری لاوەكی نەرێنی لەسەر جەستە هەیە، كە باوترینیان زیادبوونی كێشە.

رۆبەرت لۆستنگ پزیشكی ئەمەریكی لە زانستی كوێرەرژێنناسی و قەڵەوی لای منداڵان لەپێگەی "بیزنس ئینسایدەر" باسی زیانە چاوەروانكراوەكانی زیادەرەویكردن لەبەكارهێنان‌و خواردنی شەكردا دەكات .

لۆستنگ دەڵێت: كاتێك كەسێك شەكرێكی زۆر دەخوات ئەوە لەلایەن ڕیخۆڵەكانەوە هەڵدەمژرێت و راستەوخۆ لەڕێگای خوێنهێنەری بابییەوە دەروات بەرەو جگەر .

ئەو دەشڵێت: جگەریش تاكە ئەندامی جەستەی مرۆڤە، كە دەتوانێت بەكردەی "جێگرەوەی خۆراكی" هەڵبستێت ، واتە گۆڕینی خۆراك بۆ وزە، بەڵام كاتێك جگەر ناتوانێت فرەكتۆز بڵاوەپێبكات (یەكێكە لە پێكهاتەكانی شەكر)، ناشتوانێت بیگۆرێت، بۆیە پەنا دەباتە بەر داكردنی و هەڵگرتنی، ئەوەش دەبێتە هۆی كەڵەكەبوونی ئەوەی پێیدەوترێت "چەوری جگەری".

باسی لەوەش كردووە، چەوری جگەریش لای خۆیەوە دەبێتە هۆی دروستبوونی حاڵەتی ناسراو بە "بەرەنگاربوونەوەی ئەنسۆلین"، كە واتای ئەوەی ئەنسۆلین توانای كەمتر دەبێتەوە لەدابەزاندنی ئاستی شەكر لە خوێندا .

دوای ئەوە ، جەستە ئەگەری ئەوەی هەیە تووشی نەخۆشییەكانی دڵ ببێت ، هەروەك ئەگەری تووشبوونی بە نەخۆشی چەوری جگەری دووقات دەبێت .

لەكۆتاییدا ، هەموو ئەوە بەرەو ئەوە دەروات، كە ببێتە هۆی دەركەوتنی جۆری دووەمی نەخۆشی شەكرە و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، هەروەك دواتر سەردەكێشێت بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە و خەڵەفان .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی