چین لەدەریا و ئاسمانەوە وەڵامی ئەمریكا دەداتەوە

جیهان

10/08/2019‌ 2381 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەو ناونیشانەی سەرەوە ڤلادیمیر سكوسیریف لە گۆڤاری (نیزاقیسیمایا غازیتا) راپۆرتێكی، دەربارەی ئامادەیی چین لەوەڵامدانەوەی ئەمریكا نووسیوە، ئەمە سەرەرای ئەو جیاوازیە زۆرەی لە توانا رۆكێتیەكانی نێوان هەردوو وڵاتدا هەیە.

بەپێی راپۆرتەكە، ئەمریكا هەڕەشەی لە روسیا و چین كردووە بە جێگیركردنی رۆكێتە زەمینییەكانی ناوەند و كورتمەودا لە بەردەم دەرگاكانیاندا، كە مۆسكۆ لەو بارەیەوە رایگەیاندووە، دەستپێشخەری خۆپڕچەككردن ناكات، بەڵام لە بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی چیندا رووندەبێتەوە، كە پەكین دەستەوەستان ناوەستێت.

هاوكات بەرێوەبەری گشتی فەرمانگەی سنووردانان بۆ چەك لە وەزارەتی دەرەوەی چین (فو تسۆنگ) رایگەیاندووە، پەكین وەك تەماشاكەر نابێت بەرانبەر بێباكییەكانی ئەمریكا بە جێگیركردنی رۆكێتەكانی، بەڵكو رێكاری وەڵامی دەبێت.

لەو بارەیەوە، گەورە توێژەری پەیمانگەی رۆژهەڵاتی دووری سەر بە ئەكادیمیای روسی بۆ زانستەكان (بافیل كامینوف) وتی: لەچین، دوای چاكسازی كردنی سەربازی لە ساڵی 2015، چەكی رۆكێتی دامەزراند، ئەمەش وەك وەڵامێكە بۆ هەڵسوكەوتەكانی ئەمریكا و زیاتر كردنی توانای ئەم چەكە شەڕ كەرەیە.

بەگوێرەی كامینۆف، چین بە بەردەوامی لەو راستییەوە دەڕوانێت، كە هێزە ئەتۆمییەكەی هۆكارێكە بۆ دەمكوتكردن. وەك دەزانرێت ئێستا چین خاوەنی 200 سەكۆی هەڵدانی رۆكێتە، لەوانە 60 بۆ 70 دانەی كیشوەر بڕە، ئەوانی تر ناوەندو كورت مەودان.

پەیماننامەی داماڵینی رۆكێتە ناوەند و كورت مەوداكان، ئەو رۆكێتە زەمینینانەشی گرتەوە، كە دامەزراون، هێزی سەرەكی لای ئەمریكییەكان بریتین لە هێزەكانی دەریایی و ئاسمانی هەروەك كامینۆف دەڵێت: هەڵدانی رۆكێتەكانی تۆماهۆك لە كەشتیە گەورەكانەوەیە، لەو جۆرانە دەیان دانە بوونی هەیە.

ئەوەش دەڵێت: هەریەكێكیش نزیكەی سەد رۆكێتی لەسەرە، كە ئەمریكا كەشتی جەنگی رۆكێتیشی هەیە و هەریەكەیان نزیكەی 150 دانەی لەسەرە، لەبەر ئەوە، بە كشانەوەی واشنتۆن لە پەیماننامەكە هیچ شتێكی وا نەگۆڕاوە، لە راستیدا، ئەمریكییەكان بە رەهایی لە پێشترن بەتایبەتی لە ئاسمان و دەریادا.

لە كۆتاییدا كامینۆف ئاماژەی بەوە كردووە، چین لە بواری رۆكێتی ناوەندو كورت مەودا لەئەمریكا جیاوازە، لەبەر ئەوە، وەڵامی چین بریتی دەبێت لەدروستكردنی كۆمەڵەی رۆكێتی دەریایی‌و ئاسمانی دامەزراو، كە دەكرێت لەناوچەی ئاسیا و زەریای هێمن هەڕەشه لە هێزە ئەمریكیەكان بكات.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا