ئۆباڵی بوژاندنه‌وه‌ی داعش ده‌خرێته‌ ئه‌ستۆی دۆناڵد تره‌مپ

جیهان

11/08/2019‌ 1359 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لە ڕاپۆرتێکی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پێنتاگۆن)دا ئۆباڵی بوژانەوە و بڵاوبونەوەی سەرلەنوێی چەکدارەکانی ڕێکخراوی داعش لە زۆر شوێنی عێراق و سوریا دەخرێتە ئەستۆی دۆناڵد تره‌مپ.

لەو ڕاپۆرتە وەرزیەی پێنتاگۆندا کە دراوەتە کۆنگرێسدا هاتووە، بڕیاری پاشەکشەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا و هاوکات پشتگوێخستنی هەماهەنگی لەگەڵ حوکمەتی بەغداد لە لایەن ترامپەوە "بێ ئەوەی هیچ مەرامێکی لە پشتەوە بێت" هاوکار بووە لە خۆڕێکخستنەوەی سەرلەنوێی داعش لەو دوو ووڵاتەدا.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی به‌وه‌كردووه‌، "داعش توانیویەتی شێوازی بونی خۆی لە هێزێکی خاوەن قەڵەمڕەوی سەر زەمینیەوە بگۆڕێت بۆ هێزێکی یاخی لە سوریا و درێژەش بە یاخیبون و چڕکردنەوەی کردەوە پارتیزانیەکانی بدات لە عێراق"هەرچەندە لە ڕابردوودا ترامپ بۆ ڕۆژنامەی(هۆڵ ستریت جۆرناڵ)ڕایگەیاندبوو کە "ڕێکخراوی داعش بەزیوە و  دەوڵەتی خەلافەتیش کۆتایپێهاتوە".

هەر لەو بەستێنەدا پێشتر لێپرسراو و پسپۆڕە سەربازی و سیاسیەکان چەندینجار هۆشداری ئەوەیاندابوو کە پاشەکشەی پێشوەختە و بە پەلەی هێزەکانی ئەمێریکا لە سوریا توانای ئەوە دەداتە داعش کە سەرلەنوێ ڕیزەکانی خۆی ڕێکبخاتەوە پاش بەرکەوتنی گورزی قورسی سەربازی و ئابوری لە لایەن هێزەکانی هاوپەیمانی بە سەرۆکایەتی ئەمێریکا.

ڕاپۆرتەکە لە بڕگەیەکی تریدا بەڕون و ئاشکرا دەڵێت کە کەمکردنەوەی ژمارەی هێزەکانی ئەمێریکا لە سوریا لە سەرەتای ساڵی پێشوو کە لە لایەن ترامپەوە ڕاگەیەندرا بووە مایەی خوڵقاندنی کەشێکی ناسەقامگیر لە ناوچەکەدا.

هەر بەپێی ڕاپۆرتەکە پاشەکشەی هێزەکان کە بووە هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری بەرگری(جیمس ماتێس)هاوپەیمانەکانی ئەمێریکای لە ناوچەکەدا لە تەنگانەیەکدا بەجێهێشت کە هێشتا مەشق و ئەزمون و پشتیوانی پێویستیان بۆ دابیننەکرابوو بۆ بەرەنگاربونەوەی داعش و هاوشێوە هێزە ئەمنی و سەربازیەکانی عێراقیش کەرەستە و پێداویستی تەواوی لەبەردەستدا نیە بۆ بەرەنگاربونەوەی درێژخایەنی ڕێکخراوێکی تیرۆریستی لەو جۆرە.

بەپێی زانیاریەکانی پێنتاگۆن چەکدارانی داعش کە ژمارەیان لە نێوان ۱٤ بۆ ۱۸ هەزاردایە لە ئێستادا کردەوەکانیان لە سنوری کوشتنی کەسەکان و تەقاندنەوە و دانانی بۆسە و سوتاندنی دەغڵودانی جوتیارەکانی سوریا و عێراقدایە بە پێچەوانەی کردەوە سەربازیەکەکانیان لە سەرەتای ساڵی ۲۰۱٤ وە کە ئامانج لێیان داگیرکردن و دەستبەسەراگرتنی  زۆرترین ڕووبەری زەویوزار بوو.

جێگای سەرنجە ڕاپۆرتەکە باس لەوەدەکات کە جارێکیتر داعش سەرچاوەی نوێی داهاتەکانی دابینکردووە ئەویش لەڕێی ترساندنی دانیشتوانی ناوچەکە و فڕاندن و بە بارمتەگرتنیان لە پێناوی سەرانە و هاوکات گردکردنەوەی پارەوپول لە تێچوی پرۆژەکانی بونیاتنانەوەی ناوچە زیانلێکەوتوەکان کە شێوازێکی(نا ناوەندی)یە بۆ کۆکردنەوەی پارەوپول بە پێچەوانەی شێوازی باجی دیاریکراو کە داعش لە سەروبەندی دەسەڵاتەکەیدا پەیڕەوی دەکرد.

بە بۆچونی ڕاپۆرتەکە(چادرگەی هۆل)کە هەزاران ئاوارەی تێدا دەژی نێوەندێکی گونجاوە بۆ ڕێکخستنی ئەندامی نوێ بۆ داعش چونکە پێناچێت هێزە حکومیەکان توانای تەواوی پاراستنی ناوچەکەیان لە چەکدارەکانی داعش هەبێت و هاوکات کەمیی پشتیوانیەکانی ئەمێریکا بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە و بەرپەرچدانەوەی پرۆپاگەندەکانی داعش دەرگای بەڕووی چالاکیەکانی ڕێکخراوەکەدا ئاوەڵا کردووە. 

هەر لەو بارەیەوە(برێت ماکگۆرگ)ی نێردراوی تایبەتی پێشوی سەرۆکی ئەمێریکا بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش کە لە ماوەی نێوان هەر سێ سەرۆکایەتیەکەی جۆرج بوش و باراک ئۆباما و دۆناڵد ترامپدا خزمەتی دەکرد لەو بڕوایەدایە کە بڕیاری ئیدارەی ئێستای ترامپ بە چڕکردنەوەی هەوڵەکانی دژ بە ئێران بۆتە هۆکاری کەمبونەوەی توانستەکانی بۆ بەرپەرچدانەوەی کاریگەرانەی داعش لە سوریا و عێراق. شایانی باسە دەستلەکارکێشانەوەی(ماکگۆرگ)دەرەنجامی بڕیاری ترامپ بوو بە کێشانەوەی هێزەکان لە سوریا و لە ووتارێکیدا کە لە مانگی کانونی دووەمدا بڵاویکردەوە هۆشداریداوە لەوەی"سیاسەتەکانی ترامپ فرسەتێکی نوێ بە بوژاندنەوەی داعش و دوژمنەکانی دیکەی ئەمێریکا دەدات و ئەو بڕیارە دەبێتە مایەی سەرهەڵدانی پشێوی و بێسەروبەرەیی ودواجار خوڵقاندنی ژینگەی گەشانەوەی ئەستێرەی بەختی توندڕەوەکان"و ئەوەش لە ئاماژەیەکی ڕاپۆرتەکەی پێنتاگۆندا پشتڕاستکراوەتەوە کە ئەو دیاردەیە لە زەمینەی واقیعدا ڕوودەدات.

هەنوکە لە سوریا تەنها هەزار سەربازی ئەمێریکا ماونەتەوە کە ئەرکی جۆراوجۆر ڕادەپەڕێنن لەوانە ڕێگرتن لە هەڵکشانی پێگەی داعش و کۆمەکی ئەو هێزە لۆکاڵیانەی بەرەنگاری داعش دەبنەوە و هاوکات بەرەنگاربونەوەی هەڵکشانی پێگەی ئێران و ڕوبەڕوبونەوەی هێزەکانی حوکمەتی سوریا.

هەر بەپێی بڕگەکانی ڕاپۆرتەکە بڕیاری کێشانەوەی فەرمانبەرە ئاساییەکانیش لە عێراق کاریگەری نەرێنی خستۆتەسەر قورسایی پێگەی دیپلۆماسی ئەمێریکا و ئەوەش پاشەکشەی بە تواناکانی ڕێکخراوە مرۆییەکان کردووە لە یارمەتیدان و کۆمەکی ئاوارەکان.

وەرگێڕان: بەرزان حەمەخورشید