كەركوك‌و گەڕانەوەی پێشمەرگە گرنگترین تەوەری گفتوگۆكانی داهاتووی هەولێرو بەغدا دەبن

عیراق

14/08/2019‌ 567 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرچاوەیەكی سیاسی رایگەیاند، گرنگترین ئەو تەوەرانەی شاندی كوردی لە سەردانەكەی دوای جەژنیان بۆ بەغدا لەگەڵ حكومەتی ناوەند باسی لێوە دەكەن دۆسیەی كەركوك و گێڕنەوەی هێزی پێشمەرگە دەبێت بۆ ناوچە كێشەلەسەرەكان .

ئەو سەرچاوەیە، كە نەیویستووە ناوەكەی ئاشكرابكرێت بۆ میدیا عێراقییەكان راشیگەیاندووە، شاندی هاوبەشی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، كە وابڕیارە دوای پشووەكانی جەژنی قوربان سەردانی بەغدا بكەن ، چەند دۆسیەیەك لەگەڵ بەرپرسانی عێراق باس دەكەن، كە گرنگترینیان دۆسیەی كەركوكە.

بەقسەی سەرچاوەكە، دۆسیەكانی شایستە داراییەكانی هەرێم و بابەتی گۆڕینی پۆستی پارێزگاری كەركوك لەڕێگای كۆكردنەوەی واژوو وەك چۆن پێشتر لە دەنگدان بۆ  بودجە روویدا، نەوەك لەڕێگای دانیشتنی فەرمییەوە لەبەر ئەوەی هەموو ئەندامانی ئەنجوومەن لە شارەكە ئامادە نین یان ناتوانن ئامادە بن لە گرنگترین تەوەرەكانی گفتوگۆكان دەبێت.

جگە لەوە دۆسیەكانی دووبارە گێڕانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و بەشداریكردنیان لە دۆسیەی ئەمنی كەركوك و ناوچە كێشەلەسەرەكان بۆ پڕكردنەوەی ئەو كەلێنە ئەمنییەی هەیە، یەكێكی تر دەبێت لە بابەتەكانی گفتوگۆی نێوان هەرێم و بەغدا.

هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە چاوەڕێ دەكرێت دوای جەژن بارودۆخی كەركوك گرژی بەخۆوە ببینێت ، بیئەوەی باسی سرووشتی ئەو گرژیانە بكات ، كە پێشتر بەرپرسێكی یەكێتی ئاشكرای كردبوو، حیزبەكەیان سورە لەسەر ئەوەی دوای جەژن دۆسیەی پارێزگاری كەركووك یەكلایی بكاتەوە .

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی