بەفیڕۆدانی خواردن لە سعودییە
ژمارەی شۆكهێنەر و هەژارییەكی كەمەرشكێن

جیهان

15/08/2019‌ 3179 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سعودییە پیشەنگی ئەو وڵاتانەیە، كە خواردن بەفیڕۆدەدەن، لە كاتێكدا لەو وڵاتەدا كەسانی زۆر هەژار دەژین.

سەرباری ئەوەی ئەو پرسە لە هەموو جیهاندا بوونی هەیە، كەچی لەم ماوانەی دوایدا بووەتە جێگەی گرنگیپێدانی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، كە ژمارەكان لە سعودییە ترسهێنەرن و قەبارەی كارەساتێك وێنا دەكەن.

ئەو لێكۆڵینەوە و ژمارانەی حكومەتی شانشینی سعودییە و دەزگا نێودەوڵەتییەكان لەسێبتێمبەری ساڵی 2018 دا بڵاویانكردوونەوە ، ئەوە دەردەخەن سعودییەكان بە بەهای 13.3 ملیار دۆلاری ساڵانە خواردن بەفیڕۆدەدەن، كە دەكاتە 50 ملیار ڕیاڵی سعودی.

ئامارەكانی پێشووی سەرەتای ساڵی 2018 ، كە كۆمەڵەی "خەیرات" ڕایگەیاند بوو (كۆمەڵەیەكە لە بواری بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی دەستبڵاوی لە خواردن لە سعودیە) ‌ ئەوەیان ئاشكرا كردووە، شانشینەكە ڕۆژانە نزیكەی 8 ملیۆن ژەمە خواردن بەفیڕۆ دەدات.

كۆمەڵەكە چەند وێنە ڕوونكردنەوەیەكی نیشانداوە، كە قەبارەی ئەو بەفیڕۆدانە بۆ هەر تاكێكی سعودی دەردەخات، كە بە 250  كیلۆگرامی ساڵانە مەزەندە دەكرێت، ئاماژەی بەوەش داوە، كە 90% خواردنی ئاهەنگەكان بەفیڕۆ دەدرێن.

لێكۆڵینەوەیە‌كی دیكە، كە لە فبرایەری 2018  لەژێر ناونیشانی "توێژینەوەكانی پەیوەست بە بەفیڕۆدانی خوارد لە جیهانی عەرەبی"دا بڵاوكراوەتەوە، ئاماژە بەوە دەكات قەبارەی ئەو خواردنەی لە ئاهەنگێكی مامناوەنددا بەفیڕۆ دەدرێت لەشاری مەككە،‌ بایی ئەوەیە 250 كەسی برسی پی تێر بكرێت.

لەم ماوەیەشدا یەكەی زانیارییە ئابوورییەكانی گۆڤاری "ئیكۆنۆمیست"ی بەریتانی ئامارێكی تازەی بڵاوكردووەتەوە، كە كەناڵی "بی بی سی" ئاماژەی پێكردووە بەوەی، ڕێژەی ساڵانەی پاشماوەی خۆراكی هاووڵاتییەكی سعودی بەرزبووەتەوە بۆ 472 كیلۆگرامی ساڵانە، ئەمەش سێ ئەوەندەی تێكڕای بەفیڕۆدانی خواردنە لەئەوروپا و ئەمریكای باكوور.

لە ساڵی 1992 ئەحمەد شوشانی توێژەری سعودی لێكۆڵینەوەیەكی بڵاوكردووەتەوە سەبارەت بەو خواردنەی لە نەخۆشخانەكانی سعودییە بەفیڕۆ دەدرێت، كە ڕێژەكەی دەگاتە 24% و 32% ئەو خواردنەی پێشكەش دەكرێت، ئەمەش‌ یەكسانە بە 66.0 و 80.0 گیلۆگرامە بۆ هەر تاكێك.

ئاماری شۆكهێنەر
نورە ئەلعەجمی سەرۆكی كۆمەڵەی "خەیرات" دەڵێت: ڕۆژانە لە سعودییە 8 ملیۆن ژەمە خۆراك بەفیرۆ دەدرێت، كە بەهاكەی 70 ملیۆن ڕیاڵی سعودییە، ئەم بڕەیەش بەشی تێركردنی خەڵكی شاری ڕیاز دەكات.

سعودییە پلەی یەكەمی گرتووە لە بەكاربردنی دانەوێڵەكان، كە ساڵانە هەر تاكێكی سعودی 158 كیلۆگرام دانەوێڵە بەكار دەبات، لە كاتێكدا تێكڕای ڕێژەكە بۆ هەر تاكێك لە دەوڵەتانی جیهاندا 137 كیلۆگرامە.

ئەو ئامارەی گۆڤاری "ئیكۆنۆمیست" بڵاویكردووەتەوە ئاماژەی بەوەشداوە، بەكاربردنی سەوزەمەنی لە سعودییە لەسەر ئاستی جیهان كەمترینە، ساڵانە هەر تاكێكی سعودی 90 كیلۆگرام سەوزە بەكار دەبات، لە كاتێكدا لە دەوڵەتانی جیهاندا ڕێژەكە بۆ هەر تاكێك 137 كیلۆگرامی ساڵانەیە.

بەگوێرەی دەزگای ئامارە گشتی و داتاییەكان، ڕێژەی بەرهەمهێنانی كشتوكاڵی ناوخۆیی و خواردەمەنییە هاوردەكراوەكان بە بەراورد بە بەفیڕۆدانی خواردن نزیكەی 30%، بەجۆرێك بەهای بەرهەمهێنانی كشتوكاڵی ناوخۆیی لەگەڵ هاوردەكراوە خۆراكییەكان 116.113 ملیار ڕیاڵی ساڵانەیە، بەهای بەفیڕۆدراوەكانیش 49.833 ملیار ڕیاڵی ساڵانەیە.
 
ئامارێكی دیكە ئەوە دووپاتدەكاتەوە، كە 40.5%ی دانیشتوانی سعودییە بە دەست بەرزبوونەوەی فشاری خوێنەوە دەناڵێنن، لەكاتێكدا ڕێژەكە لە نێو دانیشتوانی جیهاندا دەگاتە 33.3%، ئاماژەی بەوەش داوە ڕێژەی 20%ی داهاتی هەر خێزانێكی سعودی بۆ خواردن تەرخان دەكرێت.

ژمارەكان دەدوێن
هەروەها لەئاماریكدا، كە "كۆمەڵەی خواردن" بڵاویكردووەتەوە، ئەو بڕە خۆراكەی كۆمەڵەكە  لە خواردنە بەفیڕۆدراوەكان لە شارەكانی (ڕیاز و جەدە و دەمام و جبیل و قەتیف و ئیحسا)دا كۆیكردووەتەوە گەیشتووەتە نزیكەی 3 ملیۆن و 200 هەزار ژەمە خواردن.

بەپێی ئامارەكە، ئەو ژمارانە تەنیا هی ساڵی 2017 یە، ئاماژەی بەو بڕە پارەیەش‌ نەكردووە، كە بارتەقای بەهای ئەو بەفیڕۆدانەیە.

لەلایەكی تر كۆمەڵەی "ئیكڕام بۆ پاراستنی خۆراك" لە مەككە ئاشكرایكردووە ئەو خۆراكە بەفیڕۆدراوەی لە ماوەی مانگی شەوالی پێشوودا كۆیانكردووەتەوە گەیشتووەتە 49 تەن بە بەهای زیاتر لە 886 هەزار ڕیاڵ (دەكاتە چارەكە ملیۆنێك دۆلاری ئەمریكی)، ئەمەش لە لایەن ڕۆژنامەی سەبقی ناوخۆیی شانشینەكەوە بڵاوكراوەتەوە.

لێكۆڵینەو‌ەكان دەشڵێن: زیاتر لە 72% گۆشتی ساغ لە سعودییە وەك پاشەڕۆ‌ فڕێدراوە، چونكە لە ئاهەنگ بۆنەكاندا سوودی لێوەنەگیراوە یان نەخوراوە.

هەژاری لەوڵاتێكی دەستبڵاودا
بە تەنیشت ئەو بەفیڕۆدانەوە، سەرباری ئەو پارە زۆر و زەوەندەی شانشینەكە لە جەنگی یەمەندا خەرجی دەكات، هەروەها بەفیڕۆدانی پارەی شانشینەكەش لە لایەن محەمەد بن سەلمانی جێنشینەوە لە كڕینی یەخت و تابلۆی هونەریدا، كەچی ڕاپۆرتەكان ئاماژە بە ژمارەیەكی زۆری هەژاران دەكەن لە شانشینەكەدا، كە لەژێر هێڵی هەژاریدان.

ڕاپۆرتێكی ڕێكخراوی "دادگەری و پەرەپێدان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقیا" ئاشكرایكردووە، كە 5 ملیۆن كەسی سعودی لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.

ڕاپۆرتەكە ئاماژە بەوەش دەكات، كە بڵاوبوونەوەی هەژاری لە شانشینەكە دەرئەنجامی جەنگی دژ بە یەمەنە، كە مەزەندەكان بە نزیكەی 1.5 ملیار دۆلار دەیخەمڵێنن، هەروەها بە هۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە.

نەتەوە یەكگرتوەكانیش لە یەنایەری 2017  سەرسامی خۆی دەربڕی لە ئاستی هەژاری لە هەندێك لە ناوچەكانی سعودییە.  

"فلیپ ئاستۆن" ی بڕیاردەری تایبەت بە هەژاری كەمەرشكێن و مافەكانی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكان وتی: دۆخێكی هەژاری زۆر سەخت و دژواری لە سعودیە بینیووە، كە پێی وایە ە سعودییەكان تووشی شۆكێكی گەورە دەكات. 

هەژارەكان دەوری سعودییەیان داوە
بە گوێرەی ڕێكخراوی "فاو"، بەفیڕۆدانی خۆراك لە سعودییە، هاوشانە لەگەڵ بەردەوامی بەرزبوونەوەی تێكڕای برسییەتی لە ڕۆژهەڵاتی دوور و باكووری ئەفریقیا؛ كە 52% ی دانیشتوانەكەی بەدەست كەمخۆراكییەوە دەناڵێنن.

ملیۆنەها كەسیش لە سۆمال خواردنیان دەست ناكەوێت كە 70% ی دانیشتوانەكەی هەژاری یەخەی گرتوون، لە سودانیش پەیداكردنی خۆراك خەمی گەورەی خێزانەكانە هەروەك نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێت.
 
لە یەمەنیش 2/3 ی دانیشتوانەكەی پێویستیان بەیارمەتیدان هەیە، لە ئوردون ڕێژەی 56% ی دانیشتوان لەژێر هێڵی هەژاریدان، كە 15.7 یان تووشی هەژارییەكی كەمەرشكێن بوون، لە میسریش 1/3 دانیشتوانەكەی لەژێر هێڵی هەژارییەوەن.

سەرچاوە: خەلیج ئۆنلاین
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر