دەریا لەژێر كۆنترۆڵیاندایە.. ئێران و قەتەر لە پێشەوەی سەرجەم وڵاتانی كەنداون

جیهان

16/08/2019‌ 1251 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ماڵپەڕی (گلوباڵ فایر)ی پسپۆڕ لە سێرەگرتنی توانا سەربازییەكانی جیهان، لیستێكی پۆلێن كردووە لە بارەی ئەو وڵاتانەی بەسەر ئاوەكانی كەنداودا دەڕوانن لەرووی هێزی دەریاییەوە.

بەگوێرەی ئەوەی ماڵپەرەكە بڵاویكردووەتەوە، ئێران لە رێكخستنی هێزە سەربازییەكانی ژمارەیەك پارچەی دەریایی جۆراوجۆری هەیە و دەگاتە 398 پارچە، لە نێویاندا 6 كەشتی بچووك و 3 دانەی جەنگی و 34 ژێردەریایی.

بەگوێرەی راپۆرتەكە، ژمارەكان بەروونی دەریدەخەن تاران لەو رووەوە لە پێشەوەی سەرجەم وڵاتانی كەنداودایە، هەروەها تاران 88 كەشتی ئێشكگر و 3 دانەی تایبەت بەمینی هەیە و پلەی چوارەمی لەرێكخستنی سوپاكانی جیهان وەرگرتوە لەرووی پارچە دەریاییەكانەوە.

پاش ئێران، قەتەر بەپلەی دووەم دێت، بەوەی خاوەنی 88 پارچەی دەریاییە، زۆربەشیان كەشتی ئێشكگرن‌و پلەی 31ی لەسەر ئاستی جیهان داگیر كردووە و لە پلەی سێیەمدا شانشینی ئیمارات دێت، كە خاوەنی 75 پارچەی دەریایی جۆراوجۆرە، كە 35 كەشتیان تایبەت بەئێشكگرتنەوە و 9 دانەیان كەشتی جەنگییە، سەرەڕای هەبونی دوو كەشتی مین بەمەش پلەی 33 یەمینی لەسەر ئاستی جیهان داگیركردوە.


لە دوای ئەوان، عێراق بە پلەی چوارەم دێت و خاوەنی 60 پارچەی دەریایین، لەنێویاندا 25 دانەیان تایبەتە بە ئێشكگرتن و لەسەر ئاستی جیهان 44 ەمینە.

سعودییە بە پلەی پێنجەم دێت، خاوەنی 55 پارچەی دەریاییە، 9 دانەیان كەشتی بچووكەو 4یان جەنگییەو 9 دانەیان ئێشكگرتنەو 3 دانەكەی تریان تایبەتە بە مین و لە سەر ئاستی جیهاندا بە پلەی 50 دێت.

هەرچی وڵاتی بەحرەینە بە پلەی شەشەم دێت و خاوەنی 39 پارچەیە، یەك دانەیان كەشتی بچووكی جەنگییەو 38 دانەشیان تایبەتە بەئێشكگرتن و لەسەر ئاستی جیهاندا بە پلەی 61 یەكەمین دێت‌و لە پێشەوەی كوێتە، كە تەنیا خاوەنی 38 پارچەی دەریاییە و لەسەرئاستی جیهان بە پلەی 63 دێت.

پلەی هەشتەم و كۆتایی بریتییە لە سەڵتەنەی عەمان، تەنیا 16 پارچەی دەریایی هەیە و پلەی 88 ی هەیە لە پۆلێن كردنی سوپاكانی جیهان لەرووی هێزی دەریاییەوە.

سەرچاوە: Sputnik news
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا