عێراق چووەتە ناو شەڕو ئێرانیش شەڕەكە بۆ بەغدا دەگوازێتەوە

عیراق

17/08/2019‌ 4175 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سیاسەتمەداری عێراقی نزیك لە ئیدارەی ئەمەریكی ئیتیفاز قەنبەر دەڵێت: ئێران جەنگی خۆی لە تارانەوە بۆ بەغدا گواستووەتەوە ، هەر لەبەر ئەوەیە پرۆسەی هێرشكردنە سەر كۆگاكانی چەكی ئێرانی لە عێراق دەستیپێكردووە .

قەنبەر دەشڵێت: پێشتر هۆشداریماندا لەوەی عێراق نەبێتە كۆگایەكی چەكی ئێرانی، لەبەر ئەوەی ئەو بابەتە عێراق دەكات بە ناوەندی پرۆسە جەنگییەكان.

هەروەها باسی لەوەش كردووە، كە ئێستا عێراق خۆی خستووەتە بەرەی دوژمنانی دەوڵەتانی كەنداو و هاوپەیمانەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل.

قەنبەر پێیوایە، بەهۆی لاوازی حكومەتی عێراقییەوە ئێران جەنگەكەی لە تارانەوە بۆ بەغدا گواستووەتەوە ، بەتایبەت دوای رووداوی هێرشكردنە سەر بۆرییە نەوتییەكانی سعوودییە، كە لە خاكی عێراقەوە ئەنجامدرا ، بەوەش عێراق بەفەرمی خۆی خستووەتە ناو جەنگەكە .

رۆژی چوارشەممە سەرچاوەیەكی ئەمنی عێراقی باسی لەوە كردبوو، كە ئیسرائیل هێرشی كردووەتە سەر كۆگایەكی چەك لە سەربازگەی سەقەر لە باشووری بەغدا، كە سەر بە حەشدی شەعبییە و بەهۆیەوە چەندین تەقینەوەی بەهێز روویداوە و ترس و لەرزێكی زۆری لەلای هاووڵاتیانی ناوچەكە درووست كردووە .

رۆژنامەی "شەرقول ئەوسەت" لەسەرچاوەیەكی ئەمنییەوە گواستوویەتییەوە، وادیارە ئێمە لەبەرانبەر جەنگی دەستبادانی یەكترین لەنێوان ئەمریكا و ئیسرائیل لەلایەك و ئێران و هاوپەیمانەكانی لەلایەكی ترەوە ، بۆ ئەوەش هەردوولا عێراقیان هەڵبژاردووە تا بیكەنە گۆرەپانی جەنگەكەیان .

سەرچاوەكە، كە داوای كردووە ناوەكەی ئاشكرا نەكرێت راشیگیاندووە، هەموو ئاماژەكان ئەوە پیشان دەدەن، كە ئیسرائیل بەپشتیوانی ئەمریكا دەیەوێت جەنگەكەی لە سوریا دژی پێگەی هێزە ئێرانییە فرەرەگەزەكان لەعێراق تەواو بكات.

سەرچاوەكە دەشڵێت: ئەگەری زۆرە حكومەتی عێراق ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان لەسەر رووداوی بۆردوومانەكەی سەربازگەی سەقەر هاوشێوەی بۆردوومانی سەربازگەی شوهەدا لە ئامرلی ئاشكرا نەكات، كە مانگی رابردوو روویدا ، لەبەر ئەوەی ئەوە ئێرانییەكان تووڕە دەكات ، لەبەر ئەوەی ئەوان چەندین ساڵە ئەو ستراتیژە پەیرەو دەكەن، كە بەئامانجگرتنی پێگەكانیان لە سوریا دواتر لە عێراق ئاشكرا نەكەن .

سەبارەت بە ئامانجگرتنی سەربازگەی سەقەر باس و خواسەكان جیاوازن ، هەندێك ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، لەلایەن فرۆكە ئەمەریكییەكان یان ئیسرائیلییەكان كراوەتە ئامانج ، هەشە دەڵێت: رووداوەكە بەهۆی خراپ داكردنی چەك و تەقەمەنییەكانەوە بووە ، كە سەعد مەعن وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە، برێكی زۆر چەك و تەقەمەنی هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵی و هێزەكانی حەشدی شەعبی تەقیوەتەوە كە بەهۆیەوە ١٣ كەس پێكراون ، كە دوویان پۆلیسی فیدراڵی بوون و چواریشیان سەر بە هێزەكانی حەشدی شەعبی بوون .

بەهێزترین لێدوانیش لەسەر خاوەنی ئەو چەك و تەقەمەنییەی لەناو سەربازگەی سەقەر تەقیوەتەوە لێدوانی بەها ئەعرەجی بوو، كە پێشتر لەسەر پشكی رەوتی سەدر یاریدەدەری سەرۆك وەزیران بووە، كە لە تویتێكدا دەڵێـت: لەڕێگای ئەو ئاگرەی لە كۆگای چەك و تەمقەمەنییەكەوە بەرزبووەتەوە دەردەكەوێت، ئەو چەكانە جەكی ئاسایی نەبوون ، نە هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵی ، نە هیزەكانی حەشدی شەعبی بەكاریان ناهێنن.

هەروەك ئەعرەجی لە تویتەكەیدا دەڵێت: لەبەر ئەوە پێمان وایە ئەوە سپاردەی دەوڵەتێكی دراوسێیە لەلامان ، ئەو سپاردەیەش لەلایەن دەوڵەتێكی كۆلۆنیالی ستەمكارەوە  بەئامانجگیراوە، وەك ئاماژەیەك بۆ جبەخانەی سەر بە ئێران لە عێراق.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی