قەڵەوی زۆر لەوە مەترسیدارترە كە پێشبینی دەكرا

تەندروستی

18/08/2019‌ 431 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لێكۆڵینەوەیەكی نوێی فەرەنسی ئەوەی ئاشكراكردووە، كە قەڵەوی بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە زۆر لەوە مەترسیدارترە لەوەی پێشتر بڕوایان پێی بوو.

لێكۆڵەران ئەو لێكۆڵینەوەیان لەئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ توێژەینەوە شێرپەنجەییەكان كردووە، كە بارەگاكەی لەپاریسە و دەڵێن: لەستایلەكانی ژیان، كێشی زیاد لەدوای جگەرەكێشان دێت بۆ تووشبوون بەشێرپەنجە و دەكرێت خۆی لێ بەدوور بگیرێت.

لێكۆڵەرەكان دەشڵێن: ئەنجامی ئەو لێكۆڵینەوەیە ئەوەی پیشانداوە، كە لەراستیدا قەڵەوی پەیوەستە بە مەترسی تووشبوون بەشێرپەنجەی ریخۆڵەكان ، گورچیلە ، پەنكریاس ، هێلكەدان ، ناوپۆشی منداڵدان و سورێنچك .

هاوكات رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی لە سیمۆن ستیفنزی سەرۆكی دەستەی خزمەتگوزارییە تەندرووستییە نیشتیمانییەكانی ئینگلتەرا گواستوویەتییەوە، لەگەڵ ئەوەی دەرفەتی رەزگاربوون لە شێرپەنجە لە زیادبووندایە، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێكی زۆری خەڵك هێشتا لەراددەی مەترسییەكانی قەڵەوی بۆ تووشبوون بەشێرپەنجە ئاگادار نین ، ئەوەتا ئێستا بە بەڵگە دەركەوتووە، كە قەڵەوی زۆر لەوە مەترسیدار ترە وەك پێشتر دەزانرا.

سیمۆن لەبەشێكی تری قسەكانیدا دەشڵێت: ئەگەر خەڵك بەردەوام كێشیان زیاد بكات، ئەوە پێشبینی دەكرێت ژمارەی ئەوانەی بەشێرپەنجە گیان لەدەست دەدەن ساڵانە بگاتە هەزاران كەس، هەرچەندە دەستەی خزمەتگوزارییە تەندرووستییەكان بەئەركی خۆی هەڵدەستێت، بەڵام رووبەرووبوونەوەی قەڵەوی زۆر پڕ خەرجییە و  پێویستی بەوەیە خێزانەكان، كۆمپانیا خۆراكییەكان و حكومەتە بۆ ئەوەی دەستپێشخەری بكەن و رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی