هاوپەیمانی فەتح هۆشداری توند دەداتە هەرێمی كوردستان

عیراق

19/08/2019‌ 2987 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
فازڵ فەتلاوی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح هۆشداری دەدات لەچارەسەرنەكردنی كێشەی بودجە لەنێوان هەرێمی كوردستان و عێراق‌و دەڵێت: ئەگەر هەولێر ئەوەی بەپێی یاسای بودجە لەئەستۆیەتی جێبەجێی نەكات ئەوە هەڵوێستی پەرلەمان بەتایبەتی لەكاتی ئامادەكردنی بودجەی ساڵی داهاتوو قورس دەبێت .

فەتلاوی لەلێدوانێكدا دەشڵێت: دەبێت هەرێمی كوردستان پابەندی بەندەكانی بودجە بێت و لەپێناو دەستەبەركردنی شایستەداراییەكانی لەبودجەی فیدڕاڵی ساڵی داهاتوو ئەوەی لەئەستۆیەتی بەرانبەر بە بەغدا جێبەجێیبكات .

ئەو ئاماژە بەوەش دەكات، كە هەڵوێستی پەرلەمان بەرانبەر بە هەرێم یەكگرتوو نییە ئەگەر هات و ئامادە نەبوو ئەوەی لەئەستۆیەتی لە رادەستكردنی ئەو بڕە نەوتەی پێویستە بیداتە بەغدا، روونیشیكردەوە، ئەو لیژنانەی بۆ دانوستان لەگەڵ هەرێم پێكهاتوون دەبێت دیدگایەكی یەكگرتوویان لەسەر ئەو بڕە پارەیە هەبێت، كە لەنێوان هەرێم و بەغدا هەیە .

هەروەها باسی لەوەش كردووە، كە پارێزگاكانی باشووری عێراق لەگەڵ ئەوەی بەدەست كەمی و دواكەوتنی ئەو داهاتەوە دەناڵێنن، كە بۆیانتەرخان دەكرێت ، بەڵام بەكۆڵەكەی سەرەكی دابینكردنی بودجە دادەنرێن .

فەتلاوی بەپێویستی دەزانێت هەرێم پابەندی یاسای بودجە بێت لەپێناو دەستەبەركردنی ئەوەی هەموو پارێزگاكان شایستە داراییەكانی خۆیان وەربگرن و بتوانرێت یاسای بودجەی ساڵی داهاتوو بەشێوەیەكی دروست ئامادە بكرێت .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی