زەنگی مەترسی.. كەمبوونەوەی ئاو هەڕەشە لە سعودییە دەكات

جیهان

21/08/2019‌ 1070 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
(شانشینی دەوڵەمەند بەنەوت، كە گرنگترین شتی نییە)، ناونیشانی راپۆرتێكی ڤلادیمیر دوبرینینە لە گۆڤاری (فزغلیاد) بڵاویكردووەتەوە، ئەوەش دەربارەی ئەو زانیارییانەی باس لە پاشەكشەیەكی مەترسیداری ئاوی ژێر زەوی دەكات لەشانشینی سعودییە.

بەپێی راپۆرتەكە، شانشینی سعودییە رووبەرووی كێشەیەكی مەترسیدار دەبێتەوە، پێشبینی ئەوە دەكرێت گرنگترین یەدەگی شل و پێویستی سەر ئەم هەسارەیە، كە ئاوە، بەخێرایی تەواو دەبێت و تەنیا بەشی چەند ساڵێك دەكات.

لە سعودییە تەنیا دوو سەرچاوەی ئاو هەیە، بیرە قووڵەكان و دەریا. بەڵام ئەوەی لە هزری سعودییەكاندا بوونی هەیە ئەوەیە، لەبەر ئەوەی نەوت هەیە كەواتە هیچ كێشەیەكی تر بوونی نییە، بەڵام ئەو زانیارییانەی باس لە رێژەیەكی كەمی ئاوی ژێر زەوی دەكات، وەك بروسكە وا بوو لە ئاسمانێكی بێگەرددا.

شانشینی سعودییە هەموو رۆژێك 263 لیتر ئاوی دەوێت بۆ هەر تاكێك، واتە دوو هێندەی ناوەندی بەكاربەری جیهانی، بەهۆی ئەو گۆڕانەش لەژینگەدا روودەدات گەرمی و وشكانی لە نیمچە دوورگەدا زیاد دەبێت، ئەمەش رێژەی بەكاربردن دوو هێندە لێدەكات، واتە بەكاربردنی یەدەگەكان خێراتر دەبێت.

بۆ ماوەیەكی درێژ، وا گومان دەبرا كەمی ئاوی خواردنەوەی سروشتی لەرێگەی پاڵاوتنی ئاوی دەریاوە پڕ دەكرێتەوە، شانشینی سعودییە یەكێكە لەو وڵاتانەی زۆرترین ئاوی پاڵاوتە بەكاردەهێنێت، بە شێوەیەك 31 وێستگەی بۆ پرۆسەیە هەیە و پشكی بەكارهێنانی ئاوی شیرین لە سعودیە 50% ە.

بەڵام كاری قورس بریتییە لە گۆڕینی هەڵسوكەوتی مرۆڤ، واتە خەڵك دەست بە بەكارهێنانی ئاوەوە بگرێت لە پێناو ئەوەی خۆی لە كێشەی كەمیی ئاو بپارێزێت.

بەو هۆیەشەوە سعودییەكان لە مانگی ئاداری رابردووەوە هەڵمەتی بەرنامەی (قەترە)یان دەستپێكرد، بەگوێرەی ئەو بەرنامەیە لەسەر دانیشتوانی وڵاتەكە پێویستە وردە وردە لەسەر كەم بەكارهێنانی ئاو ڕابێن. 

هەروەها لەگەل هاتنی ساڵی 2020 دا پێویستە بەكاربردن بۆ هەر كەسێك بگاتە 200 لیتری رۆژانەو پاشان لە 2030 كەمبكرێتەوە بۆ 150 لیتر.

ئەوانەی بەرنامەكەیان دەست پێكردووە دەیانەوێت لە كەرتی كشتوكاڵیش هەمان شت بكرێت، پلانە نیشتمانییەكە مەبەستی لە دیدگای ساڵی 2020، كەمكردنەوەی بەكارهێنانی ئاوی ژێر زەویە بۆ كشتوكاڵ كردن بە رێژەی 50%، كە نەوت ئەم وڵاتەی دروست كرد، بەڵام ئاو، یاخود نەمانی، كۆتایی پێ دەهێنێت.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا