شارپرێس:
لە رووداوێكی نامۆدا، ئافرەتێكی ئەمەریكی لەكاتی خەریكبوونی بە راوەماسی لە دەریاچەی شامبلین، كە دەكەوێتە نێوان سنووری هەردوو ویلایەتی نیویۆرك و فیرمۆنت، ماسییەكی دۆزییەوە، كە دوو دەمی هەیە.
بەگوێرەی تۆری "سی بی ئێس نیوز"ی ئەمەریكی، ئافرەتەكە ناوی دیبی گیدیسە و لەگەڵ تیمێكی راوەماسی ناوچەكە خەریكی راوكردن بوون، بەڵام بەراوكردنی ماسییەكی نامۆ تووشی شۆك بووە .
تیمی راوەكە وێنەی ماسییەكەیان لەتۆری كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاوكردووەتەوە، كە بەهۆیەوە بەشێكی زۆری بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان تووشی ترس و سەرسووڕمان بوون و هەزاران جار وێنەكەیان لەهەژمارەكانیان بڵاوكردووەتەوە.
هەندێك لە بەكارهێنەران گومانیان هەبوو لەوەی ماسییەكە دوو دەمی هەبێت و وتوویانە ئەگەری هەیە دەمی ماسییەكە بەهۆی بەركەوتنی بەشتێك ئەو شكڵەی گرتبێت و وەك دوو دەمی لێكردبێت .
چەند كەسێكی تریش باسیان لەوە كردووە، كە رەنگە دەمی ماسییەكە بەهۆی پیسبوونی ئاوی دەریاچەكە تووشی شێواندن هاتبێت ئەگینا خۆی لەبنەڕەتدا نەو شێوەیە درووست نەبووە.
زۆر دەمێكە قسە و باسی ئەوە لەگۆڕێدایە، كە دەریاچەی شامبلین بوونەوەری دەریایی نائاسایی تێدایە، چەند گەشتیارێك باسیان لەوە كردووە لە سەدەی نۆزدەوە ئەو بوونەوەرە نامۆیانە لە دەریاچەكەدا بینراون .
دۆزەرەوە ساموئێل دی شامبلان ، لە بیرەوەریەكانیدا كە لەساڵی ١٦٠٩ باسی ئەو بوونەوەرانەی ناو دەریاچەكەی كردووە و گوتویەتی كە لە هۆزەكانی ناوچەكەی بیستووە كە دەریاچەكە ماسیگەلێكی دڕندە و زۆر مەترسیداری تێدایە بەجۆرێك خاوەنی دوو ریز ددانی تیژن .
وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی