لێكۆڵینەوەیەك تیروانینی خەڵك بۆ وێنەی سێلفی ئاشكرادەكات

هەمەڕەنگ

26/08/2019‌ 624 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەم دواییانە لێكۆڵینەوەیەك لەسەر ژمارەیەك بەكارهێنەری پێگەی ئینستگرام كراوە ئەوەی ئاشكراكردووە، ئەو كەسانەی زۆر وێنەی سێڵفی خۆیان بڵاودەكەنەوە، لەلایەن بەكارهێنەرانی تری پێگەكەوە تێروانینێكی نەرێنی لەسەریان دروست دەبێت .

لێكۆڵینەوەكە، كە لە گۆڤاری "ریسێرچ ئین پێرسۆناڵیتی" بڵاوكراوەتەوە، جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە ئەو كەسانەی وێنەی سێڵفی خۆیان زۆر بڵاودەكەنەوە، هەستێكی وا لای خەڵكی تر دروست دەكەن، كە ئەوان كەمتر كەسانی سەركەوتوون‌و كەمتر كەسانی دەمینن و كەمتر تێكەڵی كۆمەڵگە دەبن.

پێگەی "ساینس ئەلێرت" لەسەر زاری چیریز باری، زانای دەروونناس لە زانكۆی واشنتۆنەوە دەڵێت: كاتێك ناوەرۆكی پۆستەكە وەك گەشتكردن، یان سەركەوتنێكە، ئەوە هەست و تێڕوانینێكی نەرینی لەسەر كەسی خاوەن وێنە سێڵفییەكە دروست دەبێت، لەكاتێكدا هەست و تێروانینی ئەرێنیان بەرانبەر ئەو كەسە هەیە، كە وێنەیەك بڵاودەكاتەوە لەلایەن كەسێكی ترەوە گیراوە .

ئەو لێكۆڵینەوەیە جیاوازە لەو لێكۆڵینەوانەی پێشووتر لەسەر بەكارهێنەرانی ئینستگرام كراون، بەجۆرێك لەلێكۆڵینەوەكانی پێشووتردا تەركیز لەسەر ئەو كەسانە بووە، كە پۆستەكانیان بڵاودەكەنەوە و هەوڵیداوە پەیوەندییەك لەنێوان نەرجسیەت و وێنەی سێلفیدا بدۆزێتەوە، بەڵام ئەم لێكۆڵینەوەیەی دوایی لەسەر ئەو بەكارهێنەرانەیە، كە خەڵكی تر حوكمیان لەسەر دەدەن .

لێكۆڵەران گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی، كە وێنەگرتن لەڕێگای خەڵكی ترەوە سرووشتی ترە و لەوێنەی سێلفی كەمتر خۆنواندنی تێدایە، جگە لەوەی شرۆڤەی تریشیان بۆ وێنەی سێڵفی كردووە، وەك ئەوەی وێنەی سێڵفی لای بەكارهێنەرانی تر جۆرێك لە نەرجسییەت دەردەخات لەكاتێكدا ئەگەر پۆستەكە هیچ پەیوەندی بە هۆكاری نەرجسییەوە نەبێت .

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵلا ئاڵی