ناكۆكی ئەردۆغان و جەنراڵەكان.. ئەفسەرە باڵاكانی سوپای توركیا بەكۆمەڵ دەستلەكاردەكێشنەوە

جیهان

26/08/2019‌ 3718 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
تەنیا چەند رۆژێكی كەم پێش ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی "جەژنی سەركەوتنی سەربازی"، كە دەكەوێتە كۆتایی ئەم مانگە، هەواڵەكان باس لەوە دەكەن ژمارەیەك جەنەراڵی سوپای توركیا داواكاری دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەش كردووە، یاخود ئەوەی پێیدەوترێت داوكاری خانەنشین بوون.

تائێستا ئەوەی ئاشكرا بووە ٥ جەنەراڵ ئەو داواكارییەیان پێشكەش كردووە، كە دووانیان بەرپرسن لە خاڵەكانی چاودێری سوپای توركیا لە ئیدلب و پرۆسە سەربازییەكانی توركیا لە باكووری سوریا، دووی تریشیان بەرپرسن لەپرۆسە سەربازییەكانی سوپای توركیا لەسەر سنووری هەرێمی كوردستان، كە تائێستا كاری لەو جۆرە لەناو دووەم سوپای هاوپەیمانی ناتۆ كارێكی باو نەبووە.

ئەو دەستلەكاركێشانەوانە وەك دەربڕینی نارەزایەتییە بەرانبەر بە بڕیارەكانی دواین كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی راوێژكاری سەربازی، كە ئەردۆغان سەرۆكایەتی دەكرد .

ئەو جۆرە بڕیارانە بوونە هۆی خانەنشینكردنی زۆربەی ئەو جەنەراڵانەی پشتیوانی هەوڵی كودەتا شكستخواردووەكەیان كرد لەساڵی ٢٠١٦ ، لەبەرانبەردا پلەی ژمارەیەك ئەفسەری بچووك بەرزككرایەوە، كە دەوترێت ئەوانە شارەزایی و لێهاتووییان كەمە .

رەخنەكان كۆبوونەوەی دوایشی گرتووەتەوە، كە تەنیا سەعاتێكی خایاند لەكاتێكدا ئەو كۆبوونەوەیە بەردەوام ٦ بۆ ٨ سەعاتی پێچووە بۆ باسكردنی بابەتی پلەبەرزكردەوەكان زۆر بە وردی .

یەكێكی تریش لە بڕیارەكانی ئەنجوومەنی ڕاوێژكاری سەربازی بریتی بوو لە كەمكردنەوەی ژمارەی جەنەراڵەكانی سوپا بۆ نیوەی ئەو ژمارەیەی ئێستا، رەخنەگرەكان دەڵێن: وای لێهاتووە پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار بڕیار لەسەر پلەبەرزكردنەوەكانی ناو سوپا دەدات .

ماوەیەك پێشتر رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا یاسای خزمەتی سەربازی زۆرەملێی لە پەرلەمان هەمواركردەوە ، كە بەوپێیە سێیەكی ژمارەی سوپای توركیا كەمدەكرێتەوە ، ئەوەش بەپاساوی درووستكردنی سوپایەكی پیشەیی كەم خەرجی تر و ژمارە كەمتر .

سەرۆكی توركیا هەوڵی كودەتاكەی ساڵی ٢٠١٦ی قۆستەوە بۆ پاكتاوكردنی نەیارەكانی لەناو دامەزراوەی سەربازیدا ، كە هەموو ئەو ئەفسەر و پلەدارانەی دەگرتەوە كە لایەنداری ئەو نین .

لەكاتێكدا ئەردۆغان لەماوەی ئەو سێ ساڵەی رابردوودا پلە بە پلە ئەو جەنەراڵانەی لایەنگی خۆی نین لەناو سوپای دوور خستوونەتەوە ، لەهەمان كاتیشدا بەخێرایی پلەی ئەو ئەفسەرانەی لایەنگی ئەون  بەرزكردۆتەوە ، كە ئەوەش وەك هەوڵێكی ئەردۆغان بۆ دەستگرتن بەسەر دامەزراوەی سەربازیدا لێكدەدرێتەوە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی