بەرهەم ساڵح دەیەوێت جڵەوگیری ئەو سەركردانەی عێراق بكات لەئێرانەوە نزیكن

عیراق

26/08/2019‌ 1934 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كاردانەوەی هێرشەكانی ئەم دواییەیی سەر بارەگاكانی حەشدی شەعبی، كە ئۆباڵەكەی دەدرێتەپاڵ ئەمریكا و ئیسرائیل، جۆرێك لە پشێوی و دڵەڕاوكێی بۆ بەرپرسانی عێراق دروست كردووە،‌ كە پێشینەی نەبووە، بە تایبەتیش بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆماری عێراق، ئەمەش‌ بە هۆی پەیوەندی پتەوی سەرۆك كۆمار بە ئەمریكاوە. 

لەو لاشەوە سەرۆك كۆماری عێراق پەرۆشی پارێزگاریكردنە لە پەیوەندییەكانی لەگەڵ لاگیرانی ئێران لەعێراقدا، لەو نێوانەشدا دەیەوێت جۆرێك لە سازان لە نێوان ئەو دوو پەیوەندییەدا بێنێتەكایەوە. 

لەبەرانبەر هێرشەكان ملیشیا شێعەكانی سەر بە ئێران هەڕەشە لە ئەمریكا دەكەن، هەموو ئەمانەش دژ بە تیۆرەكەی بەرهەم ساڵحن، كە دەیەوێت هاوسەنگییەك بۆ عێراق دەستەبەر كات و دووریخاتەوە لە ململانێی تەوەربەندەییەكانی ناوچەكە.

لەو كاتەوەی ئیسرائیل جوڵە سەربازییەكانی خۆی دژ بە ئێران لە ناوچەكە دەستپێكردووە، سەرۆك كۆماری عێراق بە سیاسییە عێراقییەكانی سەر بە ئێرانی ڕاگەیاندووە، كە هەڵكشانی دۆخەكە لە بەرژەوەندی بەغدا نییە.

لایەنە شیعەكانیش ئەمریكا تۆمەتبار دەكەن، كە لەو كردەوە سەربازییانەدا ئاسانكارییان بۆ ئیسرائیل كردووە، بۆیە دووپاتی ئەوەیان كردووەتەوە ئەگەر هێرشی دیكەیان بكرێتەسەر، ئەوا هێرش دەكەنە سەر ئامانجە ئەمریكییەكان لە عێراقدا. 

لەو بارەوە ئەبو مەهدی موهەندیسی جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی  وتی: سوپای ئەمریكا 4 فڕۆكەی هێنانانە ناو عێراقەوە، كە لە ئازەربایجانەوە بەرێكەوتوون بۆ ئەنجامدانی كردەوەی دوژمنكارنە دژ بە حەشدی شەعبی.

هاوكات كەتیبەكانی حیزبوڵای عێراقی، كە توندترین كەتیبەی حەشدی شەعبین و لە پاسەوانی شۆڕشی ئێرانەوە نزیكن، ڕایانگەیاندووە، هێرش دەكەنەسەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە عێراق، ئەگەر دووبارە بارەگاكانی حەشدی شەعبی ڕووبەڕوی هێرشی دوژمنكارانە ببنەوە.

هەڕەشەكانی سەركردەی میلیشیا شیعەكان نەیتوانی ئیسرائیل بوەستێنێت لە بە ئامانجگرتنی چالاكییە ئێرانییەكان لە ناوچەكە لە سوریا، جۆناسان كۆنریكوسی قسەكەری سوپای بەرگری ئیسرائیلیش ڕاگەیاند، چەند هێرشێكی ئێرانییەكانیان بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان دژ بە ئیسڕائیل لە سوریا پوچەڵكردوونەوە.

ئەمە یەكەمجار نییە، كە هێزە عێراقییەكانی ناو سوریا تووشی هێرش و پەلامار دەبنەوە، بەڵام ئەمە یەكەمجارە ئیسرائیل بە فەرمی ڕایدەگەیەنێت، كە ئەو ئەنجامدەری هێرشەكان بووە. 

ئیسرائیل كاتسی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لەو بارەوە وتی: هێرشەكان پەیامێكی ئیسرائیلی بوون بۆ ئێران، كە لە هیچ شوێنێك پارێزراو نابن.

ئەو وتیشی: ئەگەر ئەگەر ئێمە ڕێگریمان نەكردبایە لە جموجۆڵی ئێرانییەكان لەسوریا، ئێستا ژمارەی لایەنگرانیان لەو وڵاتە دەگەیشتە 100 هەزار چەكدار.

لەم یەك دوو ڕۆژەی دوایشدا وا دەردەكەوێت، كە بەغدا خەریكە پێی دەخلیسكێتە ناو جەنگێكی لایەنە ناكۆكەكان لە ناوچەكە، بۆیە سەرۆك عێراق لە هەوڵی ئەوەدایە گەرەنتی لە سیاسییە ‌عێراقییەكانی نزیك لە ئێران وەربگرێت، كە جڵەوگیری چەكدارەكانیان بكەن و ساردیان كەنەوە لەو جۆش و خرۆشەی تێی كەوتوون. 

كۆبوونەوەشی لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران و محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان هەر بۆ ئەو مەبەستە بووە، ئامانجیش ملكەچپێكردنی هێزەكانی حەشدی شەعبی بووە بۆ بڕیارە دیوانییەكەی سەرۆكایەتی ئەنجومەن وەزیرانی عێراق. 

بۆ هەمان مەبەستیشی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار چاوی بە نوری مالیكی و هادی عامری كەوتووە، كە نزیكن لە ئێرانەوە.

بەرهەم ساڵح لە چاوپێكەوتنی لەگەڵ مالیكی و عامری جەختی لەوە كردووەتەوە، كە سیاسەتی تەوەربەندییەكان ڕەتدەكەنەوە، نابێت لایەنە ناكۆكەكەكان لەسەر خاكی عێراق ململانێكانیان یەكلایی بكەنەوە، دەبێت هەموو دامەزراوەكانی عێراق پابەندی دەستوربن لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم پرسەدا. 

داواشیكردووە لە پێناو بەرقەراركردنی ئاشتی كاری بەیەكەوەی بكەن و لێكۆڵینەوەی وردیش لە ڕووداوەكانی ئەم دوایەی عێراق بكرێت سەبارەت بە تەقینەوەی كۆگای چەكەكانی حەشدی شەعبی.

قسەكانی سەرۆكی عێراق پەیامی ڕاشكاو بوون بۆ نزیكەكان ئێران لە عێراق، لەوەی عێراق ببێتە گۆڕەپانی جەنگ و یەكلاییكردنەوەی ململانێی نێوان لایەنە ناكۆكەكانی ناوچەكە و بە تایبەتیش ململانێی نیوان تاران و واشنتۆن.

دوور نییە سەرۆكی عێراق پەیامی واشنتۆنیشی بە هاوپەیمانەكانی ئێران لە عێراق گەیاندبێت لەوەی وریایان دەكاتەوە هێرش بكەنەسەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە عێراق، ئەمەش بە هۆی ئەو پەیوەندییە پتەوەوەیە، كە بەرهەم ساڵح لەگەڵ ئەمریكییەكان هەیەتی.

چاودیران دەڵێن: ئێران لە عێراقدا بژاردەكانی سنووردارن، باڵویزخانەی ئەمریكا لە عێراق لە 3000 كەسەوە تەنیا 15 كارمەرمەندی تیدا ماون، بۆیە بە ئامانجگرتنی هیچ نرخێكی ئەوتۆی نییە، بوونی سەربازی ئەمریكاش لە عێراق بە تەنیشت هێزە چەكدارەكانی سوپای عێراقەوەیە، بۆیە ئەم ئامانجەش بۆ ئێران سوودێكی نابێت، بۆیە تەنیا كارێك ئێران بیكات هێرشی میدیاییە دژ بە ئەمریكا.

سەرچاوە: عەرەب 
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر

بەپەلە