لەمپەرەكانی بەردەم ئێران بۆ دانیشتن لەسەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریكا

جیهان

02/09/2019‌ 916 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
تەنگژەی هەڵكشاوی نێوان تاران و واشنتۆن یەكێكە لەدیارترین دیمەنە سیاسی و سەربازییەكانی ئەمڕۆی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش زۆر هۆكاری هەیە وەك پەیوەندی نێوان هەردوولا، دیمەنی گشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێشدەستییەكانی وڵاتی عومان و ژاپۆن و دواتریش دوا پێشدەستی فەرەنسا، كە لە لوتكەی حەوتی دەوڵەتە پیشەسازییەكاندا لەباشووری فەرەنسا و هاوینەهەواری "بیاڕیتز" لە 24 ی ئۆگۆستۆس و ئابی 2019 خرایەڕوو.

پێش ئەوەی ئیمانوێل ماكرۆن پێشدەستییەكەی بخاتەڕوو، دوای لە حەسەن ڕۆحانی سەرۆكی ئێران كرد سەردانی فەرەنسا بكات و ئاشنا بێت بە ناوەرۆكی پێشدەستییەكە. 

پاریس پێشنیاری گرنگی گشتی خستەڕوو بۆ چارەسەركردنی تەنگژەی پرۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێران و سڕكردنی پرۆگرامی موشەكە بالیستییەكانی، لە بەرانبەریشدا ئەوەی خستەڕوو بەشێوەیەكی بەشی (جزئی) سزاكان لەسەر هەناردەی نەوتی ئێرانی هەڵبگیرێت، داڕشتەی ئەوروپیش بۆ چارەسەركردنی كێشەكە لە ڕووی مامەڵە داراییەكانەوە بخرێتەڕوو لەگەڵ بانقەكانی ئێراندا، هەروەها سازدانی گفتوگۆیەكی ڕووبەڕوو لە نێوان ڕۆحانی و دۆناڵد ترامپ و دەستپێكردنی دانوستانی ڕاستەوخۆ كە كۆتایی بە تەنگژەكە بێنێت.

هەڵوێستی حەسەن ڕۆحانی
ڕۆحانی ڕایگەیاند، هەرچەندە هیوا و ئومێدەكان لاوازیش بن، پێویستە هەوڵ و كۆششی خۆمان بدەین و هەوڵەكانیش لەدەست نەدەین، سەردانەكەی زەریفیش لە لایەن كۆنەپارێزانی ئیرانەوە ڕەخنەی زۆری لێگیرا. 

لە هەمان كاتدا ڕۆحانی دووپاتیكردەووە، كە ئەوان بەرەنگاری دەكەن و مامەڵەی وەك یەك لەگەڵ نەیارەكانیان دەكەن، بەڵام هەلیش بۆ دانوستان و كاری دبلۆماسی دێڵنەوە، لەو مۆڵەتە دوو مانگییەی بەنەیارەكانیشیان بەخشیووە، دەرگای دبلۆماسییەت بەكراوەیی دێڵنەوە، لە هەمان كاتیشدا بەرگری لەبەرژەوەندییەكان و ئاسایشی وڵاتەكەیان دەكەن.

ئەو وتیشی كاتێك ئەوان‌ دەستیان بەسەر كەشتییە نەوتهەڵگرەگەی ئێمەدا گرت، دانوستانمان كرد، لەولاشەوە دەستمان بەسەر كەشتییەكەی ئەواندا گرت.

هێرشی ڕەووتی كۆنەپارێزانی ئێران
زۆرینەی ڕەخنەكانیش لەوەوە سەریان هەڵدا، كە ڕۆحانی ئاماژەی بەوەدا دەكرێت پیشدەستییەكەی فەرەنسا قبوڵ بكرێت و دانوستانی راستەوخۆ لەگەڵ دۆناڵد ترامپ دەست پێبكات. 

ئەوان پێیان وایە ئەو قسانەی ڕۆحانی دژیەكە لەگەڵ هەڵوێستەكانی خامەنەئی موڕشید باڵای شۆڕشی ئیسلامی، كە پێشتر وتبووی ترامپ هی ئەوە نییە لەگەڵی دانیشین و دانوستانی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ئەنجام بدەین.

دواتر ڕۆحانی ئەو قسانەی خۆی گۆڕین و وتی: نابێت چاوپێكەوتن لەگەڵ ترامپ تەنیا بۆ وێنەگرتن بێت، دەبێت پێشتر متمانە لەنێوان تاران و واشنتۆن بنیات بنرێت، ئەوجار لەسەر مێزی دانوستان دانیشین، دەبێت هەموو سزاكانی سەر ئێرانیش هەڵگیرێن، ئەم قسانەشی بۆ ساركردنەوەی تەوژمی گەرموگوڕی ڕەخنەكانی كۆنەپارێزان بوو لە ناو ئەنجوومەنی شورای ئێراندا.

لەلایەكی تر زەریفیش تووشی هەمان شەپۆلی ڕەخنەی كۆنەپارێزانی ئێران بووەوە كاتێك وتی: ڕیگەكەمان سەختە، بەڵام شایستەی ئەوەیە پیایدا بڕۆین. 

لەو بارەوە قسەكەری حكومەتی ئێرانیش وتی: سەردانەكەی زەریف پەیوەست نییە بە لوتكەی حەوت دەوڵەتە پیشەسازییەكەوە، بەڵكو لەسەر داوای سەرۆكی فەرەنسا بووە، كە پێشتر ڕوحانی دیوە. 

لە سەردانەكەدا زەریف چاویشی بە ئەنجیلا مێركڵی ڕاوێژكاری ئەڵمانیا و دۆمێنیك كامێنجزی ڕاوێژكاری سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا كەوتووە.

ئێران مەرجەكانی ئەمریكا ڕەتدەكاتەوە
دیارە ئێران ڕانەهاتووە بە لاوازی لەسەر مێزی گفتوگوكان دانیشێت، تاران دەزانێت بە دانیشتنی لەسەر مێزی دانوستان ئەمریكا بە 12 مەرج ڕووبەڕووی دەبێتەوە، كە مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ساڵی پار ڕایگەیاندوون، هەموو بریكارەكانی ئێرانیش لە عێراق و سوریا و لوبنان لەژێر ڕەحمەتی بۆمبارانكردنی فڕۆكەكانی ئیسڕائیلدان، ئەو وڵاتانەش بەشێك بوون لە مامەڵە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئیدارەكەی تڕەمپدا، كە ئەگەر ئێران پێشدەستییەكەی فەرەنسا قبوڵ بكات، دانوستان لەسەر چی دەكات.

سەرباری ئەوەی سەرەوە، تاران دەزانێت ئەمریكا هەر داشكاندنێكی بۆ بكات، گرنگییەكی ئەوتۆی نابێت، كەواتە سوودی ئەم دانوستانەی ئێران چییە ئەگەر ڕوویدا، لەكاتێكدا ئەو لە دۆخێكی ئابووری كۆمەڵایەتی سەختدایە. 

بژاردەكانی ئێرانیش لە سایەی پێدراوەكانی ئێستادا سەخت و دژوارن، ئەمەش بەهۆی كەشوهەوای سیاسی گشتی ناوچەكەوە، چونكە هەتا بزووتنەوەی تاڵیبانیش، كە پەیوەندی باشی لەگەڵ‌ ئێراندا هەیە، ئێستا چووتە ناو جوغزی ئەمریكاوە، كە حكومەتی ئەفغانی ناچار كرد دانوستانی ڕاستەوخۆیان لەگەڵدا بكات و بیانكاتە لایەنێكی هاوكێشە سیاسییەكەی ئەفغانستان لە ئایندەدا. ئەمەش ڕێخۆشكردنە بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە ئەفغانستان لە كۆتایی ئەمساڵدا، بەمەش كارتێكی دیكەی ئێران بەتاڵ دەبێتەوە كە فشاری پێدەكاتەسەر ئەمریكا.

سەرچاوە: ن پۆست
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر

بەپەلە