مێژووی بەندیخانە.. كۆنترین داهێنانی مرۆڤایەتییە

جیهان

08/09/2019‌ 2315 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەندیخانە یاخود زیندان، یەكێكە لە هەرە كۆنترین داهێنانەكانی مرۆڤ، هەر لەگەڵ دروستبوونی خێزان و كۆمەڵگای مرۆڤایەتی، مرۆڤ بیری لەوە كردووەتەوە، كە چۆن ڕێگری لەتاوان و خراپەكارییەكانی كۆمەڵگا بكات و سزایان بۆ دابنێت، بۆیە بیری لەبەندكردن و دورخستنەوەی ئەو كەسانە كردووەتەوە لەكۆمەڵگا و سزایانی داوە، تاكو ببن بە پەندێك بۆ هەموو تاكێكی كۆمەڵگا و خراپەكاری كەم ببێتەوە.

جۆرەكانی سزادان پێش دروستبوونی بەندیخانە
پێش دروستكردنی زیندانەكان، كاربەدەستان سزای كەسی خراپەكارییان دەدا، سزاكانیش بە زۆری سزای جەستەیی بوون، یاخود دورخستنەوەی ئەو كەسەبوو بۆ شوێنێكی دوور بەبێ دادگایی كردن، سزاكان لە شوێنە گشتییەكان جێبەجێدەكران تاكو زۆربەی دانیشتووانی ئەو شوێنە، یاخود ئەو وڵاتە بیبینن و ئیتر نەوێرن خراپە بكەن.

سەرەتا بەندیخانە بۆ سزادان دروستنەكرا، بەڵكو بۆ هێشتنەوەی تاوانبار بوو تاكو دیاریكردنی ڕۆژێك بۆ ئەوەی سزای بدرێت، سزاكانیش ئازاردەر بوون، بە زۆری لێدان بوو لە تاوانبارەكە بە قامچی.

بە پێی تێپەڕبوونی كات و پێشكەوتنی تەكنەلۆجیا بەندیخانە خۆی بوو بە جۆرێك لە جۆرەكانی سزا، هەروەها شێوازەكانی بەندكردن گۆڕان، سەرەتا زیندانی ژێرزەمینی و بەستنەوەی كەسی تاوانبار بوو بە زنجیر، یاخود هێشتنەوەیان بوو لەقەڵا پتەوەكان، بەڵام ئێستا بەندیخانەكان گۆڕاون، لە زیندانەكانی وڵاتە پێشكەوتووەكان  دەرگاكان لەئاسنەوە گۆڕاون بۆ دەرگای پەنجەمۆرو ئەلیكترۆنی.

كەی بەندیخانە بونیادنرا؟
كۆنترین مێژووی دروستكردنی بەندیخانە دەگەڕێتەوە بۆ هەزارەی یەكەمی پێش زایین لە هەردوو وڵاتی میسر و دوو ئاوان، بەندیخانەكان ژووری بچووكی ژێر زەمینی بوون، چارەنووسی زیندانییەكە لە سێدارەدان بوو، یاخود دەكرا بە كۆیلە.

یۆنانی كۆن كەمێك لە بارودۆخی زیندانی گۆڕی، بەوەی زیندانی لەژوورە بچووك و تاریكەكان و دیوارە بەرزەكانەوە گۆڕی بۆ ناو باخچەكان، زیندانییەكە زنجیرێكی ئاسن لەپێی دەبسترا و بە دارێكەوە دەبەسترایەوە، هەروەها ڕێگە بە كەسوكار و هاوڕێكانی دەدرا سەردانی بكەن.

لە سەردەمی ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانیدا حاڵی بەندیخانەكان زۆر خراپ بوون، زیندانییەكان دەخرانە ژووری بچووك و تاریكی ژێرزەمینییەوە و بە زنجیری ئەستوور دەبەسترانەوە، شوێنەكان بە جۆرێك دروستدەكران، كە هۆكار بوون و بۆ تۆقین‌و خنكان، زیندانییەكان بۆ ماوەیەكی زۆر، یاخود بۆ هەتاهەتایە لەوێ دەمانەوە، ئەگەر لەوێش دەربچوونایە دەكران بە كۆیلە و بە مەبەستی خزمەتكردن و زۆرانبازی بەكاردەهێنران.

لەئەوروپا بەهەمان شێوەی یۆنان و ڕۆمانی بارودۆخی زیندانەكان خراپ بوون، تاكو دروستبوونی حكومڕانی پاشایی لەئینگلتەرا، لە ساڵی 1166 پاشا "هێنری دووەم" یەكەم زیندانی بونیادنا و چەند ڕێوشوێنێكی یاسایی بۆ زیندانیی دەركرد، كە تاڕادەیەك دادپەروەرانە بوو. (زیندانەكەی هێنری دووەم شێتخانەبوو كرا بە زیندان، هەروەكو میشێل فۆكۆ لە كتێبی "مێژووی شێتی لە چەرخی كلاسیكدا" ئاماژەی پێدەكات.

لە ساڵی 1215 پاشا "جۆن"، نووسراوێكی مۆر كرد، یان زۆری لێكرا بۆ ئەوەی نووسراوەكە مۆر بكات، نووسراوەكە دەڵێت: نابێت هیچ كەسێك زیندانی بكرێت بەبێ دادگایی كردن، لەسەدەی 15 دا لەگەڵ دروستبوونی بازاڕی گەورە و زۆربوونی ڕێژەی دانیشتووان، خراپەكارییەكان زۆرتر دەبوون، تاوانەكان بە زۆری دزی و ڕێگری و دەستدرێژی سێكسی بوون، پاشا چەندەها خانووی بۆ زیندانی كردنی ئەو كەسانە دابینكرد بەڵام زیندنەكان نەدەبەسترانەوە، بەڵكو چەندەها كەرەستەیان دەخرایە بەردەست تاكو چاكسازی لەكەسەكەدا بكەن و وەكو مرۆڤێكی باش بە كۆمەڵگەی ئاشنا بكەنەوە.

لە سەدەی 16 بۆ سەدەی 18 لەگەڵ پێشكەوتنی پیشەسازیدا، شێوازەكانی زیندانیكردن لە ئەوروپادا گۆڕان، بیریان لەوە دەكردەوە جۆرێك زیندان دروست بكەن پارەی زۆری تێنەچێت، زیندانییەكانیان دەنارد بۆ بنكە سەربازییە دورەكان‌و سەربازییان پێدەكردن، یاخود دەیانناردن بۆ باشووری ئەمریكا و ئوسترالیا تاكو كاری قورسیان پێبكەن بەبێ پاداشت، كاركردنەكە جۆرێك بوو لە كۆیلەیی، زۆربەی زیندانییەكان بە هۆی فەرامۆشكردنی لایەنی تەندروستیان و شەكەتی زۆرەوە دەمردن، یاخود ئەگەر بیان ویستایە هەڵبێن دەكوژران، فەڕەنسا و ڕووسیا تاكو سەدەی بیستەم كاریان بەم شێوازە زیندانییە كرد. (دۆستۆیڤسكی لە ڕۆمانی "یادگارییەكانی خانەی مردووان" ئاماژە بە ژیانی سەختی زیندانییەكان دەكات كە چۆن كاری قورسیان پێ دەكەن، ئەو ڕۆمانە بوو بە هۆكاری گۆڕینی شێوازی زیندانەكان لە ڕووسیا).

دامەزرێنەری بەندیخانەی نوێ
ئینگلتەرا بە یەكەم وڵات دادەنرێت، كە بەندیخانەی نوێی دروستكرد ئەوەش بیرۆكەی فەیلەسوف "جێرمی بەنتام" 1748-1832 بوو، ئەم فەیلەسوفە دژی لە سێدارەدان بوو، بۆیە بیرۆكەیەكی پێشكەش بە كاربەدەستان كرد تا تاوانبار بخرێتە بەندیخانەوە وەك سزایەك و بە پێی گەورەیی تاوانەكەی لە بەندیخانەدا بمێنێتەوە، هەروەها ڕێگری لە زیندانییەكان بكرێت پاسەوانەكان ببینن تا لە ڕێی پێدانی بەرتیل و پارەوە دەرگایان بۆ نەكەنەوە هەڵبێن.

فەیلەسوفی ئەمریكی "بنیامین ڕاش" باوەڕی بە دورخستنەوەی تاواباران و دوبارە پەروەردە كردنەوەیان هەبوو، بۆیە زیندانیان لە ئەمریكا دروستكرد و ناونرا چاكسازی.

لەگەڵ زیادبوونی زیندانییەكاندا بیر لە دروستكردنی بەندیخانەی گەورەتر كرایەوە، وەك دروستكردنی زیندانی ڕۆژهەڵاتی لە فیلادلفیا، كە زیندانێكی یەكجار گەورەبووە و تێچووی دروستكردنەكەی 770000 دۆلاری ئەمریكی بوو.

لە ساڵی 1820 نیۆرك یاسایەكی بەسەر زیندانییاندا جێبەجێكرد، ئەویش یاسای بێدەنگیی بوو، لە بەیانییەوە هەتا ئێوارە كاری قورس و شەوانیش زیندانی تاكە كەسی، بەناوبانگترین زیندان، كە ئەم یاسایەی جێبەجێكرد زیندانی "سینج-سینج" بوو، زیندانی سینج-سینج بە مارش و سزا و كورسی كارەبایی بەناوبانگ بوو، هەروەها یەكەمین زیندان بوو، كە یاسای یەكپۆشیی جلوبەرگی ڕەش و سپی بۆ زیندانییەكان دانا بۆ ئەوەی تاوانباران بناسرێنەوە. 

زیندانی سینج-سینج لە ساڵی 1953 دوو هاوسەری شیوعی لە سێدارەدا بە ناوی "ئیتیل و جولیو روزینبیرگ" بە تۆمەتی جاسوسی كردن بۆ یەكێتی سۆفییەت.

لە ساڵی 1920-1930 ڕێژەی تاوان و مافیاكان ڕوویان لەزیادبوون كرد، لەبەر ئەوەی بارودۆخی زیندانی چاكسازی بارودۆخێكی لەبار بوو بۆ ژیان، چەندەها كەس كاری نایاسایی و مافیاییان ئەنجامدا یەكێك لەوانە ناوە "ئال كابونی" بوو، ئەو كەسانە نێردران بۆ بەندیخانەیەكی نوێ لە سانفراسیسكۆ بە ناوی "كتراز"، زیندانێك بوو كە بونیادنانی و پاسەوانەكانی پتەوتر بوو، لەگەڵ ئەوەشدا چەندەها كەس توانیان لەو زیندانانە هەڵبێن و چەندەها فیلمی هۆڵییودیان لەسەر دەركران و كران بە پاڵەوانی سینەماكان. بە هۆكاری تێچووی پارەی زۆر لە ساڵی 1963 زیندانی تكراز داخرا.

دوای سەربەخۆیی ئەمریكا چەندەها زیندانی چاكسازی بونیاد نرا، چاكسازی بە مانا دینییەكەی، لەو زیندانانەدا كاتێكی زۆر تەرخان دەكرا بۆ ئەوەی تاوانبار دان بە تاوانەكانیدا بنێت و خۆی لە گوناهەكانی پاك بكاتەوە، بەڵام ئەم زیندانییە چاكسازییانە سودی نەبوو، چونكە زیندانییەكان كە ئازاد دەكران لە پێشوو توندوتیژتر دەبوون.

لە سەروبەندی جەنگە جیهانییەكاندا ئەم زیندانانە تەرخان كران بۆ دیل كردنی دوژمنە بێگانەكان.

نازییەكان لە ئەڵمانیادا بە فەرمانی ئەدۆڵف هیتلەر 300 كەمپیان دروستكرد بۆ دیلەكانی جەنگ و ئەو ڕۆژنامەنووسانەی، كە دژی وڵات بابەتیان نووسیوە و جاسوسەكان و شیوعییەكان و جولەكەكان، بەبێ دادگایكردن 17 بۆ 19 ملیۆن كەسیان بە شێوەیەكی دڕندانە كوشت.

هەوڵدان بۆ زیندانێكی باشتر
زیندانییەكان بە تەنیا جێ ناهێڵدرێن، لەگەڵ دروستبوونی بەندیخانەدا، چەندەها كۆمەڵە و ڕێخراو دروستبوونە و هەوڵێكی زۆریان داوە بۆ باشتركردنی ژیانی زیندانییان، یەكێك لەگرنگترین كۆمەڵەكان كۆمەڵەی فیلادلفیا بوو لە ساڵی 1787 دروستكرا، ئامانجی ئەم كۆمەڵەیە كەمكردنەوەی گرفتەكانی زیندانییەكان بوو بە تایبەتی: "نەهێشتنی ژووری تاكەكەسی" و "نەهێشتنی كاركردن بە زیندانییان".

"زیبلۆن برۆكوالی" لە ساڵی 1800 بیرۆكەیەكی بۆ زیندانییەكان پێشنیار كرد، هانی زیندانیانی دەدا بۆ فێربوون و پێیوتن: بە پێی فێربوون و گۆڕانكاری لە ڕەوشتی زیندانییەكاندا سزاكانیان كەم دەبنەوە.

"جۆن هوارد" (1726-1790) هەموو ژیانی بۆ ژیانی زیندانییەكان تەرخان كرد، لەكۆتایی سەدەی بیستەمدا سەردانی هەموو زیندانەكانی بەریتانیای كرد بۆ ئەوەی لە نزیكەوە لە كێشەكانیان تێبگات، چونكە خۆیشی 6 ساڵی لە زینداندا بەسەر بردبوو.

لە كۆتایی سەدەی نۆزدەدا خەڵكی زۆر توڕەبوون سەبارەت بەزیندانەكان، چەندین كۆمەڵە دروستبوون بۆ باشتركردنی ژیانی بەندییەكان و بەكارهێنانی ڕێگای چاكسازی نەوەك تەنها سزایان بدرێت.

لە ساڵی 1930 كۆمەڵێك لە زیندانەكان لە ژێر فشاری ئەم كۆمەڵانەدا چەند چاكسازییەكیان ئەنجامدا، لەوانە زیندانی "سان كوینتن"، كە بیانی زیندانییەكەی فراوانتر كرد بە شێوەیەكی ئەندازەیی وا دروستی كردەوە كە تیشكی خۆر باشتر بگات بە زیندانییەكان.

لە ساڵی 1950 پسپۆڕە دەرونییەكان داوایان كرد زیندانییان چارەسەری دەرونییان بۆ بكرێت، هەروەها لە ساڵی 1955 یاسای مامەڵەكردن لەگەڵ زیندانییەكاندا دەرچوو بەوەی كە مافە سەرەتاییەكانیان دابین بكرێت و ترس و تۆقینیان لەسەر كەم بكرێتەوە.

(لە ئێستادا نزیكەی دە ملیۆن و پێنجسەد هەزار كەس لە زینداندان، دو ملیۆن و دووسەد هەزار زیندانی لەسەر زەوی لە وڵاتی ئەمریكادا بەندن).

ئامادەكردنی: ڕەنج ڕەسوڵ
سەرچاوەكان:
wikipidia
sasapost