دوای چەندین دانیشتن دادگایەكی فەرەنسا سكاڵایەكی لەدژی كەڵەشێرێك رەتكردەوە

جیهان

09/09/2019‌ 828 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
كەڵەشێرێك بەناوی مۆریس لە جەنگە دادگاییەكەیدا سەركەوتنی بەدەستهێناو ئەو سكاڵایەی لەلایەن ماڵە دراوسێكەیەوە لەدژی بەرزكرابووەوە رەتكرایەوە و دادگا بڕیاریدا كەلەشێرەكە مافی ئەوەی هەیە هەموو بەیانیان بخوێنێت.

كۆرین فیسۆ، خاوەنی كەڵەشێرەكە بۆ ئاژانسی رۆیتەر وتی: دادگای رۆشفۆر لە رۆژئاوای فەرەنسا داواكاری ماڵە دراوسێكەی رەتكردووەتەوە بۆ بێدەنگگكردنی مۆریس.

ئەو وتیشی: ئەمڕۆ مۆریس جەنگەكەی لەپێناوی هەموو فەرەنسا بردەوە.

مۆریس كەڵەشێرێكی تەمەن ٤ ساڵە و لە دوورگەیەكی بچووكی نزیك  كەناری فەرەنسا، كە بەسەر زەریای ئەتكەسیدا دەروانێت دەژی، بەهۆی خوێندنی بەیانیانی كەڵەشێرەكە یەكێك لەدراوسێكانی جاڕس كردووە، كە ناوی جان لوی بیرۆنە، لەبنەڕەتدا كەشارەوە هاتووە بۆ دوورگەكە و خانووەیەكی لەتەنیشت ئەو ماڵە كڕیوە، كە مۆریسیان هەیە.

رووداوەكەش بەجۆرێكە، بیرۆن كە ئافرەتێكی بەتەمەنە سكاڵایەكی لەدژی كەڵەشێر "مۆریس" و كۆرین فیسۆی خاوەنەكەی بەرزكردووەتەوە بەهۆی ئەوەی كەڵەشێرەكە بەیانیان زوو دەخوێنێت و خەوی لێتێكدەدات، بۆیە پارێزەرەكەی داوای هەزار یۆرۆی وەك قەرەبوو كردووە.

گرفتی خوێندنی كەلەشێر لەفەرەنسا تازە نییە، بەڵكو لەساڵی ٢٠١٥ ئافرەتێكی بەتەمەن داواكارینامەیەكی بەرزكردەوە بۆ دانانی سنوورێك بۆ خوێندنی كەڵەشێر، كە بۆ پشتیوانیكردنی داوكارییەكە لەلایەن ١٥٥ هەزار كەس واژووی لەسەركرا.

لە وڵاتی فەرەنسا ئەوە یەكەمجار نییە سكاڵای لەو جۆرە تۆمار دەكرێت، بەڵكو پیشتریش سكاڵا لەسەر مانگا و جەرەسی كڵیساكان تۆمار كراوە، بەڵام هیچ كامیان بەقەد ئەوەی كەڵەشێر مۆریس دەنگدانەوەی نەبووە.

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی