پاڵنەرەكانی ئیسرائیل بۆ فراوانكردنی هەوڵەكانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران

جیهان

10/09/2019‌ 998 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
فراوانكردنی جوغزی بەرەنگاربوونەوەی تەلئەبیب لەگەڵ ئێران، لێدانی باڵەكانی ئێران لەسوریا و لوبنان و عێراق و ناوچەكانی دیكەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئارەزووی تەلئەبیبە بۆ نمایشكردنی ماسولكەكانی و لێدانی ئامانجە دوروەدەستەكان و هەڕەشەكردن لە باڵەكانی ئێران، سەرباری ئەوەش‌، نەتەنیاهۆ ئەو لێدانە سەربازییانە لە بەرژەوەندی خۆی دەقۆزێتەوە لە هەڵبژاردنه ناوۆخییەكانی ئیسڕائیلدا.

ستراتیژیەتی ئیسرائیل 
بۆردومانكردنی بارەگاكانی حەشدی شەعبی لە عێراق بە‌ فڕۆكەی  "دورنز" ، تەقینەوە نادیارەكانی‌ مانگی ڕابردوودا، بەرپرسیاریەتییەكەی لە لایەن سەرۆكی حكومەتی ئیسرائیل پشتڕاستكرایەوە كە تەلئەبیب ئەنجامیداون، نەتەنیاهۆش ووتی لە هیچ شوێنێك نایەڵین ئێرانییەكان خاوەنی پارێزبەندیبن. ووتیشی ئێران دەیەوێت ئیسڕائیل لەناوبەرێت و بنكەی سەربازی لە ووڵاتانی لوبنان و سوریا و یەمەن و عێراق دروستكردوون.

لەو كاتەوەی واشنتۆن  و دەوڵەتە گەورەكان كۆتوبەندیان خستۆتەسەر ئیسڕائیل كە لێدانی ڕاستەوخۆ دژ بە پرۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێران ئەنجام نەدات، تەلئەبیب ڕوویكردۆتە كردنەوەی بەرەی دیكەی دژ بە ئێران، یان ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی تێكدانی ئامێرەكانی پاڵپێوەنانی سەنتەری لە دامەزراوە ئەتۆمییەكانی تاراندا بە هۆی كردەی هەواڵگری و تەكنیكەكانی جەنگی سیبیرانییەوە، یان ناڕاستەوخۆ بە وەشاندنی گورجی سەربازی جۆری لە باڵە هەرێمییەكانی ئێران تاوەكو دەستیان  بە چەكە پێشكەوتووەكان نەگات، فراوانخوازی هەرێمی ئێران ڕاگرن، بواری چەكسازی و موشەكسازی تاران بوەستێنن لە نزیك سنورەكانی ئیسڕائیل.

لەوتارێكدا كە هەردوو شارەزای ئەمنی ئیسڕائیلی "عاموس یادیلین" و "ئاری هیشتاین" لەم مانگەدا لە پێگەی ئەلەكترۆنی پەیمانگای ئیسڕائیلی بۆ لێكۆڵینەوە ئەمنییەكان بڵاویان كردۆتەوە، دوو شارەزاكە 3 ئامانجیان دیاریكردوە كە پێویستە ئیسڕائیل لە بەرەنگاربوونەوەی لەگەڵ ئێراندا بیانهێنێتەدی، ئەوانیش : بەرگرتن – تا ماوەیەكی زەمەنی زۆر - لە ئێران لەوەی دەستی بگاتە چەكی ئەتۆمی، بەرگرتن لە فراوانخوازی هەرێمی هەرێمی ئێران، خۆپارێزی لە جەنگێكی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران.

لێدانی بارەگاكانی حەشدی شەعبی لە عێراق،  بەرجەستەی دوو ئامانجی كۆتایی ستراتیژی ئێران دەكەن، چونكە چەندەها ڕاپۆرت جەخت لەوە دەكەنەوە كە پەیوەندی هەیە لە نێوان چەند گروپێكی ناو حەشدی شەعبی لە نەینەوا لەگەڵ فەیلەقی قودسی ئێرانیدا، وەك لیوای 50 كە بە "كەتائیبی بابلییەكان" ناسراوە كە 1000 چەكداران و لە ڕۆژهەڵاتی شاری موسڵ جێگیركراون و ڕەیان كلدانی سەركردایەتییان دەكات كە پێشتر لە كردەی پاكتاوكردنی تایەفی لە بەغدا لە ڕیزەكانی حەشدی شەعبیدا كاری كردووە. كلدانی بەوە ناسراوە كە كەسێكی ئەمەكداری لاگیری فەیلەقی قودسی ئێرانییە.

پەیامەكانی تەلئەبیب
ئیسڕائیل لە ڕێگەی ئەو گورزە سەربازییانەی لە حەشدی شەعبی وەشاندن، وویستی چەند پەیامێك بگەیەنێت كە دیارترینیان بریتین لە:
یەكەم: نمایشكردنی هێز: ئیسڕائیل لە شوێنی دوورەدەستی نزیك سنوری ئێران و تەنانەت لە ناو ئێرانیش، دەتوانێت گوز لە دوژمنەكانی بوەشینێت. بە تایبەتیش كە ترس هەیە لە بەرپابوونی جەنگی ئەمریكا – ئێران، لە ئەگەری بەرپابوونی ئەو جەنگەشدا، ئیسڕائیلیش دەبێتە ئامانجێكی موشەكە بالیستییەكانی ئێران.

دووەم – هەڕەشەكردن لە باڵەكانی ئێران: ئێران ناتوانێت باڵە هەرێمییەكانی بپارێزێت، هەروەك ئیسڕائیل توانی حزبوڵای لوبنانی دەمكوت بكات كە ماوەی 13 ساڵە و لە ساڵی 2006 وە بە دنەدانی ئێران دژایەتی ئیسڕائیل دەكات، بۆیە كۆششەكانی میلیشیا شیعەكان لە عێراق لە ترس خستنەدڵی ئیسڕائیلەوە بە دروستكردنی بنكەی سەربازی بۆ موشەكە ئێرانییەكان سەركەوتوو نابێت، ئەگەر بەغداش چاو لە دروستكردنی ئەو بنكە موشەكییانە بپارێزێت، تاكە دۆڕاوی هاوكێشەكە تەنها دەوڵەتی عێراقە.

سێیەم – ڕەواییدان بە گوزە سەربازییەكان: ئیسڕائیل كۆشش دەكات بیسەلمێنێت كە ئەو گوزە سەربازییانە كارێكی ڕەوان، چونكە ئەو لایەنانەی  بەئامانجیان دەگرێت له لایەن ئەمریكاوە خراونە‌ لیستی تیرۆرەوە كە بە ئاشكرا هەڕەشە لە تەلئەبیب دەكەن، ئەكرەم كەعبی ئەمینداری بزووتنەوەی نوجەبای عێراق لە ساڵ 2017 دا هەڕەشەی ئەوەی كرد هێزەكانی دەگوازێتەوە بۆ بەرزاییەكانی جۆلان بۆ جەنگان دژ بە ئیسرائیل، قەیس خەزعەلی سەركردەی عەسائیبی ئەهلی هەقیش لە هەمان ساڵدا هەمان هەڕەشەی لە ئیسڕائیل كرد.

چوارەم – هەڵبژاردنەكانی ئیسڕائیل: لە سیبتێمبەری ئایندە هەڵبژاردنەكانی ئیسڕائیل بەڕێوەدەچن، نەتەنیاهۆ گەرەكییەتی متمانەی لەدەستچووی خۆی لای هاووڵاتیانی ئیسڕائیلی بەدەستبێنێتەوە و ئەو پەیامەش بگەیەنێت كە تەنها ئەو دەتوانی دوژمنانی ئیسڕائیل دەمكوت بكات و ئاسایشەكەی بپارێزێت. لەولاشەوە لیبرمانی نەیاری نەتەنیاهۆ هەوڵ دەدات لە هەڵبژاردنەكانی ئایندەدا نەتەنیاهۆ وەك پیاوێكی بێهێز بداتە قەڵەم لە بەرامبەر وەستاندنی بزووتنەوەی حەماس لە غەزە كە موشەكەكانی هەڕەشە لە دانیشتوانی باشووری ئیسڕائیل دەكەن. نەتەنیاهۆ پێی وایە بە گوزوەشاندن لە باڵەكانی ئێران لە ناوچەكه،‌ پەیامەكەی لیبەرمان پوچەڵ دەكاتەوە و پارتەكەشی دەنگی زیاتر بەدەست دێنێت لە هەڵبژاردنەكانی ئایندەی ئیسڕائیلدا.

ئەنجامی پێچەوانە
لەوانەیە ئەو ستراتیژیەتەی ئیسڕائیل بە لێدانی باڵە هەرێمییەكانی ئێران لە ناوچەكه،‌ ئاكامی نەخوازراوی لێ بكەونەوە بۆ ئیسرائیل، لەوانەش: 
یەكەم – تێكدانی سەقامگیری عێراق: تۆمەتباركردنی ئیسڕائیل بەوەی گەرەكییەتی سەقامگیرییە لەرزۆكەكەی عێراق تێكبدات و حكومەتی عیراقیش لاواز بكات، لە كاتێكدا مەترسی گەڕانەوەی داعش سەریهەڵداوەتەوە، بە تایبەتیش كە حەشدی شەعبی ، چ پێشتر و چ لە ئێستادا، ڕۆڵێكی گرنگ دەگێڕێت‌ لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو مەترسییە.

دووەم - ورژاندنی هەستی نەتەوەیی: لێدانی حەشدی شەعبی لە ناو خاكی عێراقدا، هەستی نەتەوەپەرستی عەرە‌بی و مەزهەبگەرایی شیعی دژ بە ئیسڕائیل زیاتر جۆش دەدات، تەلئەبیب بەم هەنگاوەی هەردوو هەستە نەتەوەیی و مەزهەبگەراییەكە دەورژێنێت، ئەمەش لە بەرژەوەندی بەرزەفڕییەكانی ئایندەی ئیسڕائیلدا نییە بۆ فراوانكردنی پەیوەندییە هەرێمییەكانی، بە تایبەتیش لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێی عێراق.

سێیەم – هەڕەشەكردن لە هێزە ئەمریكییەكان: ئێران دەتوانێت وەبەرهێنان لەو هەستەدا بكات كە لە شەقامی شیعیدا سەریهەڵداوە بەوەی گوزە سەربازییەكانی ئیسڕائیل بە ڕەزامەندی وویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بووە، بەمەش دنەی كردنەدەرەوەی هێزە ئەمریكییەكان دەدات لە عێراقدا، ئەمەش بە ڕوونی لەو فەتوایەدا دەركەوت كە "كازم حائری" بۆگەڕاوەی (مەڕجەع) شیعی كە لە ئێران نیشتەجێیە، دژ بە بوونی سەربازی ئەمریكا دەریكرد، ئەمەش پاش ئەوەی تۆمەتی هێرشەكانی سەر بارەگاكانی حەشدی شەعبی درایە پاڵ ئیسڕائیل.

چوارەم: هەڕەشەكردن لە دەستكەوتەكانی نەتەنیاهۆ: سەرباری ئەوەی نەتەنیاهۆ  بە وەشاندنی گوزی سەربازی لە گروپەكانی حەشدی شەعبی لە عێراق، توانستەكانی خۆی سەلماندن لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ئیسڕائیل، بەڵام لەوانەیە ئەمە لە هەڵبژاردنەكانی ئایندەی ئیسڕائیلدا، بردنەوەی دەنگی دەنگدەرانی بۆ مسۆگەر نەكات ، چونكە نەیارەكانی دەتوانن تۆمەتباری بكەن بەوەی مەترسییەكانی كەرتی غەزەی فەرامۆش كردووە، لەوانەشە ئەو گوزە سەربازییانە بە بەردەوامی لەلایەن ئەمریكاوە گڵۆپی سەوزیان بۆ هەڵنەكرێت، وەشاندنی ئەو گورزە سەربازییە تاكلایەنانە لە لایەن ئیسڕائیلەوە بێ گەڕانەوە بۆ ڕاوێژكردن لەگەڵ واشنتۆن، هەڕەشە لە پەیوەندییە ستراتیژییەكانی تەلئەبیب و واشنتۆن بكات، ئەم كارەش بەلای هیچ سیاسی یان پلانداڕێژەرێكی ستراتیژی ئیسڕائیلییەوە پەسەند نییە.

پوختەی قسەش ئەوەیە كە لەوانە نییە ئەو گورزە سەربازییانەی ئیسڕائیل بۆ سەر بارەگاكانی حەشدی شەعبی لە قۆناغی ئایندەدا بەردەوامبن، بە تایبەتیش ئەگەر حكومەتی عێراق فشارەكانی بۆسەر ئێران زیاد بكات كە چەكە پێشكەوتووەكان نەگەنە دەستی میلیشیا شیعەكانی سەر بە ئێران، لە دۆخێكی وادا، ئیسڕائیل بەشێك لە ئامانجە تایبەتەكانی دێنێتەدی بە بەرتەسككردنەوەی هەژموونە هەرێمییەكەی ئێران لە عێراق و خۆپارێزی لە ڕووبەڕووبوونەوەیەكی ڕاستەوخۆ لەگەڵ تاراندا، هەروەها بەرگرتن لە خراپبوونی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەمریكادا.

سەرچاوە: موستەقبەل 
وەرگێڕان: لوقمان حاجی قادر