دوای چەندین ساڵ.. بەغدا لەلیستی خراپترین ١٠ شاری جیهان رزگاری بوو

عیراق

11/09/2019‌ 755 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
لەدوای چەندن ساڵ، پێنوێنی ئیكۆنۆمیستی بەریتانی بۆ ساڵی ٢٠١٩، شاری بەغدادی لە لیستی ١٠ خراپترین ١٠ شارەكانی جیهان هێناوەتەدەر.

بەگوێرەی پێنوێنی گوزەرانی جیهانی، كە گۆڤاری ئیكۆنۆمیستی بەریتانی ئامادەی دەكات، شاری دیمەشقی پایتەختی سوریا وەك خراپترین شار بۆ ژیان و مانەوە دەستنیشان كراوە.

لەكاتێكدا شاری ڤییەننای پایتەختی نەمسا وەك باشترین شار بۆ ژیان لە جیهاندا دەستنیشان كراوە.

لەدوای شاری ڤییەنا شاری "سیدنی " ئوستراڵی وەك باشترین شار بۆ  ژیان و مانەوە تێیدا دانراوە، كە گۆڤارەكە لیستەكەی لەسەر بنەمای ٣٠ رەگەزی جیاواز  هەڵدەبژیرێت، لە خاڵەكان لە ژمارە سفرەوە بۆ ژمارە ١٠٠ دەستپێدەكات و  هەڵسەنگاندن بۆ ١٥٠ شار لە جیهاندا دەكات.

ریزبەندی گۆڤاری ئیكۆنۆمیست بۆ ١٠ باشترین شاری جیهان  بۆ مانەوە و ژیان تییاندا  بەمجۆرەی خوارەوەیە: ڤییەننا  (نەمسا) – ملبۆرن (ئوسترالیا) – سیدنی (ئوسترالیا) – ئۆساكا (یابان) – كالگاری (كەنەدا) – ڤانكۆڤەر (كەنەدا) – تۆرنتۆ (كەنەدا) – تۆكیۆ (یابان) – كۆپنهاگن (دانیمارك) – ئەدلید (ئوسترالیا).

لەكاتێكدا لیستی ١٠ خراپترین شاری جیهان بۆ ژیان و مانەوە بەپێی گۆڤاری ئیكۆنۆمیست بریتییە لە :  دیمەشق (سوریا) – لاگۆس (نایجیریا) – دەككا (بەنگلادیش) – تەرابلوس (لیبیا) – كەراچی (پاكستان) – پۆرت مۆرسبی (بابوا گینیای نوێ ) – هاراری (زیمبابۆی) –  دوالا (كامیرۆن) –جەزائیر (پایتەخت) – كاراكاس (ڤەنزوێللا).

بەوەش شاری بەغدا لەلیستی دە خراپترین شارەكە نییەو دوای چەندین ساڵ لەو لیستە رزگاری بوو، ئەوەش بەهۆی باشبوونی دۆخی شاری بەغدا لەچەند روویەكەوە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی