راکان جبورى و ئەرشەد ساڵحى پێشمەرگە بە رفاندنى هاوڵاتیانی کەرکوک تۆمەتبار دەکەن

عیراق

11/09/2019‌ 780 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەریەکە لە پارێزگارى کەرکوک و سەرۆکى بەرەى تورکمانى هێزى پێشمەرگەیان بە رفاندنى ژمارەیەک لە هاوڵاتیانى کەرکوک تۆمەتبار کردو داواى ئازادکردنیان دەکەن.
ئەمڕۆ چوار شەممە هەریەکە لە راکان جبورى پارێزگارى کەرک و ئەرشەد ساڵحى سەرۆکى بەرەى تورکمانى کۆبوونەوەو تیایدا لەبارەى دۆخى شارەکەو ئەو کەسانەى چارەنوسیان نادیارە گفتوگۆیان کردوە.
لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەنوسیدا راکان جبورى پارێزگارى کەرکوک رایگەیاند، وەزارەتى ناوخۆى هەرێم قسەکانى ئێمە رەتدەکەنەوە کە وتمان لە زیندانەکانى هەرێم هاوڵاتیانى کەرکوکى تێدایە، بەڵام بەڵگەمان هەیە کە خەڵکانێکى زۆر ریفێنراون و بیسەرو شوێنن کەلەزیندانەکانى هەرێمدان.
ئاماژەى بەوەشکرد، لە زیندانەکانى هەرێم خەڵکانێک هەیە رفێنراون و دەستگیر کراون، بەڵام بەوتەى خۆى ئەوان نازانن لەسەرچى دەستگیر کراون و تۆمەتەکانیان چییە، بەڵام دەزانن کە خەڵکانێکى کەرکوک لە زیندانەکانى هەرێم هەیە، چونکە رۆژانە کەس وکاریان دێن بۆ لاى ئەوان و داواى ئازادبوونیان دەکەن.
پارێزگارى کەرکوک جەختیکردەو، پێویستە هەماهەنگى هەبێت لەنێوان هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکانى کەرکوک بۆجێبەجێکردنى یاساکان و پاراستنى ئارامى کەرکوک و تەواوى ناوچەکانى عێراق.
لاى خۆشییەوە ئەرشەد ساڵحى رایگەیاند، کۆمەڵەیەک بەڵگەیان هەیە کە خەڵکانێکى زۆر رفێنراون و بێ سەرو شوێن کراون و ئەوەش نەک لە کەرکوک، بەڵکو لە هەموو پارێزگاکان هەبوون.
ئاماژەى بەوەشکرد، پێشمەرگەش ژمارەیەک کەسى رفاندووەو تائێستا چارەنوسیان نادیارە، داواشى کرد ئەو کەسانە ئاشکرا بکرێن ئەگەر تاوانێکیان کردوە بدرێنە دادگا.
س.هـ