هەواڵگری عێراق ترسناكترین ئافرەتی ناو داعش ئاشكرادەكات

عیراق

12/09/2019‌ 531 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شانەی هەواڵگری هەڵۆكان لەعێراق "ترسناكترین ئافرەت"ی ناو دەستەی پەرەپێدان و دروستكردنی ماددە كیمیایی‌و بایۆلۆژییەكانی ڕێكخراوی داعشی ئاشكراكردووە، كە ماوەیەك پێشتر دەستگیركراوە .

رۆژنامەی "سەباح"ی نیمچە فەرمی عێراق لەسەر زاری ئەبو عەلی بەسری سەرۆكی شانەی هەڵۆكان و بەڕێوەبەری هەواڵگری‌و دژە تیرۆر لەوەزارەتی ناوخۆ گواستوویەتییەوە، تیرۆریستی حوكمدراو ئەبرار كوبەیسی، كە لەم دواییە حوكمی هەتاهەتایی دراوە، یەكێكە لەدیاترترین ئەو توێژەرە بایۆلۆژیانەی بەشداریان كردووە لەبەرنامەی داعش بۆ دروستكردن و راهێنانی چەكدارانی تایبەتی داعش لەناو دەستەی پەرەپێدان و دروستكردنی ڕێكخراوی داعش بۆ ئامادەكردن و بەرهەمهێنان و بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لەناوەوە و دەرەوەی عێراق.

بەسری ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە لە دانپێدانانەكانیدا كوبەیسی باسی لەوە كردووە، كە چۆن لەڕێگای تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە هەڵخەڵەتێنراوە و دواتر پەیوەندی بەو ڕێكخراوە تیرریستییە كردووە و لەناوەوە و دەرەوەی عێراق جموجۆڵی كردووە، ئەوە سەرباری ئەوەی لەچەندین پرۆسەدا ماددەی كیمیایی لە بەغدا بەكارهێناوە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی