فەرمی.. توركیا دەكرێتە دەرەوەی بەرنامەی دروستكردنی فڕۆكەی "ئیف-٣٥"

جیهان

14/09/2019‌ 872 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا (پنتاگۆن) رایگەیاند، كە واشنتۆن ئەنقەرەی ئاگاداركردووەتەوە بەوەی بڕیاری توركیا بۆ كڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی "ئێس-٤٠٠"ی  روسی، بەشداریكردنی توركیای لە بەرنامەی بەرهەمهێنانی فرۆكەی "ئێف-٣٥" كردووەتە كارێكی ئەستەم .

عەقید كارلا گلیسۆن بە رۆژنامەی "شەرقول ئەوسەت"ی راگەیاندووە، كە لە ١٧ی تەمووزی ٢٠١٩ سكرتێری رۆژنامەوانی كۆشكی سپی بەیاننامەیەكی دەركردووە و تێیدا روونیكردووەتەوە، كە ناكرێت فرۆكەی جۆری ئێف-٣٥ و (بەقسەی ئەو) سەكۆی كۆكردنەوەی زانیارییە هەواڵگرییەكانی روسیا بەیەكەوە بن، كە بۆ ناسینەوەی توانا تەكنیكییە پێشكەوتووەكان بەكاردەهێنرێت .

گلیسۆن راشیگەیاندووە، كە دوای ئەو راگەیاندنەی كۆشكی سپی، ئیلین لۆرد بریكاری وەزیری بەرگری رایگەیاندووە، بەشداری توركیا لەبەرنامەی دروستكردنی فرۆكەی "ئێف-٣٥" هەڵدەپەسێرێت و دواتر بەشێوەیەكی فەرمی دەست دەكات بە پرۆسەی لابردنی توركیا لەبەرنامەكە.

وتەبێژەكەی پنتاگۆن هەروەها رایگەیاندووە، دوای ئەو كۆنگرە رۆژنامەوانییە بریكاری وەزیری بەرگری ئەمەریكا نامەیەكی بۆ ئیسماعیل دەمیری هاوتا توركییەكەی ناردووە و تێیدا هەڵوێستی واشنتۆنی دووپاتكردووەتەوە بەوەی وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە رێوشوێنەكانی رەشكردنەوەی توركیا لەبەرنامەی بەرهەمهێنانی فرۆكەی "ئێف-٣٥" .

ئەو لێدوانەی بەرپرسانی ئەمەریكا دوای ئەوە دێت، كە ئیبراهیم كاڵنی وتەبێژی سەرۆكایەتی توركیا رایگەیاند، وڵاتەكەی تائێستا هیچ نامەیەك، یان یاداشتێكی فەرمی لەلایەن ئەمریكاوە بەدەست نەگەیشتووە بۆ دوورخستنەوەی لەبەرنامەی دروستكردنی فرۆكەی "ئێف-٣٥" .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی