ئایا دۆناڵد ترامپ رێككەوتنێكی نوێی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران واژوو دەكات؟

جیهان

14/09/2019‌ 909 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئیدارەی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا، لە یەنایەری 2017 هەڵوێستێكی نوێی بەرانبەر ڕێككەوتننامە ئەتۆمییەكەی ئێرانی ساڵی 2015 گرتەبەر، كە ئیدارەی باراك ئۆباما واژووی كردبوو، بۆیە لە مایۆی 2018 و بەو پاساوەی ڕێككەوتننامەكە خراپە و نەدەبوو مۆركرابایە، چونكە نە ئاشتی دەستەبەر كردووە و نە چارەسەری دۆسییەی ئەتۆمی ئیرانیشی كردووە، لەڕێككەوتننامەكە كشایەوە. 

ڕێككەوتننامەكە باسی لە پرۆگرامە موشەكییەكەی ئێران و چالاكییەكانی تارانی نەكردووە لە تێكدانی سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پاڵپشتیكردنی تیرۆر لە ناوچەكەدا‌، كە ئەوە بووە بیانووی سەرەكی ترامپ بۆ كشانەوە لەو رێككەوتنە.

پەرەسەندنەكانی ئەم چەند هەفتەیەی پێشوو ئاماژە بەوە دەدەن، كە گریمانەی ئەوە هەیە گۆڕانكارییەك لە هەڵوێستی ترامپدا ڕووبدات، گریمانەی ئەوەش‌ هەیە دانوستانی نێوان واشنتۆن و تاران سەبارەت بە ڕێككەوتننامەیەكی تازە دەست پێبكات، پرسیارەكەش‌ ئەوەیە لە ماوەی ئایندە چی لە نێوان هەردوولادا ڕوودەدات؟

دوای چوونەدەرەوە لە ڕێككەوتننامەكە، ئەمریكا ستراتیژیەتێكی هەرە ‌توندی دژ بە ئێران گرتەبەر لە سەپاندنی سزای ئابووری بە ئامانجی خنكاندنی ئابوروی ئێران، ناچاركردنی بە دانیشتن لەسەر مێزی گفتوگۆ و گۆڕینی سیاسەتە ئەتۆمی و هەرێمییەكەی. 

وتاری ترامپ قۆرتوقولاپاوی بوو، لە لایەك باسی لە توندترین سزاكان دەكرد و دەیوت ئەگەر پێویست بكات بەرەنگاری ئێران دەبنەوە، لە لایەكی دیكەشەوە باسی لەوە دەكرد ئەگەر ئێران مل بدات بۆ گفتوگۆكان، دانوستانی لەگەڵ دەكەن.

پاڵنەرەكانی گۆڕانی هەڵوێستەكانی ترامپ
لەم چەند هەفتەیەی دوایدا، پینوێنی ئەوە هەن، كە ترامپ هەڵوێستی بەرانبەر ئیران گۆراوە، شیمانەی ئەوەش‌ هەیە لە هەڵوێستی دوژمنكارانەوە وەرچەرخێت بەرەو مۆركردنی ڕێككەوتننامەیەكی تازە، پێنوێن و پاڵنەرە‌كانی ئەو گۆڕانكاریەش بریتیین لەم خاڵانەی خوارەوە: 
نەرمینواندنی ناڕاستەوخۆ
ستراتیژیەتی دووسەرەی تڕەمپ وابوو كە لە لایەك ووتارێكی توندی هەبێت بەوەی سزا و فشارەكان بۆسەر ئێران بەردەوام دەبن، لە لایەكی دیكەشەوە نەرمی نواندووە كە بە دانوستان ڕازییە، بۆیە ژێربەژێر بە كۆششەكانی ئەوروپییەكان ( بە تایبەتی فەڕەنسییەكان) ڕازی بوو  لەگەڵ ئێراندا.  بە ئەنقەست هێرشی كردەسەر پێشنیارەكەی سەرۆكی فەڕەنسا، تاوەكو باشترین پێشنیاری بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران دەستكەوێت. دواتریش میدیاكانی ئەمریكا و بە تایبەتیش پێگەی "دیلی بیست" ئاشكرایان كرد‌ پێشنیارێكی فەڕەنسی هەیە كە 15 ملیار دۆلار بدرێتە ئێران لە بەرامبەر ئەوەی تاران پابەندی بەندەكانی ڕێككەوتننامە ئەتۆمییەكە بێت، ڕاشیانگەیاند كە تڕەمپ بەرامبەر ئەو پێشنیارە نەرمی نواندووە.

 بەرتەسكبوونەوەی بەرهەڵستكاری ناوخۆ
بۆڵتۆن هەڵوێستی توند بوو بەرامبەر ئێران بەوەی دانوستانی لەگەڵ بكرێت، دوای خستنەڕووی پێشنیارەكەی ماكڕۆن، كەلێنەكان نێوان تڕەمپ و بۆڵتۆنیش ووردە ووردە گەو‌رە بوون، ئەو پێشنیارەی دەكرێت كاری لەسەر بكرێت و دانوستانی لێوە دەستپێبكات، بۆیە تڕەمپ لە 10 ی سێبتێمبەری ئەم مانگە بۆڵتۆنی لەكارخست.

كاریگەری هەڵبژاردنەكانی ئەمریكای 2020
هۆكارەی سەركی گۆڕانی هەڵوێستی دوژمنكارانەی تڕەمپ بەرامبەر ڕێككەوتننامە ئەتۆمییەكەی ئێران و كرانەوە بە ڕووی مۆركردنی ڕێككەوتننامەیەكی تازەدا، هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئەمریكای ساڵی 2020 ە. تڕەمپ گەرەكییەتی سەركەوتنێك بەدەست بێنێت لە كۆتایی ساڵدا، هەتا ئەگەر سەركەوتنەكە ڕوخساریش بێت؛ تاوەكو لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكان بەكاری بێنێت. بۆیە ئەگەر ئێران هەنگاوێك بێتەپێشەوە (ئەگەر كەمیش بێت)، تڕەمپ بە دەنگدەرانی ووڵاتەكەی دەڵێت كە سەركەوتوو بووە لە ناچاركردنی تاران لە گەڕانەوەسەر مێزی دانوستانەكان، یان سەركەوتوو بووە لە پاڵنانیان بەرەو گۆڕینی ڕێككەوتننامە كۆنەكە، مەزەندەكانیش بەرەو ئەوەن، پێش مانگی سێبتێمبەر و لە پەراوێزی كۆبوونەوەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیویۆڕك، چاوپێكەوتنی نێوان تڕمپ و ڕۆحانی ڕووبدات.

ڕێككەتننامەی ئەتۆمی "2"
پێنج دۆسییە سەبارەت بە ئێران لەسەر مێزی دانوستانی ئەمریكان: (پرۆگرامی ئەتۆمی، پرۆگرامی موشەكی، پشتیوانی ئێران بۆ پاشكۆكانی لە ناوچەكە (حزبوڵا و حوسییەكان) و ڕۆڵی ئێران لە تێكدانی سەقامگیری ناوچەكە، گەمارۆی ئابوروی دژ بە ئیران، گۆڕینی خودی ڕژێمی ئێران).

ئەگەر دانوستانی ئەوروپییەكان و بە تایبەتیش فەڕەنسا لەگەڵ ئێران بەردەوام بێت، بە گریمانەی ئەوەی هیچ پەرەسەندنێكی نەرێنی ڕوونادات لە بەردەم پیشكەوتنی گفتوگۆكان، شیمانەی ئەوە هەیە هەردوولا لە دواتردا بیرۆكەی گفتوگۆ و دانوستان تاوتوێ بكەن سەبارەت بە مۆركردنی ڕێككەوتننامەیەكی تازەی ئەتۆمی، ئەمەش بە لەبەرچاووگرتنی ئەم خاڵانەی خوارەوە:
خشتەی كاری دانوستانەكان: 
شیمانەی ئەوە هەیە دانوستانەكان لە بارەی ئەو 12 خاڵەوە بێت كە مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە مایۆی 2018  خستبوونییەڕوو، كە باس لە سێ پرسی سەرەكی دەكەن: كەموكورتییەكانی ڕێككەوتننامە ئەتۆمییەكەی ئێران، توانستە موشەكییەكانی ئێران، ڕەفتاری هەرێمی ئێران. لای خۆشییەوە ئێران كار بۆ سوككردن یان هەڵگرتنی ئەو سزایانە دەكات كە بە سەریدا سەپێنراون، هەروەها داوای دەستەبەر لە ئەمریكا دەكات كە لە ڕێككەوتنە تازەكە نەكشێتەوە ئەگەر مۆركرا، هەروەها داوای هاندان دەكات (حوافز) تاوەكو بەردەوامبێت لە پابەندبوون بە ڕێككەوتننامە تازەكه.

ئەنجامی دانوستانەكان
لە سایەی لارەملێی هەردوولا و مكوڕبوونیان لە دەستگرتن بە داواكارییەكانیان، شیمانەی ئەوە هەیە ئەمریكا لە هەردوو دۆسییەی ڕێككەوتننامە ئەتۆمییەكە و پرۆگرامە موشەكییەكەی ئێراندا سەركەوتن بەدەست بینێت، ئەو كات خاڵی تازە بۆ ڕێككەوتننامە ئەتۆمیەكە كۆنەكە و پرۆگرامە موشەكییەكەی ئێران  زیاد دەكرێن لە ڕووی مەودا و توانستەوە، بەڵام شیمانەی ئەوە ناكرێت بەرەپێشچوونێكی ئەوتۆ یان دەستەبەرێكی جێبەجێكردن لە بارەی سیاسەتی هەرێمی ئێران لە پشتیوانیكردنی دۆست و پاشكۆكانی لە ناوچەكە بێته ‌ئاراوه، شیمانەی ئەوەش ناكرێت ئەمریكا بە داڕشتەی سوككردنی سزاكان یان دانانی میكانیزمێك بۆ هەڵگرتنیان ڕازی بێت.

قەبارەی گۆڕانكاری لە ڕێككەوتننامە تازەكە 
سەركەوتنی هەردوولا لە گەیشتن بە ڕێككەوتننامەیەكی تازە، واتای ئەوە نییە ڕێككەوتننامە تازەكە بە تەواوی جیاواز دەبێت لەو ڕێككەوتننامەی لە ساڵی 2015  لەسەردەمی ئۆبامادا واژۆكراوە، بەڵكو قەبارەی گۆڕانكارییەكە زۆر سنوردار دەبێت، لەوانەشە نەبێتە دەستكەوتێكی ڕاستەقینە بۆ ئیدارەكەی تڕەمپ، چاوەڕوانی ئەوە دەكرێت ڕێككەوتننامە تازەكه ‌لە بری 10 ساڵ ، لە 15-20 ساڵ بێت، چەند خاڵێكیش لە بارەی پرۆگرامە موشەكییەكەی ئێرانەوە لەخۆ بگرێت كە لەوانەیە خاڵەكان ڕوخساریبن، شیمانەی ئەوەش‌ هەیە ئێران داوای چەند دەستەبەرییەك بكات سەبارەت بە نەكشانەوەی ئەمریكا لە ڕێككەوتننامە تازەكە.

پوختەی قسە ئەوەیە كە گۆڕانكارییەك لە نێوان واشنتۆن و تاران لە ئارادایە، لە ڕێگەی نێوانگیرە ئەوروپییەكانەوە و لایەنی دیكەشەوە كە له ژێر پەردەوە كاری بۆ دەكرێت بە سازدانی دیدارێك كە لە نێوان تڕەمپ و ڕۆحانی بەڕێوە بچێت، بەمەش تڕەمپ بتوانێت بڵێت سەركەوتنێكی لەمەڕ دۆسییە ئەتۆمییەكەی ئێران بەدەستهێناوە كە لە هی ئۆباما باشترە، ئەو دیدارەش دانوستانی ڕاستەوخۆی بەدوادا دێت سەبارەت بە ڕێككەوتننامەیەكی ئەتۆمی تازە، چاوەڕێش دەكرێت كۆپییەكی پاكنوسكراو و هەمواركراوی ڕێككەوتننامەكەی پێشوو بێت. سەرباری بوونی پێنوێن لە ڕوودانی گۆڕانكاری تازە، شیمانەی ڕوونەدانی هیچ پەرەسەندنێكی نێوان هەردوولاش لە ئارادایە، ئەگەر تاران ئەو پێشنیارانە ڕەتبكاتەوە كە ئەمریكا دەیانخاتەڕوو.

سەرچاوە: موستەقبەل 
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر