عومەری سەید عەلی بەرێكخەری گشتی گۆڕان هەڵبژێرایەوە

کوردستان

14/09/2019‌ 460 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەڵبژاردنەكانی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ خانەی راپەڕاندن و رێكخەری گشتی بەرێوەچوو، كە عومەری سەید عەلی بەرێكخەری گشتی بزووتنەوەكە هەڵبژێرایەوە.

هەڵبژاردنی رێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان ئەمڕۆ شەممە بەرێوەچوو، كە ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی لەنێوان عومەر سەید عەلی و شۆرش حاجی ئەوەی یەكەمیان بۆ رێكخەری گشتی هەڵبژارد.

لەلایەكی دیكەوە، ١٣ كەسیش بۆ شەش ئەندامی خانەی راپەڕاندن كێبڕكێ دەكەن و یەكێك لە ئەندامەكانی خانەی راپەڕاندنیش، كە سكرتێری جفاتی گشتییە، پێرێ هەڵبژێردراو راستەوخۆ بووە ئەندامی خانەی راپەڕاندن.

هەریەك لە عەدنان عوسمان و زمناكۆ جەلال خۆیان بۆ سكرتێری جڤاتی نیشتمانی و ئاسۆ رەحیم و شەماڵ عەبدول وەفا كاندیدی كاروباری باژێروانەكانن و دەرباز محەمەد و گەیلان شێخ عومەر كاندیدی كاروباری ژوورەكانن و جەلال جەوهەر كاندیدی كاروباری فراكسیۆنەكانە.

هاوكات هەریەك لە برزۆ مەجید، مونیرە عوسمان، عومەر حەمە حوسێن، قارەمان قادر كاندیدی سكرتێری كاروباری خەڵكن، كە پرۆسەكە بۆ دەنگدان لەسەر ئەو كاندیدانە بەردەوامە.

ئەمە لەكاتێكدایە هەریەك  كاوە عەبدوڵا و ئاوارە سلێمان كشاونەتەوە لە خۆكاندیدكردن.

خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان پێكدێت لە حەوت كەس، كە بریتیین لە رێكخەری گشتی و سكرتێری جڤاتی نیشتمانی و سكرتێری جڤاتی گشتی و سكرتێری فراكسیۆنەكان و سكرتێری باژێڕوانەكان و سكرتێری ژورەكان و سكرتێری خەڵك.

هـ ـ ح