هەرێم بەیەك مەرج ئامادەیە هەژماری كۆتایی ساڵ بخاتە بەردەم بەغدا

عیراق

16/09/2019‌ 4793 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەشار كیكی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، هەرێمی كوردستان بەیەك مەرج ئامادەیە هەژماری كۆتایی خۆی بخاتە بەردەم حكومەتی عێراق.

بەشار كیكی لەلیدوانێكدا راشیگەیاند، دانوستانی كردەیی لەنێوان حكومەتی فیدڕاڵی و حكومەتی هەرێمدا هەیە بۆ پاكتاوكردنی پابەندییە دوولایەنییەكان ‌و لەو بارەوە گەیشتن بەرێككەوتن، هەولێر ئەژماری كۆتایی رادەستی بەغدا دەكات.

پەرلەمانتارەكەی پارتی ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، كە حكومەتی هەرێم جیدییە لەگەیشتن بە ڕێكەوتنێكی دڵنیاكەرەوە، بەجۆرێك لەناو ئەو ڕێكەوتنەشدا دەستكاریكردنی پەیكەری كۆمپانیای سۆمۆ (كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق)ی تێدابێت لەڕووی بڕیاردان لەناو كۆمپانیاكە و كردنەوەی هەژمارێك بۆ ٢٥٠ هەزار بەرمیلەكەی نەوتی هەرێم.

ئەو هەروەها رایگەیاند، هەرێم ئامادەیە هەژماری كۆتایی خۆی بخاتە بەردەم حكومەتی فیدراڵ، بەو مەرجەی پرۆسەكە تەنیا لەبەردەم پەرلەمانی كوردستان بێت.

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی