بۆ هێرشەكانی سەر سعودییە خاكی عێراق بەكارنەهێنراوە

عیراق

17/09/2019‌ 590 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: میدیاكان
وەرگێڕان‌و ئامادەكردن

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویكردەوە
مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا وتی: بە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیری عێراقی ڕاگەیاندووە، كە وڵاتەكەی زانیاری ئەوەی لەبەردەستدایە‌ دووپاتیدەكەنەوە هێرشەكانی سەر سعودییە لە عێراقەوە ئەنجام نەدراون.

نووسینگەی عەبدولمەهدیش لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، پۆمپیۆ ئەوەی دووپاتكردووەتەوە ئەو زانیارییانەی لەبەر دەستیان دایە، دەریدەخەن لە خاكی عێراقەوە ئەو هێرشە نەكراوەتەسەر سعودیە.

رۆژی شەممەی رابردوو بەموشەك هێرش كرایەوە سەر سعودییە، ئەوەش بۆ سەر چەند كێڵگە نەوتییەكی كۆمپانیای ئارامكۆی ئەو وڵاتەو كاردانەوەی گەورەش بەو هۆیەوە دروست بووە.

شەڕقلئەوسەت بڵاویكردەوە
دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، وڵاتەكەی یارمەتی هاوپەیمانەكانی دەدات لە بواری دابینكردنی وزەدا، ئەمەش دوای ئەو هێرشەی كرایە سەر دوو كارگەی ئارامكۆی سعودییە، كە واشنتۆن ئێرانی پێ تۆمەتبار كردووە.

تڕامپ لە تویتێكیدا نووسیوویەتی: پێوێستیان بە نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە، نەوت گوێزەرەوەیەكی كەمیشیان لەو ناوچەیە هەن، بەڵام یارمەتی هاوپەیمانەكانیان دەدەن.

ترامپ باسی لەوەش كردووە، كە ئامادەباشی تەواویان تێدایە بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێك، بەڵام دەبێت لێكۆڵینەوەكان تەواوبن و سعودییەش پێمان بڵێت كێ لە پشت ئەو هێرشانەوەیە.

تڕامپ ئەوەشی وت: ئەگەر پێویست بكات، بە ڕێژەیەكی دیاریكراو، ڕێگەی بە بەكارهێنانی نەوتی یەدەگی ستراتیژی وڵاتەكەی داوە، ئەمەش‌ دوای ئەوەی هێرشەكان بوونە هۆی كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی سعودیە.

ئاژانسی فورات نیوز بڵاویكردەوە 
حەسەن سالمی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح ڕایگەیاند، چەندەها واژووی پەرلەمانی كۆكراونەوە، تا بڕگەی وەدەرنانی هێزە ئەمریكییەكان لە عێراق بخرێتە ئەجێنداری كاری گفتوگۆكانی پەرلەمانی عێراقەوە.

لە ماوەی دانیشتنەكەی دووێنێشدا، پەرلەمان لە دانیشتنێكی ئاسایی خۆیدا، باسی لە پرسی وەدەرنانی هێزە ئەمریكییەكان نەكرد.

پێگەی ناس بڵاویكردەوە
هودا سەجادی پەرلەمانتار سێ پرسیاری پەرلەمانی ئاراستەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە، سەبارەت بە دەروازە سنورییەكان. داواشیكردووە ژمارە و ناوی دەروازە سنوورییەو ئاسمانییە فەرمی و نافەرمییەكانی پێ بدرێت، كە دەكەونە هەرێمی كوردستانەوە.

پەرلەمانتاری ناوبراو، داوای زانینی داهاتی ساڵانەی دەروازە سنورییەكانی هەرێمی كوردستانی كردووە، پرسیاری ئەوەشی كردووە ئاخۆ دامەزراندنی نووسینگەی پشكنەری گشتی لە دەستەی دەروازە سنوورییەكان چ بنەمایەكی یاسایی هەیە.

ئەمەش لە كاتێكدایە، حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای مۆڵەتی 6 مانگی كردووە بۆ ڕادەستكردنی دەروازە سنوورییەكانی ژێردەسە‌ڵاتی خۆی، دەستەی گشتی دەروازە سنورییەكانیش دەڵێت: هەرێمی كوردستان پابەند نییە بە یاساكانی پاڵپشتیكردنی بەرهەمە نیشتمانییەكان.

لەو بارەوە عەلائەدین قەیسی قسەكەر‌ی دەستەی دەروازە سنوورییەكان وتی: دوای سەردانی شاندێكی حكومەتی فیدڕاڵی بە سەرۆكایەتی فوئاد حسینی وەزیری دارایی بۆ هەرێمی كوردستان، بریار وابوو هەرێمی كوردستان ئەو دەروازانە ڕادەستی بەغدا بكات، بەڵام شاندەكە لەناكاو ئەوەیان زانی، كە هەرێمی كوردستان داوای مۆڵەتی 6 مانگ دەكات بۆ جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی ڕادەستكردنی ئەو دەروازە سنورییانە.

قەیسی وتیشی: بەغدا نازانێت داهاتی ئەو دەروازە سنورییانە چەندە  و چۆنیش وەردەگیرێن، كە هەرێم  7 دەروازی سنوری لەگەڵ ئیران و توركیا هەیە، بەڵام لە مامەڵەكانیدا كار بە فرمان و ڕێنماییەكانی  حكومەتی فیدڕاڵی ناكات، كە پشتیوانی لە بەرهەمی نیشتمانی دەكەن، بۆ نموونە حكومەتی فیدڕاڵی هاوردەكردنی بەرهەمی تەماتە و هێلكەی دەوڵەتانی دەوروبەری قەدەغە كردووە، بەڵام دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان پابەندی ئەو رێنماییە نین و بە هەزارەها تەن خۆراك لە ڕێگەی ئەو دەروازانەوە دێنە ناو عێراقەوە و ئەمەش زیانێكی زۆر بە ئابووری نیشتمانی دەگەیەنێت.