شاندێکى هەرێم بۆ گفتوگۆ لەسەر بودجەى ساڵى ٢٠٢٠ لە بەغدایە

عیراق

17/09/2019‌ 274 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

شاندێکى هەرێمى کوردستان بەسەرۆکایەتى وەزیرى دارایی حکومەتى هەرێم لەبەغدایەو لەبارەى چەند پرسێکى دارایی گفتوگۆ دەکەن.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتى دارایی حکومەتى هەرێم بە شارپرێسى راگەیاندوە ئەمڕۆ سێ شەممە شاندێکى حکومەتى هەرێم بەسەرۆکایەتى ئاوات شێج جەناب وەزیرى دارایی حکومەتى هەرێم سەردانى بەغدایان کردوەو ئەمرۆ لەگەڵ وەزیرى دارایی عێراق کۆدەبنەوە.

ئاماژەى بەوەشکرد، گفتوگۆکان لەبارەى بودجەى ساڵى ٢٠٢٠ و پشکى هەرێمە لەو بودجەیەدا تاکو بۆچوونەکانى هەرێم وەربگیرێن لەبودجە.

سەبارەت بە پرسى نەوت، سەرچاوەکە روونیکردەوە، کە پرسى نەوت بەشێک نابێت لە گفتوگۆى ئەم شاندە، بەڵام مافە داراییەکان و پشکى هەرێم گفتوگۆى لەبارەوە دەکرێت.

لەئێستادا وەزارەتى دارایی عێراق سەرقاڵى ئامادە کردنى بوودجەى ساڵى ٢٠٢٠ و بڕیارە مانگى داهاتوو ئەو بودجەیە رەوانەى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق بکات.

پەرلەمانتارانى کورد لەپەرلەمانى عێراق دەلێن، پشکى هەرێم لە بودجەى ساڵى ٢٠٢٠ دا مەترسى لەسەرە و ئەو مادانەى لە بودجەى ساڵى ٢٠١٩ دا جێگیر کراون پێناچێت بەهۆى رادەست نەکردنى نەوت ئەو مادانە جێگیر بکرێنەوە.

س.هـ

بەپەلە