ئایا پارتی دادوگەشەپـێدانی دەسەڵاتداری توركیا هەرەس دەهێنێت؟

جیهان

17/09/2019‌ 1496 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕۆژ بە ڕۆژ بازنەی مەترسییەكانی دەوری ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیاو سەرۆكی پارتی دادوگەشەپێدانی توركیا بەرتەسكتر دەبێتەوە، پێشبینییەكانیش لەو بارەوە چەند هۆكارێكی لەپشتن.

یەكێكیان گرتنەبەری سیاسەتێكی هەرێمی شكستخواردووە، خەونە ئیخوانییەكەی ئەردۆغان بەگۆڕینی ڕژێمی سوریا ئەنجامەكانی پێچەوانەبوونەوە، ئەو دۆخەش توركیای لە بەردەم ئەمریكا و ڕوسیا و سوریادا خستووەتە هەڵوێستێكی سەخت و دژوارەوە.

تەنگژە ئابوورییەكەی ئەنقەرە گرفتێكی دیكەیە، كە وڵاتی بەرەو سڕبوون‌و متبوون بردووە، كە بێكاری گەیشتووەتە ئاستێك بەكەس جڵەوگیر ناكرێت، ئەمەش ڕێخۆشكەرە بۆ سەرهەڵدانی پشێوویەكی كۆمەڵایەتی بەرفراوانتر لەنێو توێژە جۆراوجۆرەكانی كۆمەڵگادا.

لایەنە كاریگەرە ناوخۆی‌و نێودەوڵەتییەكانیش وای دەبینن، سیستەمە سەرۆكایەتییە ڕەهاكەی ئەردۆغان، كە‌ لە راپرسی 2017 وە دەستیپێكردووە، بە هۆی بەرزەفڕییە زێدەڕەووییەكانی ئەردۆغان و نالێوەشاوەیی و نەزانی كارگێڕێییەوە شكستیهێناوە.

سەرچاوەیەكی ئەوروپی ئاگاداریش بە ڕاشكاوی لەو بارەوە باسی لەوە كردووە، كە ئەردۆغان و تیمەكەی بەشێوەی جۆراوجۆر كارە ڕاست و ڕەوانەكەی هەموو دامەزراوەكانی دەوڵەتییان تێكداو،. لەم سیستەمەدا، خزمەتكار و بەزیووەكان دەخرێنە سەرووی هەڕەمەكەوە، چونكە لە 100% لاگیر و لادار و ملكەچن.

سەرچاوەكە وتیشی: هەمووان چاوەڕێی ڕۆیشتن و كۆتایی ئەردۆغان دەكەن، ئەوان ئێستا لە سەنگەردان و متمانەیان بە ڕژێمەكەی ئەردۆغان نەماوە، بۆیە گلان و كەوتنەكەی كارەساتبار دەبێت.

سەرباری دۆخی دژواری، هێشتا ئەردۆغان لە شوێنی خۆیەتی و وەك "نەبای دیبێ و نە باران"، هێشتا دوژمنەكانی دەوروبەری زیاتر لێی نزیك دەبنەوە، سوریشە لەسەر بەردەوامیدان بە هاوپەیمانییەتییە ئەهریمەنییەكانی لەگەڵ نەتەوەپەرستە توندڕەووەكان، لە هەمبەر ئۆپۆزسیۆنە عەلمانییە سەرەكییەكە و بزاوتە سیاسییە كوردییەكەشدا،  سیاسەتی "پەرتكە و زاڵبە" پەیڕەو دەكات.

لەئێستادا ئەردۆغان سەرقاڵی ستراتیژییە‌تێكی فرەچینە لە پێناو مانەوەدا، زۆر دڕندانە ڕەخنە لە پارتی دیموكراتی گەلانی كوردی دەگرێت، لە ڕێگەی " بە ئەهریمەنكردنی پارتە كوردییەك"ەوە، دیوارێكی لەبەردەم هەڵبژێرانی (ناخب) پارتی گەلی كۆماری دروستكردووە،

لە ئاستێكی دیكەشدا، سیاسەتی "گیسكەكەی هەیاس" پەیڕەو دەكات لەبەكارهێنانی ئاوارە سورییەكان وەك كارتێكی سازشكردن دژ بە یەكێتی ئەوروپا و ئەمریكا، بەوەی هەمیشە هەڕەشەی كردنەوەی دەروازەكان بە ڕووی ئاوارەكاندا بەرەو ئەوروپا دەكات، یان نیشتەجێكردنی ملیۆنێك ئاوارەی سوری لە ناوچە ئارامەكەی باكوور ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئەو بە تەواوەتیش دەزانێت، كە هێشتنەوەی هەستی دژایەتی ئاوارەكان لەسەر مێزی سیاسی توركیا، بنكە جەماوەرییەكەی دەپارێزێت.

هەموو ئەمانەی سەرەوە، ئەردۆغانیان شپرەزە كردووە، كە لە ڕواڵەتدا وا خۆی نیشان دەدات متمانەی بەخۆیەتی، ئەو لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا – بە تایبەتی لە ئەستەمبوڵ- دۆڕاو و هێزەكەی بەرەو چۆڕەبڕی (داهێزان) هەنگاو دەنێت، ئێستا بە بەرچاوی خۆییەوە حیزبەكەی بەرەو داڕوخان و هەرەسهینان دەچێت.

ئەوەی بەسەر پارتی دادوگەشەپیدان هات هۆكارەكەی خودی شێوازی بەڕێوەبردن و بڕیارەكانی ئەردۆغانە، ئێستا پیاوە گەورەكانی حیزبەكەی وەك جاران ئاگاداری هەموو شتێك نین، دیموكراسی و ئازادی و یەكسانی و دادپەرورەی، كۆڵەكە سەرەكییەكانی پارتی دادوگەشەپێدان بوون، ئێستا كەس لایان لێ ناكاتەوە. 

ڕاپرسییە تازەكان ‌ئاماژە بەوە دەدەن، بنكە جەماوەرییەكەی پارتی دادوگەشەپێدان بە ڕێژەی 30% دابەزیووە، ئەمەش یەكەم داكشانێكی لەم جۆرەیە لە ساڵی 2002 وە، كە پارتی داد و گەشەپێدانی تیادا دامەزراوە.

ئەوەی جێگەی دڵەڕاوكێی ئەردۆغانە ئەوەیە، ئەگەر دەستی لەجڵەوگیری پارتەكەی بەربێت، ڕۆژانی حوكمڕانییەكەی لە كەمی دەدات، لەو لاشەوە پەر‌تەوازەیی ناوخۆی حیزبەكەی لە هەڵكشاندایە و تووشی داخورانێكی بەهێز بووە.

دامەزرێنەرە سەرەكییەكانی پارتەكە ڕۆڵێكی گرنگ لەم بارەوە دەگێرن، عەبدوڵڵا گولی سەرۆكی پێشوو، لەگەڵ عەلی باباجانی وەزیری ئابوروی پێشوو، خەریكی دامەزراندنی پارتێكی میانەڕەوی لیبڕالین، كە بریارە لە دیسەمبەری داهاتوو ڕایبگەیەنن.

"بۆڵنت ئەرینج"، كە ڕۆژێك لە ڕۆژان كەسایەتییەكی بەهێز و بوێری پارتی دادوگەشەپێدان بوو، بە ئاشكرا پەیامی ئاڵینگاری بۆ ئەردۆغان دەنێرێت‌و بەرگری لە ئەحمەد تورك دەكات، كە بە ناڕەوا لە سەرۆكایەتی شارەوانییەكی كوردی لابراوە، هەروەها بەرگی لەسەركردەكانی پارتی گەلی كۆماریش دەكات و دژ بە ڕەووتە توندڕەوەكەی ئەردۆغان وەستاوەتەوە.

لەو لاشەوە ئەحمەد داود ئۆغلۆی سەرۆك وەزیری پێشوو، خەریكی بنكۆڵكردنی ئەردۆغان و پارتەكەیەتی و بە ئاشكرا وتارەكانی دژ بە ئەردۆغانن.

ئەردۆغان دەزانێت هەڵبژاردنی پێشوەخت چارەسەر نییە، پەرلەمانتارانی توركیاش لاگیری ئەو بژاردەیە نین و كاری بۆ ناكەن، ئەمەش یارمەتیدەری ئەردۆغانە، كە بە دوای هاوپەیمانی جێگرەوەی دیكەدا بگەڕێت.

لەوانەشە یەكێك لە شیمانەكان هەموو گەمەكە سەرەوژێر بكاتەوە، ئەمیش ئەوەیە داود ئۆغڵۆ و باباجان، باوەڕ بە  ژمارەیەكی كەمی پەرلەمانتارانی پارتی دادوگەشەپێدان بێنن، كە دەست لە فراكسیۆنەكەیان بكێشنەوە و گروپێكی تایبەت لەناو پەرلەماندا دروست بكەن ، لەوانەیە ئەم شیمانەیە زەوی ژێر پێی ئەردۆغان بلەرزێنێت، ئەو كات كەس نازانێت چی دەقەومێت و ئەردۆغانیش چی دەكات.
 
سەرباری ئەمانەی سەرەوە، تاكە خاڵێكی تەوەریی گرنگ هەیە، كە پارتی داد و گەشەپێدان بەرەو داڕووخان و هەرەسهێنانە، بە هەمان شێوە و شكڵی هەرەسهێنانی پارتی نیشتمان، كە تۆركۆت ئۆزال دایمەزراند.

سەرچاوە: ئەحوال توركیا
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر