لیستى برایەتى چیتر چاوەڕێ ناکات
٤٥ رۆژەکەى پارتى و یەکێتى بۆ دانانى پارێزگارى کەرکوک کۆتایی هات

کوردستان

17/09/2019‌ 1210 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
گفتوگۆکانى لیستى برایەتى لە ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک لەگەڵ پێکهاتەی عەرەب و تورکمان بەردەوامە بۆ رازیکردنیان بە کاندیدەکەى لیستى برایەتى.
ئەمڕۆ سێ شەممە ئەو ٤٥ رۆژە کۆتایی هات کە پارتى و یەکێتى لەسەرى رێککەوتبوون بۆ دانانى پارێزگارى کەرکوک، بەڵام تائێستا پارێزگار دانەنراوە بەهۆى ئاسایی نەبوونى پەیوەندى پارتى و یەکێتى لەسەر ئەو پرسەو رازى نەبوونى تورکمان و عەرەبەکان بەو گۆڕانکارییە.
بەپێى زانیارییەکانى شارپرێس پارتى دیموکراتى کوردستان لەئیستادا ئامادە نییە بەشدارى کۆبوونەوەى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک بکات بۆ دانانى پارێزگارى کەرکوک، چونکە یەکێتى کێشەى رێککەوتنى پارێزگاى هەڵەبجە دروست کردوە بەتایبەت کە زۆرى پۆستەکانى پارتى لەو پارێزگایە کردووەتە بیانوو بۆ بەشدارینەکردن لە دانانى پارێزگارى کەرکوک.
لەبارەى دواین گۆڕانکارییەکانى کۆبوونەوەى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک ئەحمەد عەسکەرى ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک لە لیستى برایەتى بە شارپرێسى راگەیاند" کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ پێکهاتەى عەرەب و تورکمانەکان بەردەوامە بۆ ئەوەى بێنە پێشەوەو بەشدارى کۆبوونەوەى ئەنجومەن بکەن بۆ دانانى پارێزگار، بەڵام تائێستا نەگەیشتووینەتە ئەنجام".
ئاماژەى بەوەشکرد، عەرەبەکان دەیانەوێت دۆخەکە وەک ئیستا بمینێتەوە کە پارێزگار بە وەکالەت لەوانن، تورکمانەکانیش داواى پارێزگار دەکەن، جەختیشیکردەوە تورکمانەکان دەبێت بەقەت پێگەی خۆیان بەشدار بن لە ئیدارەى کەرکوک نەک داواى پارێزگار بکەن.
سەبارەت بە بوونى کێشە لە نێوان پارتى و یەکێتى بۆ بەشداریکردنى پارتى لە کۆبوونەوەى ئەنجومەن رایگەیاند، پارتى بەشدارى کۆبوونەوە دەکات و هیچ کێشەیەک لەوبارەیەوە نییە.
لەبارەى ئەوەى ئەگەر لایەنە عەرەب و تورکمانەکان هەر رازى نەبوون بەشدارى کۆبوونەوەکە بکەن ئایا لیستى برایەتى کۆبوونەوەى ئەنجومەن دەکات یان نا عەسکەرى باسى لەوە کرد، لیستى برایەتى ٢/٣ ئەنجومەن پێکدەهێنێت و دەتوانێت خۆى پارێزگار دابنێت، بەڵام لیستى برایەتى پێیان باش بووە لایەنەکانیش بەشدارى بکەن.
هەروەها ئەحمەد عەسکەرى جەختیکردەوە، ئەگەر ئەوان هەر نەهاتن بەشدارى کۆبوونەوەى ئەنجومەن بکەن ئەوان لیستى برایەتى بەبێ ئەوانیش پارێزگار هەڵدەبژێرێت و چیتر چاوەڕوانى عەرەب و تورکمان ناکات.
بەپیى رێککەوتنى پارتى و یەکێتى پۆستى پارێزگارى کەرکوک پشکى یەکێتییەو تەیب جەبار بۆ ئەو پۆستە کاندید کراوە، بەڵام تائێستا پاریزگار دانەنراوە.
لەدواى رووداوەکانى ١٦ى ئۆکتۆبەر پۆستى پارێزگارى کەرکوک لە کورد سەنراوەتەوەو راکان جبورى لە پیکهاتەى عەرەب لە شوێنى دانراوە.

س.هـ