دابەزاندنی نرخەكانی "ئایفۆن".. ئایا ئەپڵ فێڵی لەكڕیارانی كردووە؟

جیهان

18/09/2019‌ 2749 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رۆژی سێشەممەی رابردوو كۆمپانیای ئەپڵ دواین مۆبایلی خۆی  " IPhone 11 " و نەوەی پێشكەوتووتر لەو "ئایفۆن١١ پرۆ" و "ئایفۆن ١١ پرۆ ماكس"ی رایگەیاند.

هەموو وەشانێكی نوێی ئایفۆن بەكۆمەڵێك تایبەتمەندی بەهێزترەوە دەردەچێت، كە بریتییە لە چیپێكی بەهێزتر  و كامێرای باشتر لەوەی پێش خۆی.

كۆمپانیای ئەپڵ ئایفۆن ١١ی بە ٧٠٠ دۆلار خستووەتەڕوو، كە ٣٠٠ دۆلار لە IPhone XS هەرزانترە، كە نرخەكەی دەگاتە ١٠٠٠ دۆلار .

لەراستیدا ، IPhone 11 جێگرەوەی IPhone XR، كە ساڵی رابردوو دەرچووە و بۆ كەسانی داهات مامناوەند بوو، كە ئەپڵ بە ٧٥٠ دۆلار خستییە بازاڕەوە، كەواتە جیاوازی نرخی IPhone 11 و IPhone XR تەنیا ٥٠ دۆلارە.

بەگوێرەی پێگەی "بیزنس ئینسایدەر" ئەوەی ئەپڵ كردوویەتی تەنیا فێڵێكی بەبازاڕكردنە و هیچی نەگۆڕیوە.

هەروەها پێگەكە رایگەیاندووە، كە وەشانی نوێی  IPhone Pro  نرخەكەی هەمان نرخی IPhone X (كە لەرووی تەكنیكییەوە هاوتان)، كە بریتییە لە هەزار دۆلار .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی