بەغدا مەرجی هەرێمی بۆ رادەستكردنی نەوت رەتكردووەتەوە

عیراق

18/09/2019‌ 6682 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەلیم هەمزە شوشكەیی پەرلەمانتاری كورد لە بەغدا دەڵێت: هەرێمی كوردستان بەپێی چەند مەرجێك رازی بووە ئەو بڕە نەوتە رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات، كە لە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٩ بڕیاری لەسەر دراوە، بەڵام بەغدا ئەو مەرجانەی رەتكردووە.

هەمزە لەلێدوانیكدا دەشڵێت: وتوێژەكانی بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆمار و محەمەد حەلبووسی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم ژمارەیەك دۆسییەی لەخۆگرتووە لەپێشەوەیان دۆسییەی نەوت و هاندانی هەرێم بۆ ئەوەی ئەو بڕە نەوتە رادەستی بەغدا بكەن كە رێكەوتنی لەسەر كراوە.

هەروەها وتی: حكومەتی هەرێم بەچەند مەرجێك رازی بەوە ئەو بڕە نەوتە رادەستی كۆمپانیای بەبازاركردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بكات .

ئەو وتیشی: "بەپێی ئەو زانیاریانەی لەبەردەستم كەوتووە  ئەو مەرجانەی هەرێم بەرانبەر رادەستكردنی نەوتەكەی دایناون لەلایەن بەغداوە رەتكراونەتەوە"، بەبێ‌ ئەوەی ئاماژە بەناوەڕۆكی مەرجەكەی بكات .

پەرەلەمانتارەكەی كۆمەڵی ئیسلامی دەڵێت: هەرێم و بەغدا  لە دانوستانەكانیان بەردەوام دەبن لەپێناو یەكلاییكردنەوەی دۆسییەی نەوت، چونكە ئەوە پاڵنەرێكە بۆ دەرچوونی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی .

دوو رۆژە شاندێكی عێراق بەسەرۆكایەتی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لەهەولێرو لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم كۆبوونەوە دەكات‌و ئامانجی كۆبوونەوەكەش گەیشتنە رێككەوتنە.

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی