دۆزینەوەی پارچە شوێنەوارێك بەڵگەیە لەسەر پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا لەكۆندا

جیهان

19/09/2019‌ 1679 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
زانا شوێنەوارناسەكان ئاشكرایانكرد، ئەو كەسانەی لەناوچەی شام و لەسەردەمی شارستانی "ئاشوولی" نزیكەی ٤٠٠٠ ساڵ پێش ئێستا ژیاون چەندین ئامێر و ئارازی ئەوتۆیان دروستكردووە، كە زۆر لەوە پێشكەوتووتر بوون، كە تائێستا ئێمە پێمان وایە.

پێگەی Phys.org بڵاویكردەوە، توێژەران بۆیان دەركەوتووە خەڵك لەو سەردەمەدا چەندین ئامێری كاری بچووك و گەورەیان درووستكردووە.

زانا شوێنەوارناسەكان لە زانكۆی "تەلئەبیب"ی ئیسرائیلی لەناوچەیەكی كشتوكاڵی كیبووتس چەندین تیغە بەردی دۆزیوەتەوە، كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی چاخی بەردینی یەكەم. 

هەروەها پێشتریش زانا شوێنەوارناسەكان لەو جێگایە پارچەی شوێنەواری جۆربەجۆریان دۆزیوەتەوە وەك تەور‌و ئێسك و پرووكی ئاژەڵی وەك فیل.

هەر لەو چوارچێوەیەدا لێكۆڵەران شیكردنەوەیان بۆ ٢٣٨ پارچە بەردەستێ (بەردە چەخماخە)یان دۆزیوەتەوە، كە مێژووەكەی بۆ ٣٠٠ -٥٠٠ هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە بۆ گەڕان بەدوای شوێنەواری داخورانی میكرۆسكۆبی و پاشماوەی ماددەی ئەندامی‌و نائەندامی، لەئەنجامدا دەركەوتووە ئەو پارچە شوێنەوارانە بۆ بڕین و پارچەپارچەكردنی گۆشت‌و دەرهێنانی مۆخی ئێسك بەكارهێنراوە.

بەگوێرەی قسەی زاناكان ئەو دۆزینەوانە ئەو گریمانەیە درووست دەكات، كە مرۆڤ لەو سەردەمەدا شارستانییەكی ژینگەیی ئەوتۆیان بنیادناوە، كە توانیویانە ماددە سرووشتییەكان بەشێوەیەكی لێزانانە بەكاربهێنن.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی