سەرژمێری گشتی دانیشتوان لەسەر مێزی گفتوگۆی هەولێر و بەغدایە

عیراق

19/09/2019‌ 597 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: میدیاكان
ئامادەكردن‌و وەرگێڕان: لوقمان حاجی قادر

مەدا پرێس بڵاویكردۆتەوە
هاوپەیمانی سائیرون ڕایگەیاند، 13 لەسەرۆك فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی عێراق هەڵگری دوو ڕەگەزنامەن.

فراكسیۆنەكە هەڕەشەی ئەوەشی كرد، كە لەم وەرزەی یاساكارییەی ئێستادا یاسایەك سەبارەت بەم پرسە پێشكەش دەكەن و ئەو سەرۆك فراكسیۆنانەش سەرپشك دەكەن لە نێوان دەستلەكاركێشانەوە، یان دەستهەڵگرتن لە ڕەگەزنانە بیانییەكانیان.

هەردوو هاوپەیمانی سائیرون و حیكمە خەریكی داڕشتنی ئەو پڕۆژەیاسایەن و لە كۆششی ئەوەشدان فراكسیۆنەكانی دیكە و پەرلەمانتارە بێلایەنەكان باوەڕپێبێنن، كە پشتیوانی لە پڕۆژه ‌یاساكەیان بكەن.

هاوكات فراكسیۆنی رایگەیاند، 11 وەزیر و ژمارەیەك سەرۆك فراكسیۆن و پەرلەمانتار خاوەنی دوو ڕەگەزنامەن، 80 پەرلەمانتاریش واژوویان بۆ پێشكەشكردنی ئەو پڕۆژەیاسایە كۆكردووەتەوە و ئاماژەیان بەوەش كردووە، كە دەستوری عێراق (ماددەی 18/چوارەم)  ڕێگە بەوە نادات ئەو جۆرە كەسانە پلە و پۆستی باڵای دەوڵەت بگرنەدەست.

لەلایەكی تر عقابی لەفراكسیۆنی سائیرون وتی: پێشتریش بیرۆكەی ئەو یاسایە هەبووە، بەڵام جیبەجێنەكراوە، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە، كە چەند فراكسیۆنێكی پەرلەمانی و پارتێكی سیاسی بە ئەنقەست ئەو بیرۆكەی ئەو پڕۆژەیاسایەیان فەرامۆشكردووە، چونكە زۆرینەی وەزیر و سەرۆك فراكسیۆنەكانیان هەڵگری ڕەگەزنامەی بیانین.

 عقابی وتیشی: 13 بۆ 14 سەرۆك فراكسیۆنی پەرلەمانی، هەڵگری ڕەگەزنامەی بیانین، ئیبراهیم جەعفەری وەزیری پێشووی عێراقیش ڕایگەیاندبوو، كە لە 66 باڵوێزی عێراق،  32 یان هەڵگری ڕەگەزنامەی بیانین.

شەفەق نیوز  بڵاویكردەوە
بڕیارە كۆبوونەوەیەك لە نێوان بەرپرسانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵیدا ئەنجام بدرێت بۆ قسەكردن لەسەر ئەنجامدانی ئامارێكی گشتی دانیشتوان.

لەو بارەوە سیروان محەمەدی سەرۆكی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستانیش وتی: تەرخانكردنی بودجەیەكی دیاریكراو بۆ ئەو ئامارە یەكێكە لە بەربەستەكانی بەردەم ئەنجامدانی.

سەرۆكی دەستەی ناوبراو وتیشی: شاندێكی حكومەتی عێراق بۆ ئەم مەبەستە سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن و لەگەڵ دەستەكەیان كۆدەبنەوە.

هەروەها وتی: بەم زووانە بەربەستەكانی بەردەم ئەم پرسە چارەسەر دەكەن و چەند لێژنەیەكی لاوەكی پێكدێنن، وەك ڕێخۆشكەرێك بۆ ئەنجامدانی ئامارە گشتییەكە.

مەوازین نیوز بڵاویكردەوە
وا بریارە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە ماوەی چەند كاتژمێری ڕابردوودا بە سەردانێكی فەرمی بگاتە پەكینی پایتەختی وڵاتی چین.

سەرچاوەیەك ئاماژەی بەوەدا، كە شاندێك لە گەورە بەرپرسانی حكومەتی عێراق یاوەری سەرۆك وەزیران دەكەن، كە 16 پارێزگار و 9 وەزیرن.

عەرەبی جەدید بڵاویكردەوە
ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست لەسەر زاری چەند بەرپرسێكی ئاگادارەوە بڵاویكردەوە، كە لە ناو پنتاگۆن مشتومڕی ئەوە لە ئارادایە وەڵامێكی سنورداری ئێران بدرێتەوە لە بەرانبەر ئەو هێرشانەی كرانەسەر دوو دامەزراوەی ئارامكۆی سعودیە، چونكە چەند بەرپرسێكی ئەمریكی پەنجەی تۆمەت لەم پرسەدا بۆ تاران ڕادەكێشن.

ڕۆژنامەكە لە ڕاپۆرتێكیدا ئەوەشی بڵاوكردەوە، كە ماڕك ئیسبری وەزیری بەرگری لە كۆشكی سپی، چاوی بە دۆناڵد تڕەمپی سەرۆكی ئەمریكا و بەرپرسانی ئاژانسەكانی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا كەوتووە.

پێشتریش ئیسبێر دووشەممەی ڕابردوو لە تویتێكدا رایگەیاندبوو، كە پنتاگۆن بە هاوكاری هاوبەشەكانی كار لەسەر ئەوە دەكات وەڵامی ئەو هێرشەی ئێران بداتەوە، ‌كە هەڕەشە لە سیستەمی جیهانی ئێستا دەكات.