سپی یان بۆر.. كام جۆر شەكرەیان باشترەو زیانەكانیان كامانەن؟

تەندروستی

21/09/2019‌ 956 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شەكر سەر بە پۆلی ئەو خواردنانەیە، كە بە ماددە كاربۆهیدرایتییەكان ناسراون‌و سەرچاوەیەكی سەرەكی وزەیە بۆ جەستە.

لەگەڵ ئەوەی شەكر چەندین رەنگ و شإوەی جۆراوجۆری هەیە، بەڵام بە هەردوو رەنگی سپی و قاوەیی ناوبانگی دەركردووە، بەڵام جیاوازی لەنێوان ئەو دوو رەنگە چییە و دەكرێت شەكری قاوەیی جێگری شەكری سپی بێت .

جیاوازی نێوان شەكری سپی و قاوەیی:
شەكری سپی لەدوای پرۆسەی دەستكاریكردنی شەكری قاوەیی‌و لابردنی دۆشاوی شەكرەكە رەنگ‌و بۆنەكەی لادەبرێت دەگۆڕدرێت بۆ ئەو جۆرە شەكرە.

هەرچی شەكری قاوەییە نزیكەی ٥% بۆ ١٠% دۆشاوی شەكرەكەی تێدا دەمێنێتەوە، بۆیە رەنگەكەی تاراددەیەك بەقاوەیی دەنوێنێت، بەڵام لەڕووی بەهای خۆراكییەوە هیچ جیاوازییەك لەنێوانیاندا نییە، بڕی ریشاڵ و ئەو ماددە خۆراكیانەی لەشەكری قاوەییدا دەمێننەوە زۆر كەمن.

بەگوێرەی وەزارەتی كشتوكاڵی ئەمەریكی ، لەهەر ١٠٠ گرام لە شەكری قاوەیی ٣٧٠ گەرمۆكە (كالۆری ) تێدایە و هیچ چەوری و پرۆتینێكی تێدا نییە.

ئەم جۆرە شەكرە كالیسیۆم و ئاسن و مەگنیسیۆمی زۆر بەكەمی تێدایە.

زیانەكانی شەكر 
قەڵەوبوون، خواردنی ئەو ماددانەی شەكریان تێدایە دەبێتە هۆی كەڵەكەبوونی چەوری لە جەستەدا، هەروەك دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی هۆرمۆنی تێر، كە ناسراوە بە "لێپتین ".

تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە 
شەكر دەبێتە هۆی بەرەنگاربوونەوەی دەردانی ئەنسۆلین لەلایەن پەنكریاسەوە، كە بەرپرسە لە رێكخستنی ئاستی شەكر لە خوێندا.

كلۆربوونی ددانەكان 
ئەو بەكتریایەی لەناو دەمدایە بژێوی خۆی لەو شەكرە وەردەگرێت، دواتر بەكتریاكە ماددەی چەوری دەردەدات، كە هۆكارە بۆ لێكردنەوەی كانزاكانی ددان.

 تووشبوون بە خەڵەفان 
خواردنی شەكر دەبێتە هۆی لاوازبوونی یادەوەری و تووشبوون بە خەڵەفان.

نەخۆشییەكانی گورچیلە  
بەرزبوونەوەی ئاستی خوێن بەشێوەیەكی بەردەوام لەناو خوێندا دەبێتە هۆی وێرانبوونی بۆڕییە خوێنە وردەكانی گورچیلەكان .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی