شارپرێس:
سەرچاوە ئەمنییەكانی توركیا ئاشكرایانكرد، كە ئەنقەرە دەستی كردووە بە ناردنی پزیشك بۆ دوو هەرێمی باشووری ئەو وڵاتە و مۆڵەتی پزیشكانیشی هەڵوەشاندووەتەوە، ئەوەش وەك ئامادەكارییەك بۆ دەستێوەردانی سەربازی لە رۆژئاوای كوردستان .
بەقسەی ئەو سەرچاوە ئەمنییە توركیا بەرنامەی ئەوەی هەیە دوای دەستێوەردانی سەربازی تاكلایەنە، بنكەی سەربازی هەمیشەیی لە ناوچەی ئارام لە رۆژئاوای كوردستان دروست بكات .
ئاژانسی رۆیتەرز لەسەر زاری ئەو سەرچاوە ئەمنییە توركییە گواستوویەتییەوە،وەك ئامادەكارییەك بۆ هەر هێرشێكی سەربازی گریمانكراو، ئەنقەرە دەستی كردووە بە گواستنەوەی پزیشكانی شارە گەورەكان بۆ هەردوو هەرێمی ئورفە و ماردینی باكووری كوردستان، جگە لەوەی مۆڵەتی پزیشكانیش هەڵوەشاوەتەوە.
بەقسەی سەرچاوەكەی رۆیتەرز ئەردۆغان بەروونی لەبارەی نیگەرانییەكانی توركیا بەهۆی بوونی پارتی یەكێتی دیموكرات و یەكینەكانی پاراستنی گەل لەسەر سنووری توركیا قسەی كردووە و هەڕەشەی ئەوەی كردووە، كە ئەگەر تا ناوەراستی مانگی سێپتەمبەر داوكارییەكانی توركیا جێبەجێنەكرێن ئەوە ئەگەری پرۆسەیەكی سەربازی بۆسەر ناوچەكە لەئارادایە .
پێشبینی دەكرێت ئەم هەفتەیە رەجەب تەیب ئەردۆغان پلانەكانی دروستكردنی ناوچەی ئارام بەدرێژایی ٤٥٠ كیلۆمەتر، كە لە رۆژهەڵاتی فوراتەوە تا سنووری عێراق درێژ ببێتەوە لەگەڵ دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكا باس بكات .
ئەمریكاو توركیا مانگی هەشتی رابردوو لەسەر دروستكردنی ناوچەی ئارام رێككەوتن، كە ئێستا ئەنقەرە بەجێبەجێكردنی هەنگاوەكانی رێككەوتنەكە ناڕازییەو بە بەردەوامی هەڕەشەی هێرشكردنە سەر رۆژئاوای كوردستان دەكات.
ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
