ئەمریکا کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگرو 10 هەزار سەرباز بۆ ناوچەی کەنداو دەنێرێت

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 334 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پنتاگۆن کەشتیی فڕۆکەهەڵگری سێیەم و چەند کەشتییەکی هەڵگری سەربازانی پیادەی دەریایی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەنێرێت، کە ژمارەی هێزە ئەمریکییەکان لە ناوچەکە بە نێوان 9 هەزار تا 10 هەزار سەرباز زیاد دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتی "وۆڵ ستریت جۆرنال"، ئەم هێزانە و کەشتی و فڕۆکەکانە تا کۆتایی نۆڤەمبەر دەگەنە ناوچەکە.

کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "یو ئێس‌ ئێس تێدۆر ڕۆزڤێڵت" ڕۆژی یەکشەممە لە سان دیێگۆ بەڕێکەوتووە، هەروەک گرووپی کەشتییە ئامادەکانی "یو ئێس ‌ئێس مەکین ئایلاند" کە سێ کەشتیی وشکاوی هەیە و سەربازانی یەکەی دیدەوانیی 13ی پیادەی دەریایی هەڵدەگرێت.

ئێستا دوو کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "یو ئێس ‌ئێس جۆرج ئێچ دەبلیو بوش" و "یو ئێس ئێس جۆرج واشنتۆن" لە ناوچەکەدان. ئەگەر "ڕۆزڤێڵت" لەگەڵیان بمێنێتەوە، ژمارەی گرووپە هێرشبەرەکان بۆ سێ گرووپ زیاد دەبێت.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، نزیکەی 50 هەزار سەربازی ئەمریکی لە ناوچەکە هەن. ئەم بەهێزکردنەوەیە دوای ئەوە هاتووە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پێشنیاری نوێی ئێران ڕەتکردۆتەوە و وتوویەتی ئەگەر ڕێککەوتنێک نەبێت، لە دوای هەڵبژاردنی نیوەی خولیی ئەمریکا لەوانەیە هێرشەکان بۆ سەر ئێران دەستپێبکاتەوە.

ئەمریکا هەروەک نزیکەی 20 کەشتیی جەنگی لە ناوچەکە ڕاگرتووە بۆ جێبەجێکردنی گەمارۆ و یارمەتیدان بە هاوڕێیەتی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی