ئەبو ئالا وەلائی له‌باره‌ى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ په‌یامێكى بڵاوكرده‌وه‌

کوردستان

57 خولەک پێش ئێستا‌ 4573 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی فەرمیی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان لەوڵاتدا، ئەبو ئالا وەلائی ئەمینداری گشتیی کەتائیبی سەیدولشوهەدا لەڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا پیرۆزبایی بەدەستهێنانەوەی سەروەریی تەواوەتی عێراق دەکات؛ ناوبراو پەیامێکی گرنگی دڵنیایی ئاڕاستەی هەرێمی کوردستان دەکات‌و ڕایدەگەیەنێت، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا نابێت ببێتە هۆی نیگەرانی‌و ترس لای لایەنە کوردییەکان، چونکە پاراستنی ئاسایشی هەرێم ئەرکێکی نیشتمانیی سەرجەم عێراقییەکانە.


گرژیی‌و پێشهاتەکانی قۆناغی دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق بەردەوامیی هەیە؛ لەنوێترین هەڵوێستدا، ئەبو ئالا وەلائی ئەمینداری گشتیی گروپی چەکداریی سەیدولشوهەدا، درەنگانی شەوی ڕابردوو ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی بڵاوکردەوە، وەلائی لەدەستپێکی پەیامەکەیدا پیرۆزبایی ئەم قۆناغە نوێیەی لەمەرجەعییەتی باڵا (عەلی سیستانی)‌و بنەماڵەی شەهیدان‌و گەلی عێراق‌و هێزەکانی بەرگریی (به‌ره‌ى موقاوەمە) کردو وەک "دەستکەوت‌و سەرکەوتنێکی مەزن لەپێناو سەربەخۆیی‌و سەروەریی ڕەهای عێراقدا وەسفیکردوه‌.

ئەمینداری گشتیی سەیدولشوهەدا لەڕاگەیەندراوەکەیدا ناوەڕۆکی هەڵوێستەکانی لەسەر دوو خاڵی سەرەکی‌و بنەڕەتی چڕکردوه‌ته‌وه‌، یەکەمیان شکستی ڕەهای ئەمریکا لەعێراقه‌، بۆ ئه‌وه‌ش ئاماژەی بەوەداوه‌، "دانپێدانی فەرمیی دەسەڵاتدارانی ئەمریکا بەقەبارەی زیانە گیانییەکانیان لەعێراق‌و وەسفکردنی بونی خۆیان لەم خاکەدا بەزۆنگاوو دۆزەخ، بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە لەسەر کاریگەریی، هێزو وردیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی به‌ره‌ى موقاوه‌مه‌، ئەم ڕاستییەش پێچەوانەی تەواوی ئەو دەنگ‌و لێدوانانەیە کە پێشتر هەوڵیان دەدا بایەخی گروپه‌ چەکدارە ناوخۆییەکان کەمبکەنەوەو سوکایەتی بەتواناکانیان بکەن".

دوه‌میش پەیامی تایبەت‌و دڵنیایی بۆ هەرێمی کوردستان ناردوه‌و لەبەشێکی دیكه‌ى ڕاگەیەندراوەکەیدا، وەلائی پەیامێکی ڕاستەوخۆی ئاڕاستەی سەرکردایەتی‌و خەڵکی هەرێمی کوردستان کردوه‌و نوسیویه‌تى، "تەواوی براکانمان لەهەرێمی کوردستان دڵنیادەکەینەوە، ئاسایش‌و سەقامگیریی هەرێم بەشێکی دانەبڕاوە لەئاسایشی گشتیی عێراق، هەرجۆرە هەڕەشەیەک کە ڕوبەڕوی هەرێم ببێتەوە، وەک هەڕەشە بۆ سەر تەواوی پێکهاتەکانی عێراق تەماشا دەکرێت‌و پاراستنی بەئەرکێکی نیشتمانیی هاوبەش دەزانین".

ئەبو ئالا وەلائی لەکۆتایی پەیامەکەیدا جەختیکردوه‌ته‌وه‌، "کشانەوەی دوایین کاروانی هێزەکانی ئەمریکا بەهیچ شێوەیەک نابێت ببێتە مایەی دڵەڕاوکێ‌و ترس لای برا کوردەکان، بەڵکو پێویستە وەک وێستگەیەکی مێژویی سەیربکرێت بۆ سەلماندنی توانای ڕاستەقینەی خودی عێراقییەکان لەپێناو پاراستنی خاک، نیشتمان، یەکپارچەیی‌و سەروەریی نیشتمانەکەیان بەبێ پشتبەستن بەهێزە دەرەکییەکان".