له‌فێرفۆردى به‌ریتانیا چى ڕویدا؟ پێنج بەریتانی به‌سێ ئۆتۆمبێله‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌رن‌و گومان له‌ئێران ده‌كرێت

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2356 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەکاتژمێرەکانی درەنگی شەوی 27ی ئەیلولی ئه‌مساڵدا، هێزەکانی پۆلیسی دژەتیرۆری بەریتانیا لەنزیک دەروازەی سەرەکی بنکەی ئاسمانیی شاهانەیی (فێرفۆرد ـ RAF Fairford) لەناوچەی گلۆستێرشێر، گومانیان لەسێ ئۆتۆمبێلی جیاواز کرد کە بەشێوەیەکی نائاسایی لەدەوروبەری بنکەکە دەسوڕانەوە، پۆلیس دەستبەجێ ئۆتۆمبێلەکانی گەمارۆداو پێنج هاوڵاتیی بەریتانی لەناویدا دەستبەسەرکرد.


دواتر پشکنینی ورد بۆ ئۆتۆمبێلەکان کران، هەرچەندە پۆلیس ڕایگەیاند، هیچ جۆرە تەقەمەنی یان چەکێکی ئامادە بۆ بەکارهێنانی تێدانەبوە، بەڵام دۆزینەوەی ئامێری پێشکەوتوی وێنەگرتن، نەخشەی جوڵەی فڕۆکەکان‌و ئامێری په‌یوەندیی تایبەت، گومانەکانی گۆڕیی بۆ پڕۆسەیەکی (سیخوڕیی‌و کۆکردنەوەی زانیاریی هەستیار).

لەبنکەی فێرفۆرد، دەزگا ئەمنییەکانی بەریتانیا بەدوای سەرەداوێکی ئەمنیدا دەگەڕێن کە درێژدەبێتەوە بەرەو تاران؛ ئاندی بێرنهام سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا جەختیکردەوە، "نیشانەی زۆر بەهێز" لەسەر هەبونی ڕۆڵی ئێران لەم ڕوداوەدا لەئارادایە.

دوای دەستبەسەرکردنی ئەو پێنج كه‌سه‌ لەنزیک بنکە سەربازییەکە لەڕۆژی 27ی ئەیلولدا، پڕۆسەی لێکۆڵینەوەکە چوەتە قۆناغێکی زۆر هەستیارترەوە، لێکۆڵەران له‌وباره‌یه‌وه‌ سه‌رقاڵى پشکنینی وردی په‌یوەندییە تەلەفۆنییەکان‌و هاتوچۆی دوکەس لەوانن‌و له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ بەدوای نێوەندگیرێکی چاوەڕوانکراودا دەگەڕێن کە زانیارییەکانی تایبەت بەبنکەکە، جوڵەو خاڵەکانی گەیشتنی گواستبێتەوە.

تائێستاش دەسەڵاتداران جەختدەکەنەوە، دەرگای لێکۆڵینەوەکە کراوەیە، لەکاتێکدا هێشتا هیچ جۆرە تەقەمەنییەکی شیاو بۆ بەکارهێنان لەناو ئۆتۆمبێلەکاندا نەدۆزراوەتەوە، به‌ڵام گرنگیی بنکەی (فێرفۆرد) قورسایی‌و هەستیاریی ئەم پرسه‌ دوو هێندە دەکات؛ چونکە ئەمساڵ ئەم بنکەیە لەپڕۆسە سەربازییەکانی ئەمریکادا لەدژی ئامانج‌و بنکەکانی ئێران بەکارهێنراوە.

لەندەن له‌ئێستادا خەریکی پێداچونەوەی بژاردەکانیەتی، له‌وانه‌ش، سەپاندنی سزا، ڕاودونان‌و توندکردنی بەربەستەکان بەسەر هەر کەسێکدا کە بسەلمێنرێت بەڕێنوێنیی دەرەکی کاریکردوە، هه‌روه‌ها بەریتانیا لەئێستادا تاووتوێی خستنەگەڕی "یاسای هەڕەشەی دەوڵەتان"و سەپاندنی سزای نوێ دەکات کە تۆڕەکانی سوپای پاسداران بگرێتەوە.

شارەزایانیش له‌وباره‌یه‌وه‌ پێیانوایە، تاران پشت بەبریکارە ناوخۆییەکانی دەبەستێت کە چوارچێوەیەکی فەرمییان نییە تا پرۆسەی شوێنپێهەڵگرتنیان قورس بێت، بەڵام لێکۆڵینەوە بەردەوامەکان هەوڵدەدەن بگەنە سەرجەم ئەڵقەکانی زنجیرەی دابینکردنی دارایی‌و فەرمانەکان بەتەواوی.

پڕۆسەی لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەم پێنج بەریتانییە چوەته‌ قۆناغێکی مەترسیدارەوە کاتێک تیمی تەکنیکیی پۆلیس پشکنینی بۆ مۆبایل‌و کۆمپیوتەری دوو کەس لەدەستبەسەرکراوەکان کرد، لێکۆڵەران گەیشتنە سەرەداوو په‌یوەندیی ئەلیکترۆنیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ نێوەندگیرێک لەدەرەوەی وڵات کە گومانی قورس هەیە سەر بەتۆڕەکانی دابینکردنی دارایی سوپای پاسدارانی ئێران بێت.

ئەرکی ئەم پێنج بەریتانییە ئەوەبوە کە وەک "سیخوڕی سێبەر یان بریکاری ناوخۆیی بێ ناسنامە" زانیاریی ورد لەسەر جوڵه‌كانى فڕین‌و نیشتنەوەی فڕۆکە جەنگییەکان‌و هاتوچۆی ناو بنکەکە کۆبکەنەوەو لەبەرامبەردا داراییان پێبگات، ئەمەش وایکردوه‌، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، بەفەرمی ڕایبگەیەنێت، "نیشانەی زۆر بەهێز لەسەر دەستوەردانی ئێران لەئارادایە".

بۆچی بنکەی "فێرفۆرد" هێندە گرنگ‌و هەستیارە؟ بنکەی فێرفۆرد تەنها بنکەیەکی ئاسمانیی سادەی بەریتانیا نییە، بەڵکو پێگەیەکی یەکجار ستراتیژییە کە هێزی ئاسمانیی ئەمریکا (USAF) بە شێوەیەکی فراوان بەکاریدەهێنێت بۆ جێگیرکردنی فڕۆکە بۆردومانکەرە قورسە دورمەوداکانی وەک (B-52 Stratofortress).

گرنگیی سەرەکیی بابەتەکەش لەوەدایە کە هەر لەمساڵدا، ئەمریکا فڕۆکە جەنگی‌و بۆردومانکەرەکانی، ئەم بنکەیەی بەکارهێناوە بۆ وەشاندنی چەندین هێرشی ئاسمانیی توند لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دژی بنکەو ئامانجەکانی سەر بەسوپای پاسدارانی ئێران‌و هێزە چەکدارەکانی هاوپەیمانی؛ وه‌كو میدیاى به‌ریتانیش ده‌ڵێت، هەربۆیە تاران لەڕێگەی ئەم بریکارە ناوخۆییانەوە ویستویەتی چاودێریی جموجوڵەکانی ناو ئەم بنکە مەترسیدارە بکات.

ئەم بنکە ئاسمانییە گرنگە دەکەوێتە ناوچەی (گلۆستێرشێر ـ Gloucestershire) لەباشوری ڕۆژئاوای ئینگلتەرا، نزیکەی 145 کیلۆمەتر لەڕۆژئاوای شاری لەندەنی پایتەختەوە دورە، هەرچەندە بنکەکە خاوەندارێتییەکەی بۆ هێزی ئاسمانیی شاهانەی بەریتانیا دەگەڕێتەوە، بەڵام به‌گوێره‌ى ڕێککەوتننامە سەربازییەکان، لەلایەن هێزی ئاسمانیی ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکاوە (USAF) وەک پێگەیەکی پێشەنگ بۆ جێگیرکردنی بۆردومانکەرە ستراتیژییە قورس‌و دورمەوداکان بەکاردەهێنرێت، هه‌ربۆیه‌ ڕوداوی دەستبەسەرکردنی ئەو پێنج هاوڵاتییە بەریتانییە لەناو خاکی بەریتانیادا بوە کە ئەوەش مەترسی‌و هەستیاریی دۆسیەکەی لەلایەن دژەتیرۆری ئەو وڵاتەوە چەند هێندە کردوە.