گرژییەكانی پارتی‌و یەكێتی كۆبوونەوەی لایەنەكان دوادەخات

کوردستان

21/09/2019‌ 970 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
گرژییەكانی نێوان پارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتمانی كۆبوونەوەی لایەنەكانی هەرێمی كوردستانی بۆ هەفتەی داهاتوو دواخست.

كۆبوونەوەكە بڕیاربوو ئەمڕۆ شەممە ئەنجامبدرێت، بەڵام بۆ هەفتەی داهاتوو دواخراوە، كە كۆبوونەوەكە سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق دەبێت.

لەو خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی وتی: هەفتەی داهاتوو، لایەنە سیاسییەكان كۆبوونەوەیەكی هاوبەش دەكەن، ڕوونیشی كردەوە كۆبوونەوەكە لەسەر پرسی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق دەبێت.

لایەنە سیاسییەكان لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، لە هەوڵدان بە یەك لیست بەشداریی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بكەن و لەگەڵ پێكهاتەكانی دیكە بچنە كێبڕكێوە، تا بتوانن كورسیی زیاتر بەدەست بێنن. 

بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی جەخت لەوە دەكاتەوە، یەكلیستی زۆر گرینگە و چەندە كورد لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم یەكگرتوو بن، ئەوا دەستكەوتی زیاتر بەدەست دێنن.

وەك ئەو بەرپرسە باسی كرد، وا بڕیارە لە هەر لایەنە و ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی بەشداری كۆبووەنەوەی لایەنە سیاسییەكان بێت، كە لەسەر كۆی پرسەكان دەبێت و، پرسی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق تەوەری سەرەكی دەبێت.

گرژییەكانی پارتی‌و یەكێتی بەهۆی رێگری لەمەحمود سەنگاوی بۆ چوونی بۆ هەولێر لەهەفتەی رابردوو سەریهەڵداوەو تائێستاش گرژییەكانی نێوان هەردوو حیزب بەردەوامە.

هـ ـ ح