روسیاو بزوتنەوەی تاڵیبانی ئەفغانستان لەیەك سەنگەردا

جیهان

22/09/2019‌ 1303 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەو ناونیشانەی سەرەوە، گۆڤاری (نیزافیسیمایا غازیتا) راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە، دەربارەی هاتنی نمایندەكانی بزووتنەوەی تاڵیبان بۆ مۆسكۆ لە پێناو هاوكاریكردنی دیبلۆماسی، یان ناچاركردنی ئەمریكا و گەڕانەوەی بۆ سەر مێزی دانوستان.

بەپێی راپۆرتەكە، روسیاو بزووتنەوەی تاڵیبان لە شوێنی لە یەك چووەوە تەماشای شكستهێنانی دانوستانەكان دەكەن لە قەتەر، جارێكی تریش ئەمە دەردەكەوێتەوە، لەگەڵ سەردانیكردنی چەكدارەكان بۆ مۆسكۆ، ئەمەش دوای هەفتەیەك دێت لەوەی سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترامپ كۆتایی گفتوگۆی نێوان ئەمریكا و گروپێكی هەڵگەڕاوەی راگەیاند لەقەتەر. 

هەر بەپێی راپۆرتەكە، رۆژئاوا بە دووری نازانێت گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ مۆسكۆ نیازی بزووتنەوەكە دەربخات بۆ یاریكردن لە نێو دژیەكییەكانی نێوان روسیا و ئەمریكا.

هاوكات رۆژنامەی وول ستریت جۆرنال بڕوای وایە هاتنی تاڵیبان بۆ مۆسكۆ بەمەبەستی دەستپێكردنەوەی دانوستانەكانە لەگەڵ ئەمریكا، بەڵام روون نییە ئایا پەیوەندییەكانیان لەگەڵ روسیا وەك ئامرازێكە بۆ ناچاركردن، یان داوای یارمەتییە لە مۆسكۆ بە شێوەیەكی راستەوخۆ.

لە ساڵی رابردوودا، نوێنەرانی تاڵیبان لە سێ گەڕی گفتوگۆی ئاستبەرزدا بەشداربوون لەسەر خاكی روسیا، ئەوەی جێگای سەرەنج بوو بە شێوەیەكی تایبەتی كۆبوونەوەكەی مانگی فیبرایەر بوو، كاتێ تاڵیبان لەگەڵ سەرۆكی پێشووی ئەفغانستان حامد كارزای و سیاسییەكانی تردا قسەیان كرد. 

كابول بە شێوەیەكی فەرمی بەشداری نەكرد، ئەمەش گومانی دروست كرد لەسەر پێویستی ئەم جۆرە كۆبوونەوانە.

تا ئێرە، دیبلۆماسییەتی ئەمریكی دان بە نرخی مۆكسۆدا دەنێت وەك نێوەندگیرێك، بەهۆی دانوستانەكان لەگەڵ تاڵیبان لە قەتەر، نوێنەری تایبەتی ئەمریكا زاڵمای خەلیل زاد بۆ ئەفغانستان، كە تا ئێستاش لە پۆستەكەیدا ماوەتەوە دوو جار سەردانی مۆسكۆی كرد بۆ ڕاگۆرینەوە لەگەڵ بەرپرسە روسەكان. 

ئەوان دەیانویست شاندی روسیا و چین لە ئاهەنگی واژوو كردنی رێككەوتنی نێوان تاڵیبان و ئەمریكا ئامادەبن، ئەو كات دانوستانەكان بەردەوام بوون.

لەم بارەیەوە، نوێنەری فەرمی وەزارەتی دەرەوەی روسیا (ماریا زاخاروفا) رایگەیاند، مۆسكۆ ئامادەیی تێدایە ببێتە زامن، یاخود گەواهیدەر لە واژووكردنی رێككەوتنەكەدا.

بەڵام ئێستا، دوای سڕكردنی دانوستانەكانی نێوان ئەمریكا و بزووتنەوەی تاڵیبان، بە نزیكەیی روسیا خۆی لەگەڵ بزووتنەوەیەكی هەڵگەڕاوەدا دەبینێتەوە.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا